دوا بەدوای بەشداربوونمان لە وێبنێری کوردیش ئینستیتیوت-واشنتن لە ئەمەریکا و لە ئەنجامی گوێگرتن لە گفتوگۆ و پێشنیارەکانی (مایکل گەنتەر) پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانکۆی تەکنەلۆجیای (تەنەسی) لە ئەمەریکا. (بڕاندن ئۆلبێری) پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانکۆی پەنسلڤانیا لە ئەمەریکا. (پیتەر گاڵبرێس) باڵوێزی پێشووی کرواتیا و یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان.
گەشتین به و دەرئەنجامەی بە نامەیەکی کراوە بەڕێزتان و ڕای گشتی ئاگادار بکەینەوە له و ئامۆژگاری و ئاگادارکردنەوانەی کە لەلایەن ئەم بەڕێزانەوە ئاراستەی گەلی عێراق و نەتەوەی کورد لە عێراق و بەڕێزانتان کران. لە میانی گفتوگۆی مایک بەشێوازی پرسیارێک ئاماژەی بەوە دا کە ئایا گەلی کورد ئامادەی ئەوەی هەیە ببێتە نەتەوە؟! بۆ سەلماندنی قسەکانی گوتەیەکی فەیلەسووفی کۆمەڵناس (ئیرنەس ڕینان)ی هێنایەوە و گوتی، بوون بە نەتەوە واتا هەمیشە جەنگان لە مەیداندا بۆ خۆپێناسەکردنی نەتەوەکەت و پاراستنی. گوتی ئایا کورد ئەم حەز و ئامادەبوونی بەردەوامەی تێدایە؟ بەبڕوای ئێمە لێرەدا مایک ئاماژەی دا بەگەلی کورد کە دەبێ ئێمە لە ڕووی فکرییەوە خۆمان داڕێژینەوە و بەردەوامی بەخۆمان بدەین تا دەگەین بە ئامانج و لە نەتەوەبوونیشدا ئامانجی کۆتایی بوونی نییە و دەبێت بۆ بەردەوامبوونی هەمیشە لە خەباتدابین، مەنزڵی کۆتا بوونی نییە و چوون بەره و لووتکە ڕۆیشتنێکی بێ کۆتایە.
هاوکات ئاماژەیان بەوە دا، لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ زانایەکی تورک قسەم کردووە لەبارەی کوردەوە و باسی لەوە کرد، کە کورد پەرشوبڵاون و دەتوانیت بەئاسانی دەست بگریت بەسەریاندا و کەس ئەژماریان ناکات و سەنگیان نییە. بەبڕوای ئێمە قسەی ئەم زانا تورکە دەبێت سوودی لێ وەربگیرێت و ڕێی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ کورت کردووینەتەوە، کە ئەویش یەکدەنگیمانە، ئەمە لە کاتێکدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەموو پلانەکانی سیاسەتی دەوڵەتانی هەرێمایەتی بەرانبەر بەئێمە، بنەماکەی ئاشکرایە و دەکرێ بەسوودوەرگرتن له و خاڵە لاوازەی ئێمە کە خۆیان ددانی پێدا دەنێن پلانەکانیان پووچەڵ بکرێتەوە.
لە میانی گفتوگۆکەیدا ئاماژەی دا بەوەی کە ئەمەریکا بەڵگەی ئەوەی لە بەردەستە بەهۆی ناکۆکی ناوخۆییەوە، کورد خۆی نایەوێ ببێتە نەتەوە! لێرەدا ئێمە هەموو تاکێکی کورد بە بەرپرسیار دەزانین لە نایەکگرتوویی و نەبوونی خۆشەویستی بۆ هاونەتەوەکانی خۆی و بەکەمبینی یەکتر. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمەریکا بەئاشکرا هاوار دەکات لە کورد یەکبگرن تا ڕزگار ببن. دواتر براندن هاتە قسە و پشتگیریی خۆی بۆ گوتەکانی مایک دووپات کردەوە، بەڵام ئەمجارە براندن زۆر ئازایانە پەنجەی درێژ کرد بۆ چەند خاڵێکی گرنگ کە ئەمانەن :
1_ پەرتوبڵاوی کورد نەخۆشیی (پاسۆلۆجی)یە و ناتوانن یەک بن و زۆر بە ئاسانی بە سیاسەتی (دابەشیان بکه و زاڵ بە بەسەریاندا)، دەتوانیت نەهێڵیت بگەن بە ئامانجیان. ئێمە بڕوای تەواومان بەم گوتانەی بەڕێزیان هەیە و پشتگیری دەکەین و بڕوامان وایە تاک بەتاکی کورد خاوەنی ئەم نەخۆشییەیە و دەبێت کار بۆ چارەسەری بکرێت. سەرەڕای ئەوەی کە بەڕێزیان نەخۆشییەکەی بۆ دیاری کردووین و لەناو گوتەکانیشدا ئاماژە بە چارەسەرەکەی دەدات.
2_ بڕاندن خاڵی هەرە گرنگی وەک ئاگاداری ئاراستەی بەڕێز #بەرهەم ساڵح# کرد و دەستی خستە سەر ئه و کارە نەکراوەی کە بەڕێز #مام جەلال# دەبوو کاتی خۆی بیکردایە. بە قسەکانی بڕاندن، بەڕێزیان گرنگییان پێ نەداوە و پشتگوێیان خستووە، بۆیە گرنگە ئێستە دکتۆر بەرهەم ساڵح بۆ چارەسەری ناوچە دابڕێنراوەکان هەم وەک عێراقی و هەم وەک کورد و هەم وەک پارێزەر و بەرپرسی یەکەمی دەستووری عێراق، بەپێی دەستوور بۆی هەیە و دەبێت داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات نوێنەر و لیژنەی خۆیان بنێرنە عێراق و ئه و کێشانە چارەسەر بکرێن، دەستووری عێراق بە گشتی جێبەجێ بکرێت کە ئه و بەرپرسی یەکەمی پارێزەری دەستووریی عێراقە. ئێستە داوا لە بەڕێزتان دەکەین بەپێی دەستوور دەست بکەن بە چارەسەری ناوچە دابڕێنراوەکان. داواکاری کارێکی وەها هەموو دنیا دەزانێت دەستوورییە و لە دوای ڕووداوەکانی 2017 نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایان گەیاند لە عێراقدا کێشە لە جێبەجێکردنی دەستووردا هەیە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئامادەبوونیان بۆ یارمەتی جێبەجێکردنی دەستزوری عێراق.
3_لەمیانی گوتەکانیدا بڕاندن ئاماژەی بە مادەی (110و 115)دا کە تایبەتە بە باسی نەوت کە بەپێی ئه و دوو مادەیە، کورد بۆی هەیە لە هەرێمی کوردستان لە دوای 2005، چەند بیرە نەوتی دۆزیوەتەوە و سوودی لێ وەرگرتووە، داهاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بێت و بەهیچ شێوەیەک بەشی بەغدای لێ نەدات، تەنیا بڕیارێک لەوبارەوە بەغدا دەتوانێ قسەی تێدا بکات، ئەوەیە کە نەوتەکە بفرۆشرێت بەکێ؟ بەبڕوای ئێمە ئەمە ئاماژەیە بۆ سیاسەتی کورد لە هەرێمی کوردستان کە دەبێت لە هیچ دانوستانێکدا لەگەڵ بەغدا سەرەڕای هەموو فشارە ناوخۆی و هەرێمایەتییەکان، نابێت دەستبەرداری فرۆشتنی خۆماڵی نەوت ببێت.
4_بڕاندن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی کورد لە عێراق ئێستە لە مەترسیی گەورەدایە و نەیشاردەوە کە ترسی ئەوەی هەیە لەوانەیە لە 10 ساڵی داهاتوودا (کوردستان) لە کوردستانەوە بگۆڕێت بە (#سلێمانی# ستان)! ئێمە وەک نووسەری ئەم نامە کراوەیە، دڵمان بەم وشەیە خورپەی کرد و ئازاری خۆمان ناشارینەوە، بۆیە داوا لە ڕای گشتی دەکەین بیری نەتەوەیی و کولتووری کورد و یەکگرتوویی لەم مەترسیییە قوتارمان دەکات.
5- لە یەکێک لە ئاماژە گرنگەکان گوتی بۆ ڕزگاربوون لە پارچە پارچەیی کورد، پێویستە دەستووری هەرێمی کوردستان بە زووترین کات بنووسرێتەوە. هاوکات ئێمە لێرەوە داوا لە #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی هەرێمی هەرێمی کوردستان دەکەین باشترین کاتێک لەبەر دەستی بەڕێزتان ئێستەیە بۆ ئەوەی پەرلەمان ڕاسپێرن بەم کارە و بۆ نووسینەوەی دەستوور چی زووترە پەلە بکەن، ڕاوێژکار و یاساناسان بانگێشت بکەن تا هاوکارتان بێت و دوور لە فشاری بەغدا و دەوڵەتانی ناوچەکە، دەستوورێکی مۆدیرن بنووسرێتەوە. بەڕێزان لەدەستدانی وەها دەرفەتێک لەدەستدانی ئایندەی کوردە لە هەرێمی کوردستان. ئێمەی کوردی باشوور یەکەمین دەروازەین بۆ ئازادی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان. بڕاندن لە میانی گفتوگۆکەیدا ئاگادارییەکی زۆر بەهێزی بەکورددا کە تێیدا فەلەستینییەکانی بەنموونە هێنایەوە، بە هۆکاری بە فێڕودانی کات دەوڵەتیان لەدەست دا.
هاوکات زەنگی ئەوەی بۆ کورد لێ دا ئەگەر ئێوە سەربەخۆخوازن، زەوی گەورە ئێستە زۆر گرنگی نەماوە و ئەوەی ئێستە هەتانە با لە دەستی نەدەن، بۆ ئەمەش سەنگافوورەی بەنموونە هێنایەوە، ئێستە لە دنیادا سەلمێنراوە نموونەی دەوڵەتی بچووک باشترە لە دەوڵەتی گەورە! بۆیە هانی دەداین زوو کار بۆ سەربەخۆییبوون بکەین تا لە ئایندەدا پەشیمان نەبینەوە، هەمان هەڵەی فەلەستینییەکان دووبارە نەکەینەوە، کات گرنگە و بەفیڕۆی نەدەین.
لێرەوە دەمانەوێ بەڕای گشتی بڵێین عەرەب یەک نەتەوە و 22 دەوڵەتن، با ئێمەی کوردیش یەک نەتەوە و پێنج دەوڵەت بین، با بۆ هەر دەوڵەتێکیش بێگومان ئاڵای جیا هەڵبژێرین، گرنگ ئازادبوون و سەربەخۆییبوونە. ڕێ دوور و کاروان بەردەوام. کوردستان ئاوەدان و مرۆڤایەتی ڕووناک.
ڕۆژنامەنووس: جوان بەکر مەعرووف - فڕانکفۆڕت
پڕۆفیسۆر: دکتۆر فەرەیدوون کەریم - تێکساس[1]