بۆچوونی جیاواز هەن لەبارەی ڕەچەڵەکی عەبدولکەریم قاسم، زۆرینە تاوەکو ئێستا گوتوویانە عەرەبە و دەیگێڕنەوە سەر هۆزەکانی زوبێدی و فەزڵی، هەندێک بۆچوونی دیکەش هەبوون کە گووتوویانە کورد بووە، ئێستا بەڵگەی کوردبوونەکەی لە هەمووان بەهێزترە.
عەبدولواحید فەیلی، سیاسەتڤانی کوردی فەیلی بۆ ڕووداو باسی ڕەچەڵەکی عەبدولکەریم قاسمی کرد، ئەویش بە پشتبەستن بە کتێبی (نهێنییەکانی ڕێککەوتننامەی جەزائیر)، کە عیسا پژمان، بەرپرسی دۆسیەی کورد لە عێراق لە دەزگای هەواڵگریی سەردەمی شا، کە بە ساواک ناسرابوو نووسیویەتی. هەروەها قسەی جەعفەر ڕائید، کە سکرتێری باڵیۆزخانەی سەردەمی محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی بووە لە عێراق.
ئەو سیاسەتڤانە کوردە دەڵێ، لە کتێبەکەی عیسا پژمان-دا یەکلاییکراوەتەوە، کە نەک تەنیا دایکی، بەڵکو عەبدولکەریم قاسم باوکیشی کوردی فەیلی بووە و داپیرەشی لە دایکییەوە هەر کوردی فەیلی بووە. ئەو دەڵێ عیسا پژمان کاتێک لە بەغدا سەردانی عەبدولکەریم قاسمی کردووە ئەوەی بۆ دەرکەتووە کە قاسم کورد بووە و لە کتێبەکەشیدا نووسیویەتی.
داپیرەی عەبدولکەریم قاسم ناوی (کەیفی حەسەن یەعقووب) بووە. عەبدولواحید فەیلی دەڵێ ئەو ژنە سەر بە هۆزی سواگنی تمێمی بووە، کە ئەوانەش کوردی فەیلین.
تاوەکو ئێستا نەزانراوە عەبدولکەریم قاسم سەر بە چ مەزهەبێک بووە، ئەوەش خۆی نەیویستووە ئاشکراببێت و نزیکەکانی گوتوویانە هەرکاتێک نوێژی کردبێت، دەرگای لەسەر خۆی داخستووە بۆئەوەی شێوازی نوێژکردنی نەبینرێت.
عەبدولواحید فەیلی لە زاری دادوەر زەکی ئیسماعیل حەقی، کە شایەتحاڵی دیدارێکی مەلا مستەفا بارزانی، ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی بووە لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم، دەیگێڕێتەوە: کاتێک ئەو کەسایەتییانەی کورد گەیشتوونەتە بەغدا، عەبدولکەریم قاسم دەرگای ئۆفیسەکەی داخستووە، سکرتێرەکەی پێیگوتوون نوێژ دەکات بۆیە دەرگاکەی داخستووە، دوای ماوەیەکی کەم دەرگای کردووەتەوە و فەرمووی لێکردوون بۆ ئۆفیسەکەی. [1]