دەقی ڕاگەیەندراوەکە
راگەیەندراوێک لە #وەزارەتی ناوخۆ#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کاتژمێر 2:45 پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سێشەممە، ڕێکەوتی 11/8/2020 لە ناوچەی برادۆست کاتێک هێزەکانی پاسەوانی سنووری سەر بە حکومەتی فیدراڵی خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەکە، لە لایەن فڕۆکەیەکی لەشکری تورکیاوە ئوتۆمبێلێکی هێزەکەی پاسەوانی سنوور دەکرێتە ئامانج و بەداخەوە دوو ئەفسەری هێزەکە شەهید دەبن بە ناوەکانی (عمید محەمەد ڕەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) و (عقید زوبێر حالی تاجەدین، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور). هەروەها (عقید حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن) بریندار دەبێت.
لێرەدا دووپاتیدەکەینەوە، کە پێویستە PKK و تورکیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاکی هەرێمی کوردستان وعێراق و چیتر خەڵکی ئێمە نەکەنە قوربانیی ئەو ململانێیە.
بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەکان دەکەین و لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە، کە بە بەهشتی خۆی شادیان بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین و خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ
حکومەتی هەرێمی کوردستان
11/8/2020