دەقی پەیامەکەی #مەسعود بارزانی#:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەکەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەم و هیوادارم ئەو جەژنە ببێتە مایەی خۆشی و بەرەکەت و ئاشتی لە کوردستان و عێراق لە ناوچەکەمان.
لەکاتێکدا پێشوازی لەو جەژنە پیرۆزە دەکەین کە گەلەکەمان لەگەڵ تەحەددیاتی گەورەی سیاسی و ئابووری و تەندروستی ڕووبەڕوو بووەتەوە. ئەو تەحەددیاتە سەرچاوەی زۆرێک لەو کێشە و گرفتانەن کە سەقامگیریی سیاسی و بار و گوزەرانی خەڵکی کوردستان دەکەنە ئامانج.
لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیات و ئەو بارودۆخە سەختە ئەرکی هەموو لایەکمانە کە بە ئاراستەی تەبایی و برایەتی و کاری هاوبەش و قووڵکردنەوەی فەرهەنگی پێکەوەژیان هەنگاو بنێین. وێڕای ئەوەی زۆر سوپاسگوزاری خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانم کە لە هەموو قۆناغەکان تەحەمولی سەختی و تەحەددیاتەکانیان کردووە، جەژنی پیرۆزی قوربانیش بە دەرفەت دەزانم کە داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکەم کە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و تێپەڕاندنی کێشەکان لەگەڵ یەکتردا دابنیشن.
ئەوەیشمان هەردەم بەبیر بێت کە بەتەبایی و یەکڕیزی کێشەکان باشتر چارەسەر دەبن و لەسایەی پێکەوەیی و یەکڕیزیدا دەستکەوتی گەورە بۆ گەلەکەمان هاتوونەتە دی. بە دڵنیاییەوە خەڵکی کوردستانیش هەر ئەوە لە لایەنە سیاسییەکان چاوەڕێ دەکەن. بۆیە داوا دەکەم هەموو لایەنە سیاسییەکان لەئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستاندا بن و لە هەمانکاتیشدا ڕەچاوی فەرهەنگی باڵا و دەوڵەمەندی کوردەواری بکەن و خۆیان لە گوتاری زبر و گرژ و ناشیاو لە بەرانبەر یەکتر بپارێزن.
لەم بۆنە پیرۆزەدا جێگەی خۆیەتی سوپاسی ماندووبوونی کارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس و ڕاگەیاندنەکان بکەم کە لەو کاتەی پەتای کۆرۆنا ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە بۆ یارمەتیدانی خەڵک و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و هۆشیاریی تەندروستی ئەرک و شەونخوونیی زۆریان کێشاوە.
جەژنی هەموو لایەک پیرۆز بێت و هیوای بەختەوەری خۆشیتان بۆ دەخوازم.
مسعود بارزانی
30ی 7ی 2020