باوکم لە 12-8-1963دا شەهید بووە، مامێکم لە ساڵی 1977 لە قەسابخانەکەی موسڵ ئیعدام کراوە، برایەکم لەساڵی 1981 دا لە شەری براکوژیدا شەهید بووە، دایکم و برایەکم و هاوسەر و مناڵەکەی ساڵی 1988 لە کیمیابارانی هەڵبجەدا شەهید بوون.
بەلام ئێوە، ئەگەرچی بنەمالەکانتان سەرکردایەتی خەباتی چەکداری باشوری کوردستانیان کردووە، لە ساڵی 1961 تا ئەمرۆ، خوێن بە لوتی هیچ یەکێ لە ئەندامی بنەمالەکەتاندا نەهاتووە، هیچ کەس لە بنەماڵەکانتان شەرەفی شەهیدبوونی پێنەبەخشراوە.
ئەگەرچی باب و باپیرانتان چەکی پێشمەرگایەتیان لە شان کردوە و سەرکردایەتی خەباتی چەکداری گەلی باشوری کوردستانیان کردووە، بەڵام ئەوان و ئێوەش، چەندە کارتان بۆ بەرگری لە تواندنەوە و لە ناوبردنی باشوری کوردستان کردووە، هێندە زیاتر دژی شۆرشی پارچەکانی تری کوردستان هاوکاری ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستانتان کردووە.خۆم و بنەمالەکەم هەمیشە لە بەرەی گەلدا بووم و دژی خەباتی ئازادیخوازی پارچەکانی تری کوردستان نەوستاومەتەوە.
لە دوای ڕاپەرینەوە خۆتان و بنەمالەکانتان لە ڕوی سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتییەوە هەرچی بشێ و نەشێ بە گەلی باشوری کوردستانتان کردوە، شەری براکوژیتان کرد، خۆتان دەسەڵاتداربوون کەچی کەسانی سیاسی و چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنوستان تیرۆر دەکرد، ژێرخانی ئابوری کوردستانتان داڕماند، سامانی سەرزەمین و ژێرزەمینی کوردستانتان تالان کرد و بە داگیرکەرانتان بەخشی، گرد و سەیرانگا و زەوی بە کەڵکی هەرێم نەما خۆتان و دارودەستەکەتان داگیری نەکەن.
لە کۆتایی حوکمی بنەمالەکانتاندا، ئێوە دەسەلاتدارن، ناتوانن مووچەی مانگانەی فەرمانبەران بدەن، ناتوانن کاروباری نەخۆشخانەکانی کوردستان بەرێوەببەن. دەسکەوتە دەستوری و سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کە بەقوربانی گەل و خوێنی شەهیدان بەدەستهاتووە، بە هۆی سیاسەتی هەڵەو گەندەڵی ئێوەوە لە ژیر هەرەشە و مەترسیدایە، کەرکووک و ناوچەدابراوەکانی تری باشوری کوردستان، نەک هەر نەگەرانەوە سەر سنوری هەرێم، لە جاران زیاتر بەر هێڕشی سیاسەتی بە عەرەبکردن کەوتوون.
واتان کرد خەلک خۆزگە بە سەردەمی سەدام بخوازێت و چاوەروانی دەستی بێگانە بێت کیشەکانی بۆ چارەسەر بکات.
هەرکەس داوای چاکسازی و گۆڕانکاریتان لێدەکات، بە مزایەدەی خەباتی پیشمەرگایەتی وەڵامی دەدەنەوە، ئیوە پێشمەرگە نەبوون، خەباتی پیشمەرگەتان بۆ خۆتان داگیرکردووە، خەباتی هەزارانی وەک منتان داگیرکردووە و خەڵکی پێسەرکوتدەکەن.ئێوە تا سەدام نەروخا کەس نەیدەزانی لە کوێن، تا سەدام نەروخا نەتاندەوێرا بگەڕینەوە کوردستان. چیترناتوانن بە ناوی خەباتی شاخەوە خۆتان هەڵکێشن و دژایەتی گەل بکەن، باشترین کار بۆ ئێوە ئەوەیە، بە زووترین کات دەست لە کار بکێشنەوە و واز لە خەڵک بێنن با خۆی چارەنوسی خۆی دیاری بکات.
فایق گوڵپی
12-8-2020