#یەپەژە# لەسەر هێرشەکەی گوندی حەلینج کاردانەوەی نیشاندا و ڕایگەیاند: جارێکی دیکە بەڵێن دەدەینە ژنان و گەلەکەمان کە هیچ هێرشێک بەبێ وەڵام ناهێڵینەوە و دەڵێین کە کاتی تۆڵەکردنەوەیە.
ئەمڕۆ فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەت هێرش بۆسەر گوندی حەلینج-ی سەربە کۆبانێ کە سێ ژن تێدا شەهیدبوون، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا دوای بیرهێنانەوەی ژنانی شەهید و شەهیدانی یەپەژە، هاتووە: لە کەسایەتی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی کۆبانێ بەڵێنیمان لەگەڵ هەموو شەهیدانی شۆڕش نوێ دەکەینەوە کە خاوەنداری لە بیرەوەرییان بکەین و شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە پێشەنگایەتی ژنان پێشکەوتووە لە بەرامبەر هەموو هێرشێک بپارێزین.
لە بەردەوامیدا بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەئامانجکردنی ژنان و بەبیرهێنانەوەی تێکشکاندنی هێرشی چەتەکانی #داعش# هاتووە: دوژمن لە هێزی فیدایی ئێمە و لە هێزی ژنان دەترسێت و گەورەترین دڕندەییەکانی خۆی دژی ژنانی ئازادبوو ئەنجامدەدات.
لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دەستکەوتێکی گرانبەها کە بە خوێنی هەزارن شەهید دامەزراوە دەترسێت، چونکە باش دەزانێت شۆڕشی ڕۆژئاوا دەبێتە بنەمای شۆڕشی هەموو کوردستان و مرۆڤایەتی، بۆیە بە تەکنەلۆژیا هەرە پێشکەوتووەکانی هێرشی کردەسەر #عەفرین#، #سەرێکانی# و گرێسپی، ئەمەش نیشانەی لاوازبوونی دەوڵەتی تورکە، بە مانەوەی لە کوردستان خەونی بەرفراوانکردنی سنوورەکانی دروست دەکات، بەڵام باشیش دەزانێت تا تێکۆشانی ئازادی هەبێت، تا ژنی تێکۆشەر و شۆڕشگێر هەبێت، ئەو خەونەی بەدینایەت.
لە کۆتاییشدا هاتووە: وەک فەرماندەیی و #شەڕڤان#انی یەپەژە، جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین بە هەموو ژنان و گەلەکەمان لە بەردەوامی ڕێگەی شەهیدانمان هیچ هێرشێک بەبێ وەڵام ناهێڵینەوە و بە هەموو گەلەکەمان دەڵێین؛ کاتی تۆڵەکردنەوەیە، جارێکی دیکە هەموو شەهیدانی شۆڕش بە قەرزداری بەبیردێنینەوە و بەڵێنی هەمیشەیی کردنی شۆڕش بە هەموو مرۆڤایەتی دەدەین.[1]
#25-06-2020#