مەردان چاوشین سەرپەرشتیاری میحوەری قەرەتەپە – حەمرین لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کەلەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو دەکاتەوەو ڕەتیدەکاتەوە ئەو بازگەیە بازگەی کارێز بێت.
مەردان چاوشین سەرپەرشتیاری میحوەری قەرەتەپە – حەمرین لەو ڕوونکردنەوەیەدا ڕایگەیاندوە: ئەمرۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تیایدا لەلایەن هێزێکی سوپای عێراقییەوە ئاڵای عێراق لەبازگەیەکدا دائەنرێ، وا بڵاوکراوەتەوە کە ئەو شوێنە بازگەی گوندی (کارێز)ی سەر بە شارەدێی جەبارەیە، نزیک بە شاری کفری.
ئاماژەی بەوەداوە: بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی ڕاستی تیادا نییەو گرتە ڤیدیۆیەکەش بازگەی کارێز نییە. بەڵکو، ئەو بازگەیە وەک پێشتر لەلایەن پۆلیسی کفرییەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: ئەوەش بۆ هەموو لایەک ڕادەگەیەنین، کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقدا هەبووە لەسەر ئەوەی ئەو ناوچانەی سنوری پارێزگای دیالە و بەتایبەت ڕێگای نێوان کفری-#خورماتوو# هەتا گوندی (قوڕیچایی) کە پێشتر بۆشایی ئەمنییان تیادا بووە، لەلایەن سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەوە بپارێزرێت.
مەردان چاوشین وتووشیەتی: لێکگەیشتنی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدایە و هەر تەفسیرێکی تری بۆ بکرێت، دەچێتە خانەی چەواشەکارییەوە.
لەبەشێکی تری ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: لەرابردوودا ئەو ڕێگایە بەهۆی هەرەشەکانی #داعش# و مەترسییەکانی تیرۆرەوە، دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتیان و ئەو کەسانەش دروست کردووە کە هاتوچۆیان پێدا کردوە. بۆیە، لەئێستادا کە لێکتێگەیشتنێک هەبێت بە ئاگاداری هەموو لایەک و لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵ و سەلامەتی هاووڵاتیاندا، لەچوارچێوەی ئەرکی ئێمەدا بووە وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
بۆ ئەوەی هاووڵاتیان دڵنیابن و بوارێک بۆ چەواشەکاریش نەمێنێتەوە، ئەم ڕوونکردنەوەیەمان بەپێویست زانی.[1]