ئێمە لە تایبەتمەندی ناوەندی کرێکاران و جوتیارانی #حزبی شیوعی کوردستان#، بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە هەلومەرجی جوتیاران و بەرهەمی ناوخۆی کشتوکاڵ، هەلومەرجێک سەرەڕای ڕەنجی زۆری جوتیاران بەرهەمەکانیان بەهۆی بێ بازاڕی ڕووبەڕووی زیانی گەورە دەبێتەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی هەزاران خێزانی جوتیاری دادەنێت و ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی خێزانیان دەکاتەوە، و بونیادی ئاسایشی ئابورییان تێک دەشکێنێت.
ئەم بێ بازارییەی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆ دابڕاو نییە لە قەیرانی حوکومداری لە هەرێمی کوردستان، کە خۆی لە قەیرانی ئابوری و دارایی وسیاسی هەمەلایەن دەبینێتەوە و ڕاستەوخۆ دەسەڵاتداران بەر پرسی سەرەکین لەم قەیرانە و دروستکردنی کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای ئابوری بەرخۆری.
فڕێدانی بەرهەمی جوتیاران و بێ بازاڕی لە کاتێکدایە کە مووچەی کرێکارانی کەرتی گشتی (فەرمانبەرانیش) دابین ناکرێت بۆ دەرباز بوون وەک بەڵێنێک پێشتر چەندین جار سەرانی حکومەت باسی گرنگیپێدان و فرەکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و داهات و بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵیان کردووە کەچی لە واقیعدا دەبینین ئەوان ناتوانن بەرنامەیەکشیان هەبێت بۆ ڕێکخستن و پەرەپێدان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە کاتێکا جوتیاران خۆیان بەبێ پاڵپشتی حکومەت بونەتە سەرچاوەی بەرهەمهێنان.
ئەرکی هەنوکەیی حکومەتە قەرەبوی جوتیاران بکاتەوە و بەرنامەیەکی ڕوون ڕابگەیەنێت بۆ ڕێکخستن وەرگرتن و بە بازاڕ کردنی بەرهەمەکانیان و ڕێگری بکات لە داگیرکردنی بازاڕی ناوخۆ لە لایەن وڵاتانی دەوروبەر و قۆرخکاری ناوخۆ، هاوکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران و جوتیاران و خەڵکی پەراوێزخراو پێویستە گیانی خۆڕێکخستن و کاری بەیەکەوەیی و هەرەوەزی و تێکۆشانی جەماوەری بەهێزبکرێت و داواکارین هاورێیانمان و هاوڵاتیان دەستپێشخەربن بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیاران لە چوارچێوەی کاری هەرەوەزیدا.
تایبەتمەندی ناوەندی کرێکاران و جوتیارانی حزبی شیوعی کوردستان
2020-07-09