بۆ بەبازاڕکردنی بەشێک لەو گەنمەی لە دەرەوەی پرۆسەی وەرگرتن دەمێنێتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمساڵ پلانی کڕینەوەی 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی بەهاوکاری کەرتی تایبەت هەبوو، وا بڕیاربوو گەنمەکە لە ئاشەکان بکرێتە ئاردی سفر و ساوار و بروێش و گەنمەکوتا، بۆ بەبازارکردنیشی هاوردەکردنی ئەم بەرهەمانە قەدەخە بکرێن.
حوسێن حەمەکەریم، دەڵێت: بۆ ئەم پرۆژەیە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیشمان هەبوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆشی کۆرۆنا، ئەمساڵ نەمانتوانی جێبەجێی بکەین.
سەبارەت بە پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەو گەنمەی لە دەرەوەی سایلۆکاندا دەمێنێتەوە، حوسێن حەمەکەریم، گوتی: لەگەڵ کارگەکانی ئالیک کە ژمارەیان 36 کارگەیە و ساڵانە ملیۆنێک تۆن ئالێک بەرهەمیان هەیە لەگفتوگۆداین، وا بڕیارە ئەو کارگانە نزیکەی 300 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران بە نرخی بازاڕ بکڕنەوە، لە بەرامبەریشدا ئێمە لە هەندێک بواردا ئاسانکاریان بۆ بکەین، بەڵام هێشتا زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار تۆن لە دەرەوەی بە بازاڕکردن دەمێنێتەوە.
بەڵام عەلی عەلاف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ڕۆڤا، بۆ کڕین و فرۆشتنی گەنم کە لە کارگەی ئالیکیشی هەیە دەڵێت: زۆربەی کارگەکانی ئالیک لە جیاتی گەنم، ئاردی بایەعی دەکڕنەوە، چونکە نرخی هەرزانە و بۆ بەرهەمهێنانی ئالیکیش لە گەنم باشترە، بۆیە بەدڵنیاییەوە لە باشترین باردا ئەو گەنمەی 36 کارگەکەی ئالیک لە جووتیاران دەیکڕنەوە لە 20 تاوەکو 25 هەزار تۆن تێپەڕ ناکات.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئومێدی بە بازرگانانی عەرەبە ئەو گەنمە زیادەیە بکڕنەوە. وەک حوسێن حەمەکەریم دەڵێت: ئەگەر ڕێگاکان وەک ئێستا بە داخراوی بمێننەوە و بازرگانی عەرەب نەتوانێت ئەو گەنمە زیادە بکڕێتەوە، لەوانەیە نرخی گەنم زۆر دابەزێت و جووتیاران تووشی زیانی گەورە بن. گوتیشی: هاوردەکردنی گەنم بەهۆی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان قەدەخەیە، بەڵام بۆ بەبازاڕکرنی گەنمی جووتیاران، ئەگەر پێویست بکات قەدەخەکردنەکە درێژ دەکەینەوە.[1]