ئەمڕۆ 02-08-2020لەبەرامبەر هێنانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ سنورەکانی کەرکووک و #خورماتوو#، هەوڵدان بۆ نیشتەجێکردنیان لەسەر زەوی و زاری کوردە ڕەسەنەکانی ناوچەکە مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبانگەوازێکدا ئاماژە بەگرتنەبەری تەواوی ڕێوشوێنەکان دەکات بۆ ڕێگەگرتن لەو دیاردەیە.
مەڵبەندیی 2ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو بانگەوازەدا ڕایگەیاندوە:بە داخەوە لە کاتێکدا هاونیشتمانییانی کەرکووک و دووزخورماتوو سەرقاڵی بەڕێکردنی بۆنەکانی چەژنی قوربانن، لەم کاتەدا و بەدەر لە ڕێوشوێنە دەستوری و یاساییەکان بەشێک لە عەرەبە هاوردەکان کە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە کەرکووک و دەوربەریان بەجێهێشتوە و پێشتر لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەب کردن هێنرابونە کەرکووک ناوچەکانی دەوروبەری، ئەمڕۆ جارێکی تر و بە مەبەستی بە عەرەب کردنەوەی ناوچەکانی (حەڤتەغار و مەهاوش و کولیتەپەی سەر بە شارۆچکەی #داقوق#) بەهێزێکی زۆرە هاتوونەتەوە سنورەکەو دەیانەوێ دووبارە لە سەر زەوی و زاری کوردی ڕەسەنی دانیشتووی ئەو ناوچانە نیشتجێ بکرێنەوە!
لەم ڕووەوە داوا لە سەرۆک کۆمار و سەرەک وەزیڕان و وەزیری ناوخۆی عیراقی فیدڕاڵ و، نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکەین کە بە پەلە ڕێگە لەم دەستدرێژی و داگیرکارییە بگرن و ڕێگە نەدەن ئاشتی کۆمەڵایەتیی بشێوێنرێ و پەیوەندی لە مێژینەی نێوان پێکهاتە ڕەسەنەکانی کەرکووک تێکبدرێ. ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرلەبەری ئەم هەڵسوکەوتە داگیرکارییە ڕەتدەکەینەوە و بە سەرەتایەکی مەترسیداریشی دەزانین بۆ لێکترازانی نێوان پێکهاتەکان بە تایبەتیش نێوان کورد و عەرەب، لەو ڕووەوە داوا لە هێزە ئەمنییەکانیش دەکەین بە پەلە ڕێوشوێنە دەستورییەکان بگرنەبەر و ڕێگە لەم داگیرکارییە بگرن و لایەنگیری نەکەن!
لەم سۆنگەیەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین دەست بۆ زەوی و زاری کورد ببرێ و لەو پێناوەدا هەموو ڕێو شوێنێک دەگرینەبەر و ئامادەی هەموو شێوازێکی خەباتی مەدەنی و سیاسین، هەر ئەمڕۆش لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووک و پەرلەمانتارەکان لە سەرخەت بوونە بۆ ئەو مەبەستە و پەیوەندییان بە بەڕێز سەرۆک کۆمار و وەزیری ناوخۆ و لایەنەکانی ترەوە کردووە و لە بەرامبەردا ئەوانیش بەڵێنیان داوە بە دەستور و یاسا چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن و هەر ڕێوشوێنێک پێویست بوو بگرینەبەر بە مەبەستی کۆتایی هێێنان بەم کێشەیە. [1]