کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک لە 11ی ئاب دا بۆ سەر ناوچەی برادۆست ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەموو کەس ئەو هێرشەی ئیدانە کرد، بەڵام #وەزارەتی ناوخۆ#ی حکومەتی باشووری کوردستان نە ئیدانەی کرد و نە هەڵوێستی لە دژی نیشان دا.
کەجەکە ڕایگەیاند، ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک ڕاگەیاندنی شەڕە لە دژی دەستکەوتەکانی کورد لە هەموو پارچەکان و ڕاشیگەیاند لە 11ی ئابی 2020 دا دەوڵەتی فاشیستیی کۆماری تورکیا لە ناوچەی کێلەشین لە برادۆستی باشووری کوردستان هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق. ڕاگەیاندرا لەو هێرشەدا 2 فەرماندەی ئەو هێزە کوژراون و هەندێکی تریش برینداربوون. دواتر ئەوە ڕوون بوویەوە ئەو 2 ئەفەسەرە کە لەو هێرشەی کۆماری تورکیادا شەهیدبوون هەردوکیان خەڵکی برادۆستن، بۆیە لە پێش هەموو شتێکەوە ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان دەکەین.
هەموو کەس لە دژی ئەو هێرشانە و هەوڵە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک وەستایەوە و بە توندی ئیدانەی کردن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی باشووری کوردستان نە ئەو هێرشەی کۆماری تورکیای ئیدانە کرد و نە هەڵوێستێکیشی نیشاندا کە ئەو هێرشانە ڕەتبکاتەوە. بە پێچەوانە ڕاگەیاندراوێکی لەو شێوەیە ئەو هێرشە ڕەوا نیشان دەدات و پاساوی بۆ دەهێنێتەوە و وەک ئەوەی مافی پێ بدات هەڵوێستێکی لەو شێوەیەی خستووەتەڕوو. ئێمە دەمانەوێت بڵێین، ئێمە ئەو هەڵوێست و عەقڵیەتە، کە ئەو ڕاگەیاندراوە پشتی پێبەستووە ئیدانە دەکەین. ئەو ڕاگەیاندراوە هیچ پەیوەندیی بە وڵاتپارێزییەوە نییە، هەر لە خۆیدا ئەوە لە بەها ئەخلاقی و ویژدانییەکان ناوەشێتەوە و لەگەڵیشیان نایەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕاگەیاندراوە هیچ پاساوێکی سیاسی، حقوقی و ڕەوای نییە. ئەو ڕاگەیاندراوە تەنها سوودی بۆ ڕەواکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەیە. ئاشکرایە، ئەو ڕاگەیاندراوە بە ئەنقەست هۆکاری هێرشەکە لە دژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق دەبەستێتەوە بە بزووتنەوەی ئازادیی کوردەوە و ئەوەش بۆ پاساوی هێرشەکە نیشان دەدات و ئەوە هەڵوێستێکی بە ئەنقەست و ئامانجدارە.
هێرشەکانی کۆماری تورکیا لەم ساڵانەی دوایدا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان ئیدی بوونەتە هێرشی بەردەوام و بەرنامە بۆ دانراو. هاوکات لەگەڵ ئۆپراسیۆنە زەمینییەکان بۆ داگیرکەری دەیان مرۆڤی کورد بە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانیش ژیانیان لە دەستداوە. لەم ساڵانەی دوایدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکانیان بە کەرەستە جەنگییەکانیان زیاد کردووە. ئاشکرایە ئەو هێرشە لە دژی گەلی کورد و دەستکەوتەکانیەتی لە هەموو پارچەکان و ڕاگەیاندنی شەڕ و هێرشە لە دژیان، بۆیە دەبێت حکومەتی باشووری کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا و لە دژی داگیرکەری و کوشتنی کورداندا، شانبەشانی گەلی کورد و هێزەکانی بەرخودان و ئەوانەی کوردستان دەپارێزین بجوڵێتەوە. حکومەتی باشووری کوردستان لە بریی ئەوەی داوا بکات، کە گەریلا لە خاکی باشووری کوردستان بڕوات دەرەوە، دەبێت لەگەڵ هەموو هێزە کوردییەکاندا لە دژی کۆماری تورکیا هەڵوێست نیشان بدات. ئەوە چاوەڕوانیی گەلەکەمان و دۆستەکانمانە.[1]