بەڕێزان لە سەرۆکایەتی حکومەت
بۆ خاڵە سنوریەکان
هەشت مانگ پێش ئێستا، لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی وردمان کرد دەیان بەڵگەنامەمان هێنا لە ئیبراهیم خەلیلەو فیشخابورەوە بۆ باشماخ، بە وردەکاری ئەوەی لەسەرجەم خاڵە سنوریەکان ڕودەدات خستمانە بەردەست بەڕێزتان، ئەوەبوو بەڵێن و بڕیاربوو چاکی بکەن، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە زیادی کردوەو کەمی نەکردوە!!
بەرپرسم لەم قسە حەجمی فەسادو گەندەڵی لە خاڵە سنوریەکان 150 ملیۆن دۆلار زیاترە مانگانە، ئەگەر نیەت و ئیرادەی چاکسازی هەیە بۆ لێرەوە دەستپێناکرێت؟
-27 کۆمپانیا بە نایاسایی و ناڕەوایی و گەندەڵی و نادای مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.
- قەبارەی قاچاخی تەنیا لە باشماخ مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلارە.
- خاڵی سنوری لەگەڵ ڕۆژئاواو سوریا بەتەواوی بەدەست کۆمپانیاوەیە لە بری حکومەت و مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار داهاتی ئەم کۆمپانیایەیەو حکومەت هیچ!!
- بەفەرمی نوسینگەی قاچاخی لە بازاڕدا دانراوەو بە بارهەڵگرەکان دەڵێن: نیوەی بەهای گومرگی بدەو لەخەتی تایبەت داخڵی بکە، کۆدەکەشی ئەوەیە لە هەموو بازگەکانی ئاسایش دەڵێن: باری تایبەیەتە!
- 85٪ جگەرەی کوردستان ئێستا هێزە ئەمنی و بەرپرس و کۆمپانیا دەسەڵاتدارەکان بە قاچاخ داخڵی دەکەن، گومرگی جگەرە نادرێت کە 50٪ بەهاکەیەتی!
- کۆمپانیا هەیە مانگانە لە خاڵە سنوریەکان هەشت ملیۆن و هەیە چوارو هەیە دوو ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت! بەبێ ئەوەی کارێکی وا بکات!
لە هیچ خاڵێکی سنوری نیە بە کەمتر لە یازدە ڕێگا پارە لەخەڵک وەربگیرێت، ژمارەی کۆمپانیاکان کە سەرانە وەردەگرن لەم کابینەیە زیادی کرد..
ئەوەی لە تواناماندا بوو بۆ ئەم دۆسیە کردمان!
بەدواداچونمان کرد، هەرچی زانیاری و بەڵگەیە کۆمانکردەوە، داوای دانیشتنی پەرلەمانمان کردو دامان بە داواکاری گشتی و دادگا، خستمانە بەردەست سەرۆکایەتی حکومەت و وەزیرەکان، هەموی خرایە بەردەست گۆڕان و ئەوانیش بەپارتی و یەکێتیان وت..
ئەم کارە بە بڕیار چاکدەکرێت نەک بەلیژنە!
دەبێت حکومەتی هەرێم لە کازمی بڕوانێت..
تێبینی: ئەم نامە بە کراوەیی نوسراوە، ڕەنگە هەندێک بەڕێز بپرسن بڵێن: ئەرکی گۆڕان لە حکومەت چیە؟
هاوڕام..
پێویستەو و هیوادارم، بۆ ڕێگری لەم تاڵانیە گۆڕان دواقسە لەگەڵ دەسەڵات بکات!
گۆڕان لە حکومەتدا بەشدارەو بەرپرسیاریەتی لەسەرەو ئەمە خراوەتە بەردەست وەزیرەکان و ڕایانگەیانداوە لە کۆبونەوە
باسیان کردوە.
عەلی حەمە ساڵح