کۆرۆنا چوار مانگە گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە، بەوەش #سلێمانی# تەنیا لە کەرتی گەشتیاریدا نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە. بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی گەشتیاریش دەڵێت، لە 15 ساڵی ڕابردوو دۆخی کارەکەیان وەکو ئێستا خراپ نەبووە.
ولیان بەرزنجی، بەڕێوەبەری بازرگانیی کۆمپانیای ستار ئەڵایەنس دەربارەی خاوبوونەوەی کارەکانیان ڕایگەیاند، لەماوەی ئەم چوار مانگەدا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. جگە لە کەمکردنەوەی لە 50%ی کارمەندەکانیان زیاتر لە 10 هەزار دۆلار زیانمان بەرکەتووە، چونکە نەمانتوانیوە هیچ گەشتیارێک ببەینە دەرەوە، ئەمە جگە لە کرێیەکی زۆری دووکانەکانمان کە بەبێ کار کرێی دووکانمان داوە.
لە سلێمانی، #هەڵەبجە#، #گەرمیان# و ڕاپەڕین، 185 کۆمپانیای گەشتیاری هەن، لەماوەی ئەم چوار مانگەدا نزیکەی 10 گەشتیان بۆ گەڕانەوەی گیرخواردووان ئەنجامداوە. ئەو کۆمپانیایانە هەریەکە و هەزاران دۆلار زیانیان بەرکەوتووە و بێکاربوون، زیاتر لە 15 کۆمپانیاشیان بەهۆی نەبوونی گەشت و گەشتیارەوە، بەفەرمی مۆڵەتەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکانی سلێمانی باسی لەوەکرد، ساڵی 2020 بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 100% ڕێژەی گەشتیاری کەمی کردووە. ئێمە لە 14ی ئادارەوە هیچ گەشتێکمان نەکردووە. ساڵی ڕابردوو تەنیا لە سلێمانییەوە زیاتر لە 25 هەزار کەس سەردانی تورکیا و زیاتر لە 30 هەزار کەس سەردانی ئێرانیان کردووە. ژمارەیەکی زیاتریش سەردانی وڵاتانی دیکەیان کردووە، بەڵام ئەمساڵ هەمووی وەستاوە.
بڕیاربوو ڕۆژی 23ی تەممووز گەشتەکان دەستپێبکەنەوە، بەڵام بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دواخرا بۆ 1ی ئاب. ئێستا بەڕێوبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی ئامادەکاریی بۆ هێنانی گەشتیار دەکات تاوەکو ئەو زیانە گەورەیەی بەهۆی کۆرۆناوە بەریان کەوتووە، قەرەبوو بکەنەوە.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئابەوە گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبکەنەوە. جیاواز لە پێشتر، دەبێت هەر فڕۆکەیەک بە ڕێژەی 25% کەمتر لە ژمارەی کورسییەکانی سەرنشین هەڵبگرێت و پابەندی تەواوی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بن. [1]