سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان داواکاریی پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی ژووری بازرگانیی تایبەت بە زێڕ لە هەرێمی کوردستان درووستبکرێت. گوتەبێژی سەندیکاکە دەڵێت: ئەو ژوورە لە ئایندەدا هاوردە و هەناردەکردنی زێڕ ڕێکدەخاتەوە، بەو پێیەی ساڵانە لە هەرێمی کوردستانەوە بەبەهای نزیکەی سێ ملیار دۆلار زێڕ هەناردە و هاوردە دەکرێت.
هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان ڕایگەیاند، سیستەمی هەناردە و هاوردەی زێڕ ڕێکدەخەینەوە. کە ژوورەکەش بەهێزبوو حکومەت بۆ هەر کێشە و گرفتێک لە بازاڕدا لەسەر هێڵ دەبێت. ئەگەر ژووری زێڕمان هەبوو حکومەتیش دەتوانێت سوودی لێ ببینێت و لە ڕێگەی زێڕەوە داهاتی هەبێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەزار و 600 دووکانی زێڕ و 46 کۆمپانیای بازرگانی هاوردە و هەناردەی زێڕ و ئەڵماس و بەردە بەنرخەکان هەن. پێشانگەکان بەشێوەی تاک زێڕی درووستکراو دەفرۆشن و زێڕی کۆن و شکاویش لە خەڵک دەکڕنەوە. دوای تواندنەوەی بە قاڵب بە کۆمپانیاکانی زێڕی دەفرۆشنەوە، ئەوانیش قاڵبە زێرەکان بە بازرگانانی تورکیا و ئیمارات دەفرۆشنەوە، لەبەرانبەریشدا زێڕی خۆڕازاندنەوە هاوردە دەکەن.
گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، حکومەت لە ڕێگەی ئەو ژوورەوە دەتوانێت ببێتە خاوەنی داهات کە بەشێک لە داهاتی حکومەت و بانکەکان زێڕ بێت. کە ژوورێکی وا هەبوو، حکومەتیش دەتوانێت لەگەڵ ژوورەکەدا مامەڵە بکات.
ئامانجێکی دیکەی ئەو ژوورە بازرگانییە پەرەدانە بە پیشەگەرانی زێڕ لەنێو هەرێمی کوردستان. لەوبارەیەوە هەندرێن وەرتی دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان زێڕینگەری کۆنە و ئێستاش زێڕینگەری زۆر بە توانامان هەن. هەروەها وەرشەی باشیش هەن. لە ڕێگەی ئەم ژوورەوە دەتوانین پەرە بەو پیشەیە بدەین.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلان و بەدواداچوون لە #وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان کە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەکار بەستووە، لە ماوەی ساڵانی 2016، 2017 و 2018دا ئێراق بەبەهای زیاتر لە 11 ملیار و 685 ملیۆن دۆلار زێڕ و ئەڵماس و بەردی بەنرخ و زیو و مرواریی هاوردە کردووە. پشکی شێر لەم بازرگانییە بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە، بە جۆرێک زیاتر لە 74%ی بازرگانییەکە لە ڕێگەی بازرگانانی کوردستان و بازرگانانی ئێراقیی نیشتەجێبووی هەرێمی کوردستان کراوە.
لە ساڵی 2016دا لە ئێراق بەبەهای سێ ملیار و 422 ملیۆن دۆلار زێڕ و کاڵا بەنرخەکانی دیکە هاوردەکراوە. کە دوو ملیار و 592 ملیۆن دۆلاری لە ڕێگەی بازرگانانی کوردستانەوە بووە.
لە ساڵی 2017 بەبەهای چوار ملیار و 379 ملیۆن دۆلار زێڕ و کاڵا بەنرخەکانی دیکە هاوردەکراوە کە سێ ملیار و 104 ملیۆن دۆلاری ئەو مامەڵەیە لە ڕێگەی کوردستانەوە بووە.
هەروەها ساڵی 2018 بەبەهای سێ ملیار و 884 ملیۆن دۆلار زێڕ و کاڵا بەنرخەکانی دیکە هاوردەی ئێراق کراوە، نزیکەی دوو ملیار و 968 ملیۆن دۆلاری لە ڕێگەی بازرگانانی کوردستانەوە بووە.[1]