عەمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی پارێزگای #سلێمانی#، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، زۆرینەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکان هاوڵاتیانن، جگەرە بە نەکوژاوەی فڕێدەدەن، کە دەچن بۆ سەیران ئاگرەکانیان ناکوژێننەوە، یاخود هەر هۆکارێکی دیکەی مرۆیی کە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و زەرەرمەندبوونی هاوڵاتیان.
هێمن کەمەرخان ڕاشیگەیاند، کە ئەوان هیچ کەرەسەتەیەکی ئاگر کوژێنەوەیان نییە، تا ئێستاش ئەگەر ئاگرێک بکەوێتەوە بە گوێنی تەڕ و دار ئاگرەکە دەکوژێننەوە، تەنانەت کارمەندەکان جلوبەرگ و پێڵاوی دژە ئاگریان نییە، لەکاتێکدا چەندین کارمەندیان بەهۆی کوژاندنەوەی ئاگرەوە تووشی زیان و نەخۆشی درێژخایەن بوون، وتیشی: “ئەوەی وایکردووە ئێمە بەردەوابین لە کارکردن تەنها دڵسۆزیمانە بۆ سروشت و ژینگە”.
ئەو بەرپرسەی پۆلیس ڕاشیگەیاند، ئەوان جگە لەوەی هیچ کەرەستەیەکی ئاگرکوژینەوەیان نییە، هیچ ئامێرێکی وەک شۆفڵ و حەفارەشیان نییە تابتوانن ئاگربڕ دروستبکەن لە کێوەکاندا، تەنها دەتوانن بە “ئاگر” کە لە سنورێکی دیاریکراودا دەیکەنەوە ئاگربڕ دروستبکەن، ئەوەش بۆئەوەی ئەگەر ئاگرێک کەوتەوە لە شوێنێکی دیکە کە گەیشتە ئەوبەشەی کە سوتاوە ئاگرەکە زیاتر تەشەنە نەکات و بکوژێتەوە.[1]