با بارەگاکانمان دابخەین و بڕۆینەوە ماڵەوە !
دەرد و بەڵای جیهان شتێکە و ڕەفتار و سەرکێشی هەندێک دەوڵەتیش شتێکی تر، خەم و مەینەتی خەڵک و هاووڵاتی سەر ئەم زەمینە بۆ خۆی چیرۆکێکی پڕ ئازارە و چاوچنۆکی و بەدخویی دەسەڵاتدار و خەیاڵی هەندێک دەوڵەتیش بۆ داگیرکاریی چیرۆکێکی ترە، ئەوەتا لە کاتێکدا هەموو وڵاتانی جیهان سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ بنەبڕکردنی ئەم پەتاییەی کە بەرۆکی هەمووانی گرتوەتەوە و بەشوێن دۆزینەوەی میکانیزمی کەمکردنەوەی شوێنەوارەکانی ئەو لێکەوتە ئابووریانەن کە ئەو دۆخەی خوڵقاندووە و بەهۆیەوە تووشی نەهامەتی کردووین، کەچی دراوسێکانمان ئا لەم بارودۆخە مەترسیدار و پڕ لە مەرگەساتەشدا، لەجێبەجێکردنی خەونی داگیرکاریی و پیلان و بەرنامە سەربازیەکانیان ناکەون..
کۆرۆنا وای لەووڵاتانی دنیا کرد کە واز لە شەڕ و ناکۆکی و کۆنەقینی نێوانیان بێنن، ئەو پەتا جیهانیە وایکرد کە دانیشتوانی جیهان فرمێسک بۆ مردووی یەک بڕێژن لەڕێی تەکنۆلۆجیاوە بەشداری لە خۆشی و ناخۆشی یەکتردا بکەن، لە هەوڵی پاراستنی هاوڵاتیانی خۆیان و وڵاتانی دراوسێیاندابن و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی زانستی و پزیشکی بکەن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو ئازار و بەڵا جیهانییەدا..
کەچی لە#کوردستان#ی بریندار بەدەیان زامی هەمەجۆر، لەو سەرزەمینەی کە نەتەوەیەک باجی جوگرافیا و مێژوو دەدا، ئا لەم سەردەمە پڕ لەنەهامەتی و نەگبەتیەشدا لەلایەکەوە شەمشەکوێرەکانی #داعش# هێرش ئەکەنەسەر گوندنشینەکانی ناوچە دابڕێنراوەکانمان و لە چاو تروکانێکدا کۆتایی بەژیانی دەیان خێر لەخۆ نەدیوو دێنن و هەر شەوە و کێڵگەیەکی بە خوێن و ئارەقە ئاودراو ئەسوتێنن و وەک بەرزەکی بانانیش بۆی دەرئەچن …
لەلایەکی تر ئێرانیش که خۆی بەدەست هەزاران دەردەوە ئەناڵێت بۆ بەدبەختی هەرێمەکەمانی لا بووەتە ساحەیەکی فتبوڵ و هەرکات دڵی تەنگی ئاغا جان هەوەسی یاری توپتۆپێنی کرد ئەوا چەند تۆپێکمان تێ ئەگرێت….!!
ئەوە سوڵتانە سەرلێشێواوەکەی تورکیاش لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا دوای کڵاوی با بردوو کەوتووە و لێمان بووەتە تاعونی سەردەمی سەفەربەرلک و بەبێ گوێدانە هیچ یاسا و ڕێسا و بنەمایەکی هاوسێیەتی شەوانه لە ئاسمانەوە کۆماندۆ و جەندرمەمان وەک (کوولە) بەسەردا ئەبارێنێ و بە بەرچاوی خۆمان و جیهان و هاوپەیمانانەوە گوند و شارۆچکەکانمان داگیر و تۆپباران ئەکات و نەک هەر هەرێم بەڵکو هەموو عێراقیش بەچاوی شارۆچکەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتەکەی خۆی تەماشا ئەکات..!!
بە کوردی و کورتی ئەوە بەشە سیاسییەکەی ئەم هەرێمە سەرگەردانەیە، خۆ دەرەوەی ئەو بەشەش، کە دۆخی ناوخۆیە لەو باشتر نیە، سەبارەت بە بەشە ئابوورییەکەشی وەک ئەبینین هەر حکومەتە و بەجۆرێک قۆڵی لێ هەڵماڵیووە و بەشێوازی خۆی و بە پێی توانای خۆی هەوڵی کەمکردنەوەی ئازارو نیگەرانی دانیشتوانەکەی و پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان ئەدات، ئا لەوەشدا ئێمە جیاوازین.
ئێمە کەوتووینەتە نێوان بەرداشی دوو حکومەتی موفلیس و تا قوڕقوڕاگە لەقەرزا چەقیوو، دوو حکومەتی ئایندە لێڵ و بێ دەسەڵات، دوو حکومەتی لەیەک زویر و لەیەک دابڕاو، دوو حکومەتی پشت بەستوو بە پشک پشکێنە و دار دەستی سوڵتان و مستەرو ئاغا و مسیۆ و پاشا و ئەمیرو خاوەنشکۆ و شازادەکان…!!
ئەگەر ناتوانین پارێزگاری نە لەئاسمان و نە لەخاک و نە لە سنور و نە لەبوونەوەرەکانی سەر زەوی و نە نەوتە سەربەگۆبەندەکەی ژێر زەویمان بکەین، ئەگەر ناتوانین لەسەر ژیانی شوانێک و گوڵەبەرۆژە فرۆشێک بێینە دەنگ، ئەگەر پێمان ناکرێت داکۆکی لە بریاڕ و پرۆژە و بەرنامەکانمان بکەین و وەک مەڕی مردوو سەرشۆر ئەکەین، باشتر وایە بارەگاکانمان دابخەین و بڕۆینەوە ماڵەوە و هەرکەسێک لەماڵی خۆی سەری خۆی شۆڕ بکات..!
ئەم پێشنیارەم تەنیا بۆ یەکێتی نیه، بەڵکو بۆ گشت حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانە، یان ئەوەتا با بارەگاکانمان دابخەین و بڕۆینەوە ماڵەوە یانیش فەرموون باپێکەوە هەر لەسبەینێ وە بەرەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی دروست بکەین، چیتر ڕێگە بەشکاندنی شکۆ و بەزاندنی سنورەکانمان و برسیەتی میللەتەکەمان نەدەین، با خۆمان شەرمەزاری مێژوو و نەوەی داهاتووی ئەم وڵاتە نەکەین..
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
26-6-2020