ناوی تەواوی (سلێمان حاجی حەسەن)ە.
لە 1969 لە خێزانێکی ڕۆشنبیر لە #ڕانیە# لەدایکبوە.
لە 1981 لە خولێکی فێربونی موزیک بە سەرپەرشتیی (م. هیوا مستەفا) تێکەڵی کاری هونەریی و موزیک بووە.
لە 1982 بەشداریی یەکەمین چالاکیی هونەریی کردوە.
بۆ پەرەپێدانی هونەرەکەی، زۆر خولیای بوە لە دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندییەوە بچێتە پەیمانگای هونەرەجوانەکان، بەڵام بە هۆی بارودۆخی ئابوریی خێزانەکەیەوە، ئەو خەونەی نەهاتۆتەدیی.
ئارەزومەندانە و بە عەشقێکی زۆرەوە، خۆی پەرەی بە بەهرە و تواناکانی داوە و بەردەوام سەرقاڵی ڕاهێنان و خۆپەروەردەکردنی موزیک بوە، هاوکات بەردەوام خوێندویەتییەوە و هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی و مەعریفیی خۆی داوە.
ساڵانە بەشداریی لە چالاکیی قوتابخانەکاندا کردوە.
ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردو و دوای ڕاپەڕینیش بەشداریی چەندین فێستیڤاڵ و ئاهەنگ و چالاکیی هونەریی (تیپی مۆسیقای کێوەڕەش، تیپی مۆسیقای ڕانیە) کردوە لە ڕانیە و شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان و عیراقدا، لەوانە: ڕۆژی جیهانیی موزیک، جەژنی نەورۆز، ساڵیادی پێنجی ئازار، ساڵیادی کیمیابارانی #هەڵەبجە#، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، 22ی ڕێبەندان، 25ی گەلاوێژ، ساڵیادی حزبی شیوعیی، ...
هاوکاری (تیپی مۆسیقای زۆزگ)ی منداڵانی ڕانیە بوە.
لە چەند بەرهەمێکی هونەریی جیاوازدا بەشداریکردوە، چ لە تۆمارکردنی سرود و چ گۆرانیی، جگە لە هونەرمەندانی ناوچەکە، لە بەرهەمی هونەرمەندان: (نەجمەدینی غوڵامیی، بەکری لەگزیی، حەمە ڕانیەیی، ...)
لە کۆڕەوەکەی 1991دا، وەک هەڵوێستێکی نیشتمانیی و ڕۆشنبیرانە، هەمو ئامێرەکانی تیپی مۆسیقای ڕانیەی بردۆتەوە ماڵەوە و لە فەوتان و دەستی تاڵان پاراستونی.
لە 1992 ئامادەیی بازرگانیی ڕانیەی تەواوکردوە.
ئەندامی حزبی شیوعیی بو.
خاوەن کەسێتییەکی ڕۆشنبیر و ڕۆشنگەر و بیرکراوە بو، بەردەوام گفتوگۆی فیکریی و مەعریفیی دەکرد، بە تایبەت سەبارەت بە ئەقڵانییەت و کرانەوە و ئازادیی ویژدان و باوەڕ، بۆیە لایەنێکی ئیسلامی سیاسیی فتوای تێرۆرکردنی دەدرێ و، شەوی #17-07-1993# لەبەردەم مزگەوتی (نەوڕەسیی) لە ڕانیە تێرۆرکرا و، بوە قوربانیی بەرگریکردنی لە هونەر و کەلتور و موزیک و جوانییەکانی ژیان، دژی داخران و تاریکیی و مەرگدۆستیی. هونەرمەندی جوانەمەرگ، شەهیدی دەستی غەدر و تاریکاندنە، بە داخەوە دوای تێرۆرکردنیشی وەک پێویست یادی نەکراوەتەوە و ئاوڕ لە هزر و بەخششەکانی نەدراوەتەوە.[1]