بە گوتەی میکائیل سدیقی، سەرۆکی ناوەندی ئەنجوومەنە پیشەییەکانی کرێکارانی پارێزگای #سنە#، ئەو کرێکارانە لە بەشی بیناسازیی باشووری کوردستاندا کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا نەک تەنیا کرێکارەکان بەڵکو وەستا شارەزاکانیش لەبەر بێکاری ڕوویان لە #کۆڵبەر#ی، دەسفرۆشی و گواستنەوەی خەڵک بە ئۆتۆمبێلی تایبەت کردووە.
بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەروازە سنوورییەکان داخراون و هاتووچۆی خەڵک قەدەخە کراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت کارکردنی کرێکارە بیانییەکان ڕێکبخات و ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆناش نەبێت، کرێکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چیدیکە ناتوانن بە ناوی ڤیزای گەشتیارییەوە بۆ کار بێنە باشووری کوردستان.
پێشتر کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری نشینگەی #هەولێر# بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، هەرکەس کە دێتە هەرێمی کوردستانەوە مانگێک مافی نشینگەی پێدەدرێت و مانگێکیش بۆی درێژ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی نشینگە وەربگرێت، بەڵام کرێکارە ئێرانییەکان سوودیان لەو بڕگە یاساییە وەرگرتووە بۆ ئەوەی خۆیان لە باجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بدزنەوە.
بە گوتەی کامل بەرزنجی، دوای کرانەوەی سنوورەکانیش هەرکەس بۆ کار ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات، دەبێت نشینگەی کار وەربگرێت و باج بدات.
میکائیل سدقی، سەرۆکی ناوەندی ئەنجوومەنە پیشەییەکانی کرێکارانی پارێزگای سنە دەڵێت، ئێمە هەوڵ دەدەین کێشەی ئەو کرێکارانەی پێشتر لە هەرێمی کوردستان کاریان کردووە چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی بتوانن بۆ سەر کارەکانیان بگەڕێنەوە، چونکە لێرە هیچ کارێک نییە.
میکائیل سدقی پرۆژەیەکی بۆ باشترکردنی باردۆخی کرێکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان پێشکەش بە سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی هەرێمی کوردستان کردووە و ئەوانیش پێشوازییان لێکردووە.
پێش هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیار بووە شاندێکی پارێزگای سنە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام کۆرۆنا پەکیخستووە.
ئەو پرۆژەیە دەیەوێت کێشەکانی شوێنی مانەوە، بیمە، هەقدەست و ڕووداوەکانی کاری کرێکارەکان چارەسەر بکات.[1]