ئەمەریکا چەند ئامانجێکی هەیە لە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد لەبارەی نەوتی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، کە لە بەرژەوەندیی هەردوولایە.
جاک دیچ، ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی و پەیامنێری پێنتاگۆن لە گۆڤاری فۆرن پۆڵەسی و پەیامنێری ئاسایشی نەتەوەیی، لە ژمارەی مانگی ئاب-ی گۆڤارەکەدا، ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕێککەوتنەکەی کورد و ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردووەتەوە.
راپۆرتەکە بەو ناونیشانەیە ئەمەریکا بە کردەوە بەرگری لە نەوتی کورد دەکات لە سووریا، باس لەوە دەکات بەرپرسانی ئێستا و پێشووش لەسەر ئەوە کۆکن و پاڵپشتن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پشتیوانی لە بەرەوپێشچوونی کێڵگە نەوتییەکانی سووریا دەکات.
بەرپرسانی ئەمەریکی، بەپێی ڕاپۆرتەکە هەروەها فشار دەخەنە سەر وەزارەتی بەرگری و دەرەوە لەپێناو بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی #داعش# و بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی بۆ کورد.
رێککەوتنەکە لەنێوان کۆمپانیای دەلتا کریسێنت ئێنێرجی کە بارەگاکەی لە ویلایەتی نیوجێرسی-یە لەگەڵ کورد، بۆ نوێکردنەوەی کیڵگە نەوتییەکانی سووریا، بووەتە جێگەی مشتومڕی تەواوی هێزەکانی ناوچەکە.
ئەم ڕێککەوتنە بۆ یەکەمجار لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پیران لەنێوان لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان لە ویلایەتی ساوس کارۆلاینا و مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوه، بە وردەکارییەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە.
بەپێی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا: ئەم ڕێکخستنە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بێبەش دەکات لە قازانج و پارەکە و بەشە گەورەکەی بۆ کورد دەبێت، واشدەکات هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر زەوی ناوچەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بمێننەوە، کە تائێستا گۆڕەپانێکی پڕ لە ئاڵۆزی و کێشەیە بۆ هێزەکانی ئەمەریکا.
بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئەمەریکا لە ئیدارەی ترەمپ بە فۆرن پۆڵەسی گوتووه، پێدەچێت پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە بەهانەیەک بدەنە ترەمپ بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، دڵنیاشی دەکەنەوە لەوەی بە بێ بوونی هێزەکانی ئەمەریکا، کۆمپانیا ئەمەریکییەکە هەموو وەبەرهێنانەکانی لە ناوچەکەدا دەفەوتێت.
ئه و بەرپرسە دەشڵێت: کورد زیاتر پێداگرییان لەسەر ڕێککەوتنەکە کردووە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ناوچەکە جێنەهێڵن.... ئەمە وەک دیارییە بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا له سووریا.
هەروەها بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت، لە ڕاپۆرتەکەدا گوتوویەتی تائێستا ئەمەریکا بە هەوڵی وەزارەتی دەرەوە لە سووریا ماوەتەوه، ئەمەش بە بیانووی ڕێککەوتن لەسەر گرێبەستی نەوت لەگەڵ کورد.
گوتووشییەتی: ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا تەواو تورکیای نیگەران کردووە، چونکە تورکیا تائێستا نائارامە لەوەی هەوڵی ئەمەریکا بەردەوامە بۆ هاوکاری کورد له چوارچێوەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) کە باڵێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (#پەکەکە#)یە و تاوەکو ئەم ساتەش ئەمریکا و ئەوروپا لە لیستی تیرۆر دەریاننەهێناوە.
بەرپرسانی ئەمەریکا پێیانوایە گرێبەستە نەوتییەکە یارمەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەدات بەردەوامی بە ژیانی سیاسی بدەن، کە بەشی زۆری هێزەکە لە کورد پێکهاتووە.
بەرپرسە ئەمەریکییەکان پێیانوایە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ پێشخستنی کێڵگە نەوتییەکانی سووریا و گرتنەوەی دۆلار لەو وڵاتە، دەشێت دابڕانێکی دوورخایەنی پشتەوەی گرێبەستە نەوتییەکان بێت لەنێوان توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە دەستیان بەسەر هەندێک کیڵگەدا گرتووە لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد. هەروەها دەشبێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ فشاری زیاتری ئیدارەی ئەمریکا لەسەر ڕژێمەکەی ئەسەد.
ئەمەریکا بنەمای ئەم کارەی ڕێکخستووە بەوەی هاوپەیمانێتییەکی هەبێت بۆ دژایەتی داعش له سووریا، ئەویش هێزەکانی سووریای دیموکرات (#هەسەدە#)یە، کە خۆیان ئێستا پارێزگاری لە نەوتی حەسەکە و دێرەزوور دەکەن.
نیکۆلاس هیراس، پسپۆڕ لەبارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای توێژینەوەی خەڵک کە سەنتەرێکی توێژینەوەیه لە واشنتن دەڵێت: ئەمەریکا بە هێواشی و لەسەرخۆ کاردەکات بۆ بڕینی دەستی ڕژێمی ئەسەد و ڕووسیا لەسەر نەوتی سووریا تاوەکو ئەلتەرناتیڤێک بۆ ڕژێمی ئەسەد دێتە ئاراوە.
گوتیشی: ئەم هەوڵە وا دەخوازێت پابەندبوونێکی نائاشکرای ئەمەریکا هەبێت لە سووریا تاوەکو نەگەنە حاڵەتی داڕمان. لە ڕاپۆرتەکەی فۆرن پۆڵەسی-دا هاتووە: بەڵام هەتا ئێستا ڕوون نییە دەسەڵاتدارانی کورد لە ناوچەکە و بەرپرسانی ئەمەریکا، چۆن لە توانایاندایە بازاڕ بۆ نەوتەکە پەیدابکەن لە دەرەوەی ڕژێمی ئەسەد.
کێڵگە نەوتییەکانی سووریا بەهۆی شەڕ و ململانێ لە ناوچەکە و داعش، زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. بەپێی سەرچاوەیەکی گۆڤارەکەش 60%ی کێڵگە نەوتییەکانی خۆرهەڵاتی سووریا، پێویستییان بە چاکسازی و چاککردنەوەیە، کوردیش ڕەزامەندیان دەربڕیوە بە قازانجی فرۆشتنی ئه و نەوتە، ناوچەکە ئاوەدانبکەنەوە.
بەپێی ئه و سەرچاوەیە لە ڕابردوودا ئەمەریکا ڕەزامەندی دەربڕیوە بە دابینکردنی دوو پاڵاوگەی گەڕۆک بۆ کێڵگە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات. [1]