بانگەوازێک بۆ گشت کوردان
چیتر شاراوە نیە کە نیەتی دەوڵەتانی فاشیستی (تورکیا و ئێران)ی دژە کورد چیە، بۆردومانکردن و کۆمەڵکوژی و داگیرکاری گەلی کورد و خاکی کوردستان زۆر لەوە ڕوون و ئاشکراتر بووە کە شرۆڤە کردن و چەندوچونی بوێت. دوڵەتی فاشیستی تورک پێشەنگایەتی و گرەوی بردنەوە لەسەر لەناوبردن و سڕینەوەی تەواوی گەلی کوردی دەکات، دەیانەوێت لەهەر جێگەیەک کوردی لێ بێت، ئەوان لەوێ کاولکاری و جینۆسایدی گەورە ئەنجام بدەن و تۆڵەی خەلافەتی #داعش#ی هاوپەیمانیان بکەنەوە.
بەداخەوە ئەو بێدەنگییەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئاست کۆماری ڕق و کینە و پاکتاوی فاشیستانەی دەوڵەتی تورکیادا، ڕووی دزێوی هەموو سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جیهانی هەڵماڵیوە، کە تەنها بەرژەوەندی کەمینەیەکی خاوەن پشک بە هەند وەردەگرن، کە سەرمایەکانیان بەناو دەمارە فاشیستیەکانی حکومەتی ترس و تۆقاندنی ئاکەپە - مەهەپە دا ڕاگوزەر دەکەن و ئەردۆغانی منداڵکوژیش لەسەر لەپی دەستیان دەپارێزن.
لەهەمانکاتدا بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێم، واتای نەک هەر ڕازی بوونە بە لەدەستدانی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باشور بە فیڕۆچوونی خوێنی سەدان هەزار شەهیدی سیڤیل و پێشمەرگە و گەریلا و #شەڕڤان#، بەڵکو خۆی دەکات بە بەشێک لە دەزگای پاکتاوکردن و لەناوبردنی تەواوی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بەڕێوەبەرانی حکومەتی هەرێم لەماوەی ڕابردوو زۆر بێدەربەست و خەمسارد بوون بەرامبەر بە لەناوبردنی گەلی کورد لە باشور. دیارە ئەوان سەبارەت بە هەڵمەتی پاکتاوکردنی گەلی کورد و بەرامبەر بە هێرشی فاشیسانەی دەوڵەتی تورک و دەست تێکەڵکردنی میتی تورکی و سیخوڕانی ناو دەزگا ئەمنیەکانی باشوریش بێ باک و بێ هەڵوێستن و ڕەنگە هەندێکیان تەنانەت وەک چاوسورکردنەوەی خۆیان لە دەنگە گەنجەکانی ئازادی و دادپەروەری وێنای بکەن و خەون بە خەفەبوونی دەنگی کوردی ئازادەوە ببینن.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ژنان و پیاوان، گەنجان
لەهەر کوێیەکی ئەم جیهانە هەن ڕاچڵەکێن، بەدەنگ بێن، سەری خۆتان هەڵبڕن و ئەم داگیرکاری و بێ کەڕامەتکردنە بە خۆتان و نەوەکان وئایندەی نیشتمانتان قبوڵ مەکەن.
دەوڵەتی فاشیستی تورک گرەوی سەرکەوتنی لەسەر شکان و سوکایەتی بە ئێوە و سەرجەم گەلی کوردستان دەکات. هێرشی قڕکردنی دەستپێکردوە بۆ لەناو بردنی هەموو دەنگێکی ئازاد و ژیانێکی پڕکەرامەتی ئێوەو سەرجەم کوردان. دەوڵەتی فاشیی تورک هەرگیز نەیشاردووەتەوە کە دژی بونی کوردە، هەر کەس و لایەنێکی کوردیش بانگەوازی بۆ پێچەوانەی ئەوە بکات درۆزن و مونافیقن.
ئەمڕۆ ڕۆژی سەرهەڵدان و بەرخۆدانە، کاتی بەدەنگ هاتن و وەستانەوەیە بەڕووی داگیرکەران وسیخوڕان و هاوکارانی دەوڵەتانی فاشی تورکی و ئیرانی. ئێمە وەک بەڕێوبەرایەتی کۆمسیونەکانی باشوری کوردستان، لە کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی کورد - ئەوروپا داواتان لێدەکەین بەشداری چالاکی و ناڕەزایەتی و ئاکسۆنەکانەکانی کۆمسیونەکانبن لەهەرکوێیەکی ئەوروپا هەن، خۆتان ڕێکبخەن و یەکگرتوانە، با دەوڵەتی فاشی تورک بشکێنین.[1]
#26-06-2020#