ئاش: واتا ئاسیاو، ئەو ئامێرە ئاویەی کە تەوەڕەکەی بە تەوژمی ئاو دەسوڕێتەوە و دەبێتە هۆی خولانەوەی بەردێکی پان و گەورە، لە سەر بەردێکی دی، کە دانەوێڵە دەهاڕێت. دوو بۆچوون بۆ ناوەکە هەیە.
یەکەمیان وشەکە لە ئاسیاو گۆڕاوە و بۆتە ئاش. بۆچوونی دووەمیش ئەمەیە کە وشەکە لە ئاژینەوە هاتووە و بۆ ئاش گۆڕاوە. ئاژینە بە چەقچەقەی ئاش دەگوترێت و لە وشەی ئاسی هاتووە، کە ناوی تەوەڕەی ئاش بووە. لە بەختیاریی ئاس. لە فارسیی (ئاسە)ی پێدەگوترێت و بۆ تەوەڕەی بەردە ئاش بەکاردەهات.
وشەکە بریتیە لە ناوی کۆنی ئەو تەوەڕە، یان شانە، یان میلەی کە دوو پێچکە تایەکانی بن گالیسکە بە یەکەوە دەبەستێتەوە.
کۆنترین شێوەی وشەکە لە زبانی سانسکریتیی تێبینی کراوە، کە بەشێوەی aksa-، ئەکسە- هاتووە.
وشەکە لە گرێکییشدا ماوە و aksōn، ئەکسۆنی پێگوتراوە. لە لاتینییش بۆتە axis، ئەکسیس.
لە زبانی هاوچەرخی لیتاوییی هەمان وشە بۆتە ašis، ئەشیس. لە ئینگلیزییدا بە شێوەی axle، ئەکسل دەرکەوتوە. لە سویدیش هەر axle، ئەکسلی پێدەڵێن.
دەبینین ناوەکە لە ئەلبانی بە شێوەی aks، ئەکس ماوەتەوە. لە بولگاری بۆتە oc، ئۆک. لە ئیتاڵی asse، ئاسسێ. لە پۆڵۆنی و ڕووسیی os، ئۆس. لە ئیرلەندیی ais، ئەیس.
لە زبانی وێڵزی echel، ئێچیل.
ئاش دوو شتی هەن، پێیان دەگۆترێ کۆتەل.
1-کۆتەلی گەنمی تێدەکرێ و کونێکی بچوکی لە خوارەوەیە، لەگەل چەقەنەی سەر بەرداش، کۆتەل دەلەرێتەوە و گەنم وردە وردە دەڕێژێتە ناو بەرداش و دەبێتە ئارد.
2- جۆگایەکی بۆشی ئاو دێتە سەر ئاش، لەسەر ئاش سولاغە، یان بلێین سولاوکەیەکی ئاوی لێ هەلبەستراوە و ئاو لەوێ زۆر بە ڕژدی، دەڕژێتە خوارێ و لە پەروانەکانی ژێر ئاش دەدات و بەرداشی سەرەوە دەسوڕێنی، بە هەردوکیان دەگۆترێ، کۆتەل.
واتە ئاو یان گەنم تێیدا کۆکراوەتەوە بۆ ڕژان بەسەر جێی مەبەستدا.
کۆڵەکەی ئاشیش ئەو ستوونەيە کە ئاشەکەی لە دەور ئەخولێتەوە و هەر لێرەشەوە کەرەستەی تێ ئەکرێ بۆ هاڕين واتە لە بۆشايی نێوان کۆلەکەکە و ئاشەکە خۆی، بويە ئەشڵێن ناوت بە کۆڵەکەی ئاشا چێت واتە ناوەکەت بهاڕڕێت و لەت و پەت ببێت وەک کەرەستەی هاڕڕاو.
پێ لێ بڵند کردن- شول لێ هەڵکێشان.
پێ: بریتیە لە دارێک، کە ئاشەوان، بۆ سەنگ کردنی بەردی ئاش بەکاریدێنێت. دارەکە، بە تەلیشەدار، یان شولکێکەوە، بەرز و نزم دەکرێتەوە، تا بە گوێرەی ویست، باراشەکە، درشت یان ورد بهاڕێت.
گومان هەیە کە ناوەکە هەر لە پێ و پاوە وەرگیرابێت، بێ ئەوەی دڵنیا بم بۆچی وای پێدەگوترێت.
دەربڕینی باوی (پێی لێ بڵند کردووە. هەروەها پێی، یان شولی لێ هەڵکیشاوە)، واتا سنور بەزاندن، ڕێک لەو کارەی ئاشەوانەوە هاتووە. واتا ئاشەوان، بە پێچەوانەی ویستی خاوەن باراش، دانەوێڵەی درشت لێکردووە، تا بەرداشەکەی لە سوانی زوو بپارێزێت.
هەڵبەتە ئاش ڕەنگی داوەتەوە لە فەرهەنگ وکەلتوری کۆمەڵگای کوردەواری، بۆ نموونە پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ: ئاش لە خەیاڵێ وئاشەوان لە خەیاڵێ،
سالمی شاعیریش دەڵێ:
دەبمە ئەو ئاشە کە ئاوی ببڕن...
شۆری عەشقم کە نەمێنێ لە سەرا.
شاعیر وئەدیب محێدین حەق شناس #سنە#یی لە پارچە هۆنراوەیەکیدا دەفرموێ:
نه سەوزه و نه گوڵ
نه قاسپه قاسپ کەو
دۆڵ کش و ماته، وەک شار خامۆشان
نه دەنگەی ئاسیاو، نه دەنگەی ئینسان
ئاسارێ نەما له ئاسیاوەکان!
کوا هاژەی هارەو دەنگەی ئاسیاوان؟
ئاسیاو گشت خاپوور، ئاسیاوان نەما
پەپوو ئەخوێنێ له جێگەیانا.
چەندەها چیرۆکی فولکلۆریش لەسەر ئاش وئاشەوان وتراوەتەوە، بۆ نموونە:
دەگێرنەوە کە پاشایەک هەبوو شەوانە بە شاردا دەسوڕایەوە، شەوێک لە شەوەکان پاشا لە نزیک ئاشیک وەستا وبینی کەرێک بەستراوەتەوە بە بەردی ئاشەکەو دەخولێتەوە وبەردەکە دەسورێتەوە وگوێدرێژەکش زەنگورەیەکی لەمل بوو دەنگی لێ وەدەهات.
پاشا سەری سورماو داوای ئاشەوانی کرد تا لی بپرسێت لەم سەین و بەینە!؟
ئاشەوان وڵامی دایەوە: وتی خاوەن شکۆ من ڕۆژانە زۆر کاردەکەم شەوانەش پشو دەدەم تاوەکو دەنگی زەنگورەش بێت مانای وایە کەرەکە دەخولێتەوەو نەوەستاوە.
پاشا وتی: باشە ئەگەر کەرە وەستاو ناوە ناوە ملی خۆی بادا بۆ ئەوەی دەنگی زەنگورەکە بێت تاکو تۆ وابزانیت دەخولێتەوە.
ئاشەوان وتی: خاوەن شکۆ ئەگەر ئەم بیرۆکە بە بیری ئەو کەرەدا بهاتبایە ئەوە ئێستا لە شوێنی تۆ پاشا دەبوو!!.
ئەو کەسانەی ئاشیان هەبووە لە گوندی حەفتاچەشمە.
هەڵبەتە لە گوندی حەفتاچەشمە وەک گوندەکانی تر کەسانێک هەبوون کاری ئاش وسەرپەرشتیان کردووە، یەکەم کەس لەم گوندە ئاشی هەبووە (عەلی ساڵح ڕەحمان پەپوو) بووە، کە کوڕە گەورەی ساڵح ڕەحمان پەپووە.
باپیرە عەلی ساڵح ئاشی هەبووە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە تاکو کوژرانی ئەم کەسایەتیە لە ساڵی 1938 لە لایەن کەسانی خراپ وچەتە وڕێگرەوە لە ڕێگای قادرکەرەم پاش چوونیان بۆ ئەوێ بۆ چارەسەرەی کێشەی زەوی وزار.
پاش عەلی ساڵح کاری ئاشەکە درایە براکەی (حەسەن ساڵح ڕەحمان پەپوو) کە بە مام هەسەن ساڵح ناسراوە، تاکو کۆچی دوای مام هەسەن لە شەستەکانی سەدەی بیستەم، شوێنی ئاشەکەش لە نزیک چەم کونجیلی بووە لەسەر پارچە زەویەک کە بە زەوی ئاسیاوەکە ناسراوە.
دەست خۆشی لە نووسەر ولێکۆڵەری بەتوانا مامۆستا (شاسوار هەرشەمی) دەکەین، کە بەشێکی گرنگی ئەم وتارە لە لایەن ئەوەوە نووسراوە وبە ماسنجەر بۆی ناردووم، بە تایبەت ئەو بەشەی تایبەت بوو لەسەر واتا وناوی (ئاش) کە بە شێوەیەکی ورد لێکۆڵینەوەیەکی لەسەری کردووە.[1]
ئا: پشتیوان ئەکبەر حەفتاچەشمەیی
سەرۆکایەتی زانکۆی #کەرکووک#.
email: pshtiwanakber@gmail.com