بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە و کەمبوونەوەی خواست لەسەر دروستکراوەکانی پێستە لە تورکیا و وڵاتانی دیکە، هەناردەی پێستەی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 96% کەمبووەتەوە، بەم هۆیەوە نرخەکەی زۆر دابەزیوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کەرەنتینی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا 129 هەزار و 965 تۆن پێستەی خاو و نیمچە خۆشکراو، لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی تورکیا، ئیتاڵیا، کۆریای باشوور، ئیسپانیا، پۆلەندا چین و ئەمەریکا کراوە، کە ساڵانە دەکاتە زیاتر لە 32 هەزار تۆن.
بەپێی داتاکان ساڵ بە ساڵ بڕی پێستەی هەناردەکراوی کوردستان ڕووی لە کەمی کردووە، بەجۆرێک لە ساڵی 2016دا 70 هەزار و 101 تۆن پێستە هەناردەکراوە، بەڵام لە ساڵی 2017 بۆ 32 هەزار و 500 تۆن دابەزیوە، لە ساڵی 2018دا 24 هەزار و 350 تۆن، لە ساڵی 2019شدا تەنیا 2 هەزار و 923 تۆن پێستە هەناردەکراوە.
بەپێی ئەو ئامارە، بڕی هەناردەکراوی پێستە لە ساڵی ڕابردوو بەراورد بە ساڵی 2016 بە ڕێژەی نزیکەی 96% کەمیکردووە، بەم هۆیەشەوە بەهاکەی بە ڕێژەی 84% دابەزیوە.
لە هەرێمی کوردستان پێنج کارگەی خۆشکردنی پێستە هەن (دوو کارگە لە #هەولێر#، دوو کارگە لەدهۆک و یەک کارگە لە #سلێمانی#)، ڕۆژانە لە توانایاندایە نزیکەی 12 تاوەکو 13 هەزار پێستەی ئاژەڵ خۆش بکەن و هەناردەی بکەن، بەڵام ئێستا دوو لەو کارگانە وەستاون و سێ کارگەکەش بە ڕێژەی 30٪ بۆ 40٪ی توانای خۆیان کاردەکەن.
کەمال سەیدۆ، خاوەنی کارگەی دهۆک بۆ خۆشکردنی پێستە، دەڵێت: بەهۆی کاریگەری قەیرانی دارایی خواست لەسەر پێستە و دروستکراوەکانی پێستە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان بەگشتی و تورکیا بەتایبەت زۆر کەمبووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر کەمبوونەوەی هەناردەی پێستەی کوردستان بۆ تورکیا و وڵاتان هەبووە، بەم هۆیەشەوە نرخی پێستە بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
کەماڵ سەیدۆ دەڵێت بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە و ئەو بارودۆخەی بەسەر تورکیا داهات، ژمارەیەک کارگەی گەورەی تورکیا مایەپووچ بوون ئەوەش وایکرد خواست لەسەر پێستە کەمبیێتەوە و کەمی خواست نرخی پێستەی زۆر دابەزاند، بۆ نموونە لە ساڵی 2016 کە بازاڕ خۆش بوو کارگەکان کیلۆیەک پێستەی ڕەشەوڵاخیان بە سێ دۆلار لە قەساب و کۆگاکانی خۆشکردنی پێستەی کوردستان دەکڕییەوە، ئێستا کیلۆیەک بە 50 سەنت دەکڕنەوە.
کارگەکەی کەمال سەیدۆ، یەکێکە لە کۆنترین کارگەکانی خۆشکردنی پێستە لە هەرێمی کوردستان و بەر لە 15 ساڵ دامەزراوە، کارگەکە دەتوانێت ڕۆژانە 3600 پێستەی مەڕ، 1200 پێستەی بزن و 350 تاوەکو 400 پێستەی ڕەشەلاخ خۆش بکات.
کارگەکە دوو ساڵ لەمەوبەر ڕۆژانە 2.400 پێستەی مەڕ و 1000 پێستەی بزن، 350 پێستەی ڕەشەوڵاخی خۆش دەکرد، دواتر 50%ی بەرهەمەکەی بۆ تورکیا، 30%ی بۆ عێراق و 20%یش بۆ ئیتاڵیا، ئیسپانیا، پۆڵەندا، چین، کۆریا وچەند وڵاتێکی هەناردە دەکرد، بەڵام ئێستا بە وزەی 30%ی پێشتر کاردەکات.
کەمال سەیدۆ، دەڵێت: ئێستا بەهۆی کەمی خواست ڕۆژانە 1200 پێستەی مەڕ خۆش دەکەین و تاڕاددەیەکیش وازمان لە خۆشکردنی پێستەی ڕەشەوڵاخ هێناوە، چونکە بەهۆی گرانی دەستی کار و نرخی کارەبا و تێچووەکانی دیکە، نرخی خۆشکردنی پێستە لێرە گرانترە لە تورکیا، بۆیە زیاتر بەشێوەی خاو هەناردەی تورکیای دەکەین.
بەگوتەی کەمال سەیدۆ، پێستەی کوردستان لە دەرەوە خواستی زۆری لەسەرە، ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە. کەمال سەیدۆ دەڵێت: خەڵکی کوردستان حەزیان لە گۆشتی ئاژەڵ ناسک و تەمەن بچووکە، بۆیە ئاژەڵەکان لە تەمەنی زوودا سەردەبڕدرێن. بەهۆی شووشتن و کوتانیش پێستی ئاژەڵەکانی کوردستان تووشی نەخۆشی نابێت، ئەم دوو تایبەتمەندیەش وایکردووە خواستی زۆر لەسەر پێستەی کوردستان هەبێت.
لە شاری هەولێر جگە لە دوو کارگەی خۆشکردنی پێستە، پێشتر 8 کۆگای خۆشکردنی سەرەتایی پێستە هەبوون. ئەم کۆگایانە پێستەیان لە قەساب و سەربڕخانەکان دەکڕییەوە، دوای خۆشکردنی سەرەتایی یان بەشێوەی خاو بە کارگەکانیان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا دوو لەو کۆگایانە داخراون، ئەوانی دیکەش دوای خۆشکردنی سەرەتایی لە ڕێگەی مۆڵەتی خاوەن دوو کارگەکەی دهۆک کە مۆڵەتی عێراقیان هەیە، ڕاستەوخۆ بەرهەمەکە بە خاوی هەناردەی تورکیا دەکەن.
کەمال جەلال عەبدوڵڵا، خاوەنی کۆگای ئەمیر بۆ خۆشکردنی پێستە لە شاری هەولێر، کە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە کاری خۆشکردن و فرۆشتنی پێستە دەکات، دەڵێت: پێشتر ڕۆژانە 10 تاوەکو 15 تۆن پێستەی ڕەشەوڵاخ و مەڕمان لە سەربڕخانەکانی هەولێر و شارەکانی دیکەی عێراق دەکڕییەوە، ئێستا بازاڕ لاواز بووە، ڕۆژانە تۆنێک تاوەکو سێ تۆن پێستەی ڕەشەوڵاخ لە قەسابخانەکانی هەولێر دەکڕینەوە، نزیکەی 100 تاوەکو 200 پێستەی مەڕ و بەرخ بۆ ڕیخۆڵەکەی دەکڕینەوە، بەڵام قەسابەکان لەکاتی کەوڵکردن زۆربەی پێستەکان دەدڕێنن بۆیە بەکەڵکی فرۆشتن نایەت زۆربەی فرێدەدەین.
بە گوتەی کەمال جەلال قازانجی ئەم بازرگانییە زیاتر بۆ بازرگانانی تورکیایە: بۆ نموونە ئێمە کیلۆیەک پێستەی ڕەشەوڵاخ بە 200 دینار لە قەسابەکان دەکڕینەوە، دوای خۆشکردنی 30 سەنت لە سەرمان دەکەوێت، ئەو بەرهەمە کۆدەکەینەوە تا دەبێت بە 25 تاوەکو 26 تۆن کە نرخەکەی نزیکەی شەش هەزار و 500 دۆلار لەسەرمان دەکەوێت، گومرگی کوردستان بۆ هەر تۆنێک 50 هەزار دینار وەردەگرێت, بە خەرجییەکانی دیکە بۆ هەر لۆریەک هەزار و 200 دۆلار وەردەگرن، کرێی بارکردن و گواستنەوەی بۆ تورکیا هەزار و 600 دۆلارە، لەدیوی تورکیاش سێ هەزار و 500 دۆلار گومرگ وەردەگرن، واتە بارێک کە نرخەکەی شەش هەزار و 500 دۆلارە، خەرجی ناردنی شەش هەزار و 300 دۆلاری دەچێت. لە کۆتاییەکەی لە هەر بارێک بە گوێرەی نرخی ڕۆژ 600 تاوەکو 1200 دۆلارمان بۆ دەمێنێتەوە.
ئەو پێستەی دەچێتە تورکیا بەشێکی لە ناوخۆی تورکیا دەکرێتە پێڵاو و شتی دیکە، پاشان هەناردەی کوردستان و عێراق و وڵاتان دیکە دەکرێتەوە. بەشێکیشی دوای خۆشکردن هەناردەی چین، ئەمەریکا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، کۆریای باشوور و پۆلەندا و هەندێ وڵاتی دیکە دەکرێت.
کەمال جەلال، دەڵێت: کۆرۆنا کاریگەری زۆری لە سەر بازرگانی پێستە هەبووە، بۆ نمونە لە سەرەتای ئەمساڵدا پێستەی ڕەشەوڵاخمان لە قەسابەکان بە 500 تاوەکو 600 دینار دەکڕییەوە، ئێستا کیلۆی بە 200 تاوەکو 250 دینار دەکڕینەوە، ئەمە لە کاتێکدایە دوو ساڵ پێشتر کیلۆی بە 900 تاوەکو 1200 دینار بوو.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کە پشتی بە داتای سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگەکانی هەرێمی کوردستان بەستووە، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا چوار ملیۆن و 113 هەزار و 379 مەڕ و بزن، 665 هەزار و 714 ڕەشەوڵاخ تەنیا لە کوشتارگەکان سەربڕدراون، پێستەی زۆربەی ئەو ئاژەڵانە هەناردە کراوە، یان بەهۆی بێ بازاڕی و دڕانەوە فڕێدراون.
فیراس سدیق، بەرێوەبەری سامانی ئاژەڵ، لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێت: پێستە یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی سامانی ئاژەڵ، پێویستە هاوشێوەی گۆشت و شیر وەک سامانێکی نیشتمانی گرنگی پێ بدەین، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی کارگەی دروستکراوەکانی پێستە لە کوردستان، ئەم بەرهەمە بە نرخێکی زۆر هەرزان هەناردەی تورکیا دەکرێت، دواتریش دروستکراوانی پێستە بە پارەی زۆر هاوردە دەکرێن.
فیراس سدیق بە پێویستی دەزانێت حکومەت لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنان و #وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازی بە دایبنکردنی زەوی و ئاسانکاری بۆ دامەزراندن و بەخشینی گومرگی و پێدانی قەرزی درێژخایەن، هانی سەرمایەداران بدات کە کارگەی گەورەی دروستکراوەکانی پێستە لە هەرێمی کوردستان دابمەزێنن.
ئەندازیار مستەفا زوبێر، بەڕێوەبەری هونەری و سەرپەرشتیاری کارگەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی، دەڵێت: هەموو ساڵێک لە پلانی ستراتیژیی وەزارەتمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران یەکێک لە پێشنیارەکان دامەزراندنی کارگەی دروستکراوەکانی پێستە بووە، بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ کەسێک بۆ ئەم مەبەستە داواکاری پێشکەش نەکردووە، ڕەنگبێ هۆکارەکەشی ئەوەبێ وڵاتانی دەوروبەر لەم پیشەسازییە پێشکەوتوون، وەبەرهێنەران ترسیان لەوە هەبێت کە نەتوانن لە نرخ و کواڵێتی کێبڕکێیان بکەن.[1]