داتاکانی S&P Global Platts کە ناوەندێکی ڕاوێژکاریی پەیوەست بە کاروباری وزەیە دەریدەخەن، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ 267 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، کە بەراورد بە مانگی ئایار زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.
حکومەتی عێراق داوایکردووە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە 370 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە نەکات. ئەو ناوەندە ئاماژە بەوە دەکات، لە مانگی ئایار هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 368 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، بەڵام لە مانگی حوزەیران بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
جگە لە دابەزینی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوتی عێراق لە باشووری ئەو وڵاتە لە بەسرە دابەزیوە. هەر لە مانگی حوزەیران هەناردەی نەوتی عێراق ڕۆژانە لە 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوتەوە بۆ 2.8 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە.
سەرەڕای ڕاپۆرتەکەی ئەو ناوەندەی بواری وزە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەک لە هەرێمی کوردستان یان عێراق ئەو زانیارییانەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
لە مانگی حوزەیران هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان 497 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کەمیکردووە. هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، لەم مانگەدا هەناردەکردنی نەوتی سووک و قورسی بەسرە لە 3.1 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 1.53 بەرمیل نەوت دابەزێنێت.
ئەمڕۆ شەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بە 42 دۆلار و 82 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی ڕۆژئاوای تەکساسیش بە 40 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.[1]