ئەمڕۆ 2020/6/18 لە بارەگای مەکتەبی سیاسی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە #سلێمانی#، مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەی ئاسایی بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆکان ئەنجامداو تیایدا گفتوگۆی چڕ لەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عیراق کرا.
کۆبوونەوە ڕۆڵی باڵای پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو ئەوانەی لەو بوارە کاردەکەن بەرز نرخاند لەرووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە پێویستە حکومەتی هەرێم بەتەنگە ئەو گیانە بەرزە نیشتمانییەی خزمەتگوزارانی کەرتی تەندروستییەوە بێت لە دابینکردنی ماف و پێداویستی ئەم توێژە گرنگەی میللەتەکەمان کە لەهێلێ پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییەن و نەیانهێشت سیستمی تەندروستی هەرێم بروخێت. ئێمە وەک یەکێتی پشتیوانی تەواوی داوا ڕەواکانیان دەکەین، چونکە دابینکردنی ژیان و قوتی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێم ئەرکەو لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا ئەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستانی پیا تێپەڕ دەبێت و ئاڵانگارییەکانی بەردەمی تاوتوێ کران، جەخت کرایەوە لەسەر کۆبوونەوەی بەپەلەی لایەنە سیاسییەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختەی هەرێم پیا گوزەر ئەکات.
کۆبوونەوەکە بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، کە لەم دواییانەدا ئاڵۆزی زۆری بە خۆیەوە دیوەو بە ڕۆژی ڕووناک سنوری هەرێم دەبەزێنرێی و هاوڵاتیانی سیڤیل دەبنە قوربانی و دووچاری زەرەرو زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی دەبنەوە، بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئەو گوندانە ئاوارە بوون و بەرهەمی کشتوکاڵییان کە تەنها سەرچاوەی بژێوی ژیانیانە وێران بووە. بەهۆی هێرشی فڕۆکەو تۆپبارانی وڵاتانی دراوسێ. پێمان وایە چیتر ناکرێت حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بێ دەنگ بن لە ئاست ئەم هەموو پێشێلکارییەو داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی عیراق دەکەین بۆ پاراستنی سەروەری خاک و ئاسمانی عیراق هەنگاوی بەپەلە بنێت و ژیانی ئەو هاوڵاتیانە بپارێزێت.
#18-06-2020#