رژێمی ئێران لە سیاسەتی سێدارە بەردەوامە
رژێمی ئێران لە سیاسەتی دژەمرۆڤیی خۆی بەرامبەر گەلی کوردستان بەردەوامە. سەرەڕای کێشە و قەیرانە قووڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی، سەرەڕای بێدادی و نەداریی، سەرباری ئەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردۆتە سەربازگەیەکی گەورەو لە هەموو ڕوویەکەوە خەڵکی هەراسان کردووە. لەگەڵ ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان، بە تایبەتیش تورکیا، لە هاوکاریی جدیدایە بۆ هێرشکردنە سەر پارچەکانی تری کوردستانیش. زیندانەکانی لە خەڵکی ناڕازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیخناخ کردووە. سیاسەتی ئەشکەنجەدان و ترس و تۆقین، دژ بە هەموو پرەنسیپ و بەها مرۆییەکان پەیڕەو ئەکات. هیچ هەفتەیەک، ئەگەر نەڵێێن هیچ ڕۆژێک نییە ڕۆڵەیەکی گەلی ئێمە بە بیانووی جیاواز لە سیدارە نەدات. هەر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە نەگریسەیدا پێشمەرگەیەکی بەدیل گیراوی بە ناوی هیدایەت عەبدوڵلاپورلە سێدارە.
شەهید هیدایەت دوای ئەوەی دەستبەسەر ئەکرێت، ماوەی چەند مانگ ئەشکەنجە ئەدرێت. دواتر ئەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. لە مەحکەمەیەکی نادادپەروەردا بڕیاری لە سێدارەدانی ئەدرێت و جێبەجێ ئەکرێت. ئەو ڕژێمە هیچ پرەنسیپێکی لە بەرچاو نەگرت و تەنانەت نەیهێشت بەر لە سێدارەدانی، خانەوادەکەی چاویان پێی بکەوێت.
شەهید هیدایەت دیلی جەنگ بوو. ئەگەرچی جاڕنامەی مافی مرۆڤ کوشتنی دیل ڕەت ئەکاتەوە، بەڵام ڕژێمێک کە لەسەر بنەمای دژە ئازادی و دیموکراسی دامەزرابێ، چۆن گوێ بە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ ئەدات.
رژێمی ئێران ئیدی ئەبێ چاوێک بە ولاتانی ناوچەکەدا بگێڕێ. لەو ڕاستییە تێبگات کە چیدی ناتوانێ بە زەبروزەنگ و کوشتن و لەسێدارەدان، درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. ئەزمونەکانی ناوچەکە دەریانخست کە سیاسەت و حوکمدارییەکی لەو چەشنە، چ ئاکامێکی مەترسیدار بەدوای خۆیدا دێنێت.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە توندی لەسێدارەدانی شەهید هیدایەت شەرمەزار ئەکەین. سەرەخۆشی لە خانەوادەو هاوڕێیانی شەهید و خەڵکی کوردستان ئەکەین. لە کەسێتی ئەودا هەموو شەهیدانی کوردستان بەبیردێنینەوە و سەری ڕێز لەبەر دەم ڕۆحی تێکۆشەرانەیان دائەنەوێنین. دڵنیاشین کە ڕێگای گیانبەختکردووان بەچۆڵی نامێنێتەوەو پڕ ڕێبوار ئەبێت.
نەمریی بۆ شەهید هیدایەت عەبدولاپورو هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی
#26-06-2020#