ماڵەکەی خەباتی حاجی مارف لەڤێنای پایتەختی نەمسا، نەک هەر لەیاداشتی زۆربەی سەرکردەو ڕوناکبیر انی کوردی پەنابەری ئەوروپادا ئاماژەی پێکراوە، بەڵکو شوێنی دو گەڕی گفتوگۆکانی نێوان قاسملوو تیمی دانوستان یاخود تیمی تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران بوە.
لەم ساڵانەی دواییدا کە سەرکردەو ڕوناکبیرانی کورد یاداشتەکانیان بڵاوکردوەتەوە، زۆربەیان لەنوسینەوەی یاداشتەکانیاندا ئاماژەیان بەمیواندۆستی و خانەدانیی خەباتی حاجی مارف و مانەوەیان لەماڵەکەی ئەو لەڤێنادا کردوە، هاوکات پێتەر پیلتس-ی سیاسەتمەدار و نوسەری ناوداری نەمسایی لەکتێبە بەناوبانگەکەیدا سەبارەت بەتیرۆر کردنی د.قاسملو ئیسکۆرتە بەرەو تاران و نوسەری دیاری ئێرانی پەروێزی دەستمالچی لەکتێبەکەیدا تیرۆر بەناوی خوداوە دیسان ئاماژەیان بەهەمان کەسایەتی و ماڵەکەی کردوە لەو گفتوگۆیانەدا کە ساڵی 1989 دەستیپێکردو سەرەنجام تیرۆر کردنی د.عەبدولرەحمانی قاسملوو هاوڕێکانی لێکەوتەوە.
خەباتی حاجی مارف، کە ئێستا لەشاری #سلێمانی# دەژی، لەشەستەکانی سەدەی ڕابردوەوە تێکەڵ بەکاری ڕێکخراوەیی خوێندکاران و سیاسی بوەو هاوڕێی نزیکی شەهید ئارام و فازیلی مەلا مەحمود (فازیل ڕەسول) بوە - کە لەگەڵ د.قاسملوو عەبدوڵای قادر ئازەر لەڤیەنا شەهید کران.
خەبات بەئاوێنەی ڕاگەیاند ساڵی 1971 لەهەڕەتی گەنجێتیدا چوەتە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە-وەو لەکاتی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا ڕویکردەوەتە شاخ، ئەو وتی ساڵی 1976 کە کۆمەڵە بڕیاری چونە شاخی دا بەسەرکردایەتی شەهید ئارام، منیش یەکێک بوم لەبەشداربووەکانی مەفرەزە سەرەتاییەکانی پێشمەرگەو بوم بەرابەری سیاسی، هەر لەو ڕۆژگارەدا فازلی مەلا مەحمودیش هات، ئەو لەگەڵ گروپێکدا بو بەناوی وەحدەی قاعیدە کە خۆی سەرپەرشتی دەکردن، پاش مانەوەیان بۆ ماوەی چەند مانگێک، گەڕانەوە ناو شار و وتیان ئێرە بۆ ئێمە ناگونجێ و دەچینە دەرەوەی وڵات.
خەبات باس لەوە دەکات کە ئەوکات لەسەر پێشنیاری فازیلی مەلا مەحمود، کە هاوکاری دەبێت بۆ گەیشتن بەفەلەستینیەکان، بڕیاری ڕۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵات دەدات و بەشەهید ئارامی وتوە کە لەگەڵ فازیل و گروپەکەی دەچێتە لوبنان. ئەو ڕۆژگارە لوبنان لەئاگری جەنگی ناوخۆو جەنگی سارددا دەسوتاو ببوە پایتەختی بزاڤە چەپ و شۆڕشگێڕەکانی ناوچەکەو جیهان.
خەبات وتی کە ئەم ڕازەم لای ئارام درکاند، پێیوتم کەیفی خۆتە، بەلام مەچۆ پەشیمان دەبیتەوە، ئەگەر چاوەرێ بکەیت، بەیەکەوە دەچین بۆلای برادەران لەسوریا. بەڵام من چاوەرێم نەکردو بەنهێنی گەڕامەوە سلێمانی. بۆ ڕۆژی ڕۆیشتن مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکەمان دیاری کردبوو، ئەو هاورێیانەی لەوێ بوون و لەگەڵیان دەرۆیشتم سەلاح حسێن ئەفەندی و ئازاد جەلال سەربەخۆ، گۆران لەکارگەران و کەمالی حەمەی حەمە ڕەش لەوەحدەی قاعیدە بون. ناچار بەبێ ئەوەی فازیل خۆی بێت، لەناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم، بەرەو سنوری تورکیا و ئێران و عێراق بەڕێبکەوین، تا بچینە لای #مام جەلال# کە ئەوکاتە تازە گەڕابۆوە کوردستان و لەخواکوڕک چاومان پێکەوت، هەر لەوێ یەکەم ژمارەی ئاڵای شورشمان دایە، کە کاک ئارام بۆی ناردبو'.
خەبات و هاوڕێکانی لەم گەشتەیاندا ڕوبەڕوی چەرمەسەری و کێشمەکێشێکی سەخت دەبن، پاش ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک لەلایەن قیادە موەقەت دەستگیر دەکرێن، پاشان هەر خۆیان بەهەزار چنگەکڕێ بەقاچاغ لەسنور بەروباری دیجلەدا دەپەڕێننەوەو دەچنە جزیرەو دێریک و قامشلۆ، خەبات وتی تازە گەیشتبوومە #قامیشلۆ# کە هەواڵی شەهیدبونی ئارامم پێگەیشت، زۆر ئازاری دام و ئێستاش لەدڵم دەرناچێت کە قسەکەیم شکان و بەقسەم نەکردو لەکوردستان نەمامەوە.
پاش مانەوەیان بۆ ماوەی مانگێ لەدیمەشقی پایتەختی سوریا، بەمەبەستی ئەنجامدانی خولێکی سەبازیی و سیاسی لای فەلستینییەکان و دیداری عادل عەبدولمەهدی – کە دواتر دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق – ڕودەکەنە بەیروتی پایتەختی لوبنان، خەبات وتی هەر لەسەرەتاوە هەستم بەوە کرد دانوم لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ناکولًێ کە چەپ و مارکسییەکی کلاسیکی بو، بەحساب بۆ خولی مەشق و ڕاهێنان هاتبوینە لوبنان بەڵام ئەوەی نەماندی مەشق و ڕاهێنان بو، ڕێکخراوە فەلەستینیەکانیش زۆر بێ سەروبەرە بوون، هەر لەدوورەوە گەورە بوون و وێنەیەکی زۆر خراپیان دامێ، کاتێک بەعادل عەبدولمەهدیم وت: من پەیوەندیم بەئێوەوە نییەو نامەوێ لێرە بمێنمەوەو دەچم بۆ ئەوروپا. وتی: بۆ حەشیشەو ڕابواردنی ژن ئەچی بۆ ئەوروپا؟! سەیرم لەبیرکردنەوەی هات و پاش سێ مانگ مانەوە لەبیروت، بەهاوکاری سالار عەزیز کە بەڕێکەوت لەوێ و لای د.ئیبراهیمی سازمانی ئینقلابی ئێران بو، هەروەها بەیارمەتی ئەحمەد کوردی لوبنانی هاوڕێی یەکێتی، بەرەو ڕۆمانیا بەڕێکەوتم.
وتیشی ئەوەی بۆچونمی تەواو بەرامبەر بەسۆشیالیزمی ئەو وڵاتانە گۆڕی، بینینی ئەم وڵاتە سۆشیالیستییەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بو کە توشی شۆکی کردم، وڵاتێکی سۆسیالیستیم بینی نغرۆ بو لەگەندەڵیدا، هەر کەسێکت دەبینی خولیا و شەیدای جگەرەی کەنت و پانتۆڵی جین و ویسکی بو، بۆیە بەحەسرەتەوە لەخۆم پرسی ئەمەیە ئێمە شەڕی بۆ دەکەین؟!.
خەبات لەرۆمانیاوە ڕودەکاتە هۆڵەندا، ئەو وتی ئەوکاتەی گەیشتمە هۆڵەندا 1ی ئایار و ڕۆژی پاشاش بو، هەراو بەزمێکی زۆر بوو هاورەگەزبازیم لەسەر جادەکان دەبینی، بۆ ئەوکاتەی منێک کە لەلادێکانی کوردستانەوە چووبووم، زۆر نامۆبوو، بۆیە زۆر پەست و بێزار بوم، بریارمدا بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، بەڵام ئازادی مستەفا خۆشناو پێشنیاری بۆ کردم بچم بۆ نەمسا بۆ خوێندن، کە چومە نەمسا فوئادی مەلا مەحمود زۆر بەڕێز بوو هات بەشوێنما بۆ فڕۆکەخانە، کاک فوئاد وتی: 8 ساڵە لێرەم، سەیرم لێهات وتم: چی؟ چۆن تەحەمولت کردوە؟ وتی: پەلە مەکە! بەڕاستی واشبو، وردە وردە سەیرم کرد نەمسا زۆر ئارام و بێدەنگە، بەپێچەوانەی هۆڵەنداوە کە شەوو ڕۆژ خەوی نەبو.
ئەو کاتەی خەبات لەڤێنا نیشتەجێ دەبێت، ژمارەی کورد لەنەمسا زۆر کەم دەبێ، تەنها ئەو کوردانەی لە پاش شکستی 1975 وەرگیرابوون و هەندێ کوردی ناوداری تری لێبو، وەک وریا ڕەواندزی و فوئادی مەلا مەحمودو کەریم پیرۆتی، پاشان فازیل-ی براشی لەڤیەنا دەگیرسێتەوە. کاک نەوشیروان و عومەر دزەییش پێشتر لەوێ بوون.
کاتێک خەبات لەڤێنا نیشتەجێ دەبێت، ماڵەکەی دەبێتە مەکۆی ئەو کوردانەی ڕودەکەنە نەمسا، ئەو وتی لەبەرئەوەی ئێمە لەڕوی ئابورییەوە خێزانێکی بەتوانا بوین، باوک و دایکم یارمەتییان دام ساڵی 1980 و شوقەیەکم لەڤێنا کڕی، کە لەشوێنێکی خۆش و پڕ لەسەوزاییدا هەڵکەوتبو، من ئەوکات لەبەرێوەبەرایەتی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات (ئاکسا) کارم دەکرد. کۆمەڵەکە کوردستانی بو، خەلکی هەموو پارچەکانی کوردستان کە دەهاتن بۆ ئەوێ بۆ کۆنگرەکان لەماڵەکەم دەمانەوە. شێخ ئەحمەدی سەرگەڵو بەلەشسوکی خۆی، بەردەوام مەنجەڵی گەورە گەورە نان و خواردنی دروست دەکرد، چەند سالێکیش سەرۆکی مەڵبەندی کوردی ڤێننا بوم، پاشان لەساڵی 1990دا ڕیستۆرانتێکم لەناوەڕاستی ڤێناشدا هەبو.
وتیشی زۆری نەخایاند لەو هەلومەرجەدا ماڵەکەم بوە شوێنی حەوانەوەو مانەوەی کەسانی وەک مام جەلال، شێرکۆ بێکەس، #نەوشیروان مستەفا#، شازاد سائیب، ملازم عومەر، برایم ئەحمەد، محەمەد ڕەسوڵ هاوار، فوئاد حسێن، مستەفا چاوڕەش، مامۆستا سەلام، پەرویزی ئازاد پور، فەرەیدون عەبدولقادر، شێخ دارۆ، سەعدی پیرەوعومەر شێخ موس، ناسری ڕەزازی و زۆرێک لەو کوردانەی لەکوردستانەوە بەبرینداری یان لەوڵاتانی هۆڵەنداو سویدو بەریتانیا و ئەڵمانیاوە لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردودا دەهاتنە نەمسا. هەندێ لەو کوردانەی ناکۆکیان لەگەل مندا هەبوو دەیانویست مام جەلال ببینن، مام جەلال دەیگوت: کێ پێیخۆشە من ببینێت، ئەمە ماڵی منە.
خەبات ئاماژە بەوە دەکات کە پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ چەندین کەسایەتی پارتی-یشدا هەبوە کە لەنەمسا نیشتەجێ بون، وەک عارف تەیفور و ئازاد بەرواری و کامەران موفتی و سەباح زێباری، ئەو وتی ئازاد بەرواری پەیوەندی لەگەڵ فازیل ڕەسوڵ باش بو، فازیل دەیویست پەیوەندی لەگەڵ هەمو لایەک باش بێت، ئازاد بەرواریش بەهەمانشێوە، کە ساڵی 1979 خەریک بو تیرۆر بکرێ، وایاندەزانی #مەسعود بارزانی#یە، ئەوکاتە لەبیرمە کەریمی دادە مەنەو عەبدولمەلیک هاتبونە نەمسا، ئێمە نەماندەزانی بۆچی هاتون، دوای ئەوەی تەقە لەئازاد بەرواری و مەسعود بارزانی کرا وتیان ئەوان کردویانەو مخابەراتی عێراق پێیکردون، دوایی ڕۆشتن و لەوێ نەمان.
سەبارەت بەو کەسانەی چونەتە ماڵەکەی و ماونەتەوە، خەبات وتی قادر دیلان و ئیبراهیم ئەحمەدو محمەد ڕەسوڵ هاوار میوانی زۆر پاک و بێ ئەرک بون، شێرکۆ بێکەس دانیشتنی خۆش بوو، بەڵام ئەرکی زۆر قورس بو، مام جەلال جەوێکی زۆر خۆشی دروست دەکرد زۆر زۆر خۆش بو، قاسملوش بەهەمانشێوە.
باس لەوەش دەکات لەبەر زۆری هاتوچۆی کوردەکان بۆ ماڵەکەی، تەنانەت هاوژینە نەمساوییەکەشی بێزار بوەو بەجێیهێشتوە، خەبات وتی هاوژینەکەم هونەرمەند بو، بێزار ببو لەهاتنی ئەم هەمو میوان و هاتن و چونەو بە کوردی دوان، ڕۆژێکیان وتی: ئەم وەزعی کوردستانە لێی تێکداوین، کوردستان یەکەمە بۆ تۆ نەک من!.
روداوێکی گرنگ کە لەماڵەکەی خەبات-دا ڕویداوە، گەڕی یەکەم و دوەمی گفتوگۆکانی نێوان قاسملوو تیمی دانوستانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوە بەسەرۆکایەتی سەحرارودی.
خەبات ئاماژە بەوە دەکات کە گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان قاسملوو نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەماڵەکەی ئەو لەڤێنا کراوە، ئەو وتی لەبیرمە لەگەڕی یەکەمی ئەم گفتوگۆیانەدا، کە مام جەلال هاتبو، پێش ئەوەی ئێ#ڕانیە#کان بێن بۆ کۆبونەوەکە، پێیوتم: فازیل بانگ بکە بۆم چونکە ئەمانە باش دەناسێ و تەبیعەتیشیان شارەزایە، لەوێ فازیلی مەلا مەحمودی بەئێرانییەکان ناساند.
وتیشی ئەوکاتە کە قاسملوو مام جەلال لەگەڵ ئێرانیەکان لەماڵە کەی من لەژورێکدا خەریکی گفتوگۆ بون، شازاد سائیب و سەعدی پیرەو شێخ ئەحمەدو چەند برادەرێکی تر لەژورەکەی تر بوین. پۆلیسی نەمساشمان ئاگادار کردبۆوە بەنهێنی لەدەرەوە بەجلی مەدەنیەوە پاسەوانییان دەکرد. لەگەڕی دوەمی گفتوگۆکانیشدا بەهەمانشێوە.
خەبات باس لەوە دەکات کە پێش ئەوەی گەڕی سێهەمی ئەم گفتوگۆیانە بکرێ، گوایە ئێرانیەکان بەفازیل ڕەسوڵیان وتوە، لەبەرئەوەی مام جەلال دەمی ناوەستێ و باسی دەکا، پێمان باشە ئەو نەزانێ بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە ئاشکرا نەبن، ئەو وتی ئێرانیەکان بەفازیلیان وتبو حەز ئەکەین تۆ بێیت نەک مام جەلال، ئەمیش ئەو نێوانگیریەی بەسەرکەوتنێکی گەورەی زانیوە بۆ خۆی، شوێنی گەڕی دانوستانەکانی بەنهێنی و بەبێ ئەوەی بەکەس بڵی گواستبۆوە بۆ ماڵی هاوسەری دووەمی، گومان دەکرێ ئێرانیەکان پێش ئەنجامدانی گەڕی سێهەم و بەر لەتیرۆر کردنی قاسملوو دو هاوڕێکەی، چوبێتن زانیارییان لەسەر ئەو شوقەیە کۆکردبێتە وە کە ڕوداوەکەی تیا قەوماوە، بۆ ئەوەی ئامادەکاری تەواو بۆ تیرۆر کردنەکە بەسەرکەوتویی بکەن.
وتیشی کێشەکە ئەوەیە قاسملوش لای کەس باسی نەکردوە کە لەوێ کۆدەبنەوە، کاک نەوشیروان و کاک شازاد سائیب وتیان پێش ئەوەی تیرۆر کردنەکە ڕوبدات فازیلمان بینیوە لەپاریس باسی هیچی نەکردوە، تەنانەت قاسملوش لای نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستان لەڤێنا نەیوتوە گفتوگۆ دەکەن، کت و مت بەو شێوەیەی ئێرانیەکان داوایانکردبوو بەبیانوی ئەوەی ئه و دانیشتنە خەتی ئیمام پێیهەڵدەستێت، بۆیە نەوەک خەتەکانی تر لێیان تێکبدەن، بەمشێوەیە بێکەس کوژیان کردبون.
ئێستا خەبات گەڕاوەتەوە سلێمانی و بەیەکجاری لەکوردستان دەژی، ئەو وتی هاتومەتەوە کوردستان و جارێکیتر ناگەڕێمەوە بۆ ئەوروپا، هیوادارم ئەوانەی لەئەوروپا دەژین هەوڵ بدەن خۆیان ڕێکبخەن و ڕەوەندێکی بەهێزی کوردی دور لەحیزبایەتی دروستبکەن، چونکە ئەوروپا شاخی ئەم سەردەمەیە بۆ هەموو کورد.
وتیشی نەئەوروپا بەهەشتی سەرزەمینەو نەکوردستانیش دۆزەخی سەرزەمینە، ئەگەرچی ئەوروپا لایەنی زۆر جوانی هەیە، بەڵام وەکو خۆم کاتژمێرێکی کوردستان بەهەمو ئەوروپا نایەم، هەرچەندە لەحەفتاکانەوە لەئەوروپا بوم و خوێندنی دوکتۆرام لەوێ تەواو کردووەو ڕیستۆرانتێَکی زۆر گەورەم هەبوە و لەگەڵ پارتی سەوزی نەمساویدا بووم، کە ئەو کاتە یەکەم کەسی بێگانە بووم بۆ شارەوانی ناوچەی خۆم هەلبژێرام و زۆر باش ژیاوم، بەڵام هەر خۆم بەنامۆو غەریب زانیوە.[1]