بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای #سلێمانی#
بابەت/ گشتاندن
ئەمڕۆ، (2020/7/9) لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (42)ی ساڵی (2020)ی #وەزارەتی ناوخۆ#، بڕیاریدا بە:
1- بەردەوامبوون لەسەر ئەو خاڵانەی لە گشتاندنی ڕۆژی (2020/7/3)ی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا دیاریکراون، (جگە لەو خاڵانەی لەم گشتاندنەدا دیاریکراون).
2- لە ڕۆژی یەکشەممە (2020/7/12)وە دەوامی ڕەسمی گشت دامودەزگا حکومیەکان بەپێی بڕیارو مەرج و ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکانی پێشتر ڕاگەیەندراون، دەستپێدەکاتەوە.
3- هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا لە ڕۆژی (2020/7/12)وە بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان ئاسایی دەکرێتەوە.
4- سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانیی بەپێی یاساو ڕێنماییەکان ڕێکاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچی و لادان و زیادەڕەوییەک دەگرنەبەرو ئەرکی هەموو هاووڵاتیان و دامودەزگا حکومییەکان و دامەزراوە دادوەرییەکان و کەرتی تایبەتە هاوکارو هەماهەنگیان بن.
5- لەڕۆژی شەممە (2020/7/11)وە تاقیکردنەوە وەزارییەکانی (12)ی ئامادەیی دەستپێدەکات، بۆ باش بەڕێوەچوونی کەشی تاقیکردنەوەکان و لەسەر پێشنیازی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، بەسوپاسەوە موەلیدە ئەهلیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، کارەبای پێویست لە ڕۆژو ماوەی دیاریکراوی تاقیکردنەوەکاندا بۆ خوێندنگاو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابین دەکەن.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
2020/7/9