ژیاننامە: مەلا عەزیز فەتحوڵلا کاوێس
ناوی تەواوی(عەزیز فەتحوڵلا کاوێس مەلاک)ە، ساڵی(1939)زاینی لەدایک و باوکێکی بەرەی مەلاکی لەدایکبووە لەگوندی ئیلنجاغی گەورەی شارەدێی #تەقتەق#ی شارۆچکەی #کۆیە#، ساڵی(1947-1948) یەکەم وەجبەی منداڵانی ئیلنجاغی گەورە بووە کە چویتە بەر خوێندن تاوەکو پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە ئیلنجاغ خوێندووە، دواتر دەست دەکات بەخوێندنی فەقێیایەتی لەساڵی(1954)دا لەلای مامۆستا(مەلا سدیق عوسمان مەحمود ئیلنجاغی) بۆ ماوەی(12) مانگ لە ئیلنجاغی گەورە خوێندویەتی و ساڵی(1955) لەگەڵ مامۆستا مەلا سدیق ئیلنجاغی چووە بۆ گوندی(ئۆمەرگومبەت) هەر بەمەبەستی خوێندنی ئاینی و هەریەک لە(عەزیز ئۆمەر وەسمان و فارس ڕەسول قادر حەمەلاو و حەمید محێدین حەسەن و عومەر ئەبوبەکر مەحمود)ی لەگەڵدا بووە.
دوای ئەوەی مەلا سدیقی مامۆستاکەی دەچێتە حەج ساڵی(1956) بەناچاری بەره و شاری کۆیە بەرێ دەکەوێت بۆ درێژەدان بەخوێندن و یەکەمجار لەلای مامۆستا(مەلا زاهیر سادق) لە مزگەوتی(مەلا جامی) بۆ ماوەی وەرزێکی خوێندن وانەی(نحو)ی زمانی عەرەبی خوێندووە.
دوای ئه و خوێندنە ناوی سەربازی هاتووە و به و هۆیەوە نەچووە بۆ تاقیکردنەوەی مەلایەتی، تاوەکو سەربازی تەواو دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی(ئیلنجاغی گەورە).
لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی(1967)دا لە گوندی(خوڕخوڕ) بۆ ماوەی ساڵێک مەلایەتی کردووە، لەساڵی(1968-1972) لەگوندی(شیواشۆکی قەڵەم-کوردان) مەلایەتی کردووە بۆ ماوەی(5)ساڵان.
دواتر لە کۆتایی ساڵی(1972)دا گەڕاوەتەوە گوندەکەی خۆی(ئیلنجاغ) نزیکەی(8)ساڵان تاوەکو(22/10/1980) حکومەتی عێراق ئیلنجاغی چۆڵکرد و ماڵی دەچێتە شاری کۆیە.
لەکۆتایی ساڵی(1980)دا لە کۆیە دەست دەکاتەوە بە خوێندنی ئاینی و هەردوو بابەتی(فتح المبین، التفسیر)ی لەلای ئەم مامۆستا ئاینیانە خوێندووە(مەلا خدر، مەلا مستەفا، مەلا قادر کانی دەربەندی) کە زۆربەی بابەتەکانی لە مامۆستا(مەلاقادر دەربەندی) پێوتراوە و وەرگرتووه.
لەساڵی(1981)دا لە مزگەوتی(سدیق خاتوون) لەشاری #هەولێر# بە ناونیشانی خزمەتکار و بانگدەر(خادم و مؤ زن) دامەزراووە، پاش ماوەیەک دەگوازرێتەوە بۆ مزگەوتی(بەکر دلێر) لەشاری کۆیە، هەر لەکۆیە لە مزگەوتی(تەکیەی مام خەلیفە) تاقیکردنەوەی(قوئان خوێنی و بانگدان-قاریئ و مؤزن) دوای ئه و تاقیکردنەوەیە بەشداری تاقیکردنەوەی(پێش نوێژ-ئیمام)ی کردووە و بووە بەپێش نوێژی مزگەوتی(مەلا عومەر-کە دواتر بویتە مەلا مەعسوم هەورامی) لەشاری کۆیە.
لەدوای ڕاپەڕینی 1991 و کردنەوەی ناوچەی کۆیەی(یەکێتی زانایانی ئاینی) دەبێتە کارگێڕی ناوچەی کۆیە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کوردستان لە ساڵی(2000) هەڵبژێردراوە بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی کۆیە تا ساڵی(2020)ز.[1]