پەری ساڵح حەمید موفتی
لە 16-01-1959 لە گەڕەکی بایزاغای شاری کۆیه، لە خێزانێکی کوردپەروەر لە دایک بووە؛ خوشکی شەهیدی فەرماندە شەهید شەهریارە؛ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دوا ناوەندی، لە کۆیە تەواوکردووە0
لە پۆلی چوارەمی گشتی ساڵی 1976بوو، هانی خوێندکارانی داوە، تا بۆ یادی بۆردومانی #قەڵادزێ# لە ڕۆژی 24-04-1976
بەرگی ڕەش بپۆشن و نەهێڵن وانە بخوێنرێ، دواتر تەختەڕەشی پۆلەکەی خۆیان بەیارمەتیی خوێندکارانی دی، بە سروود و وێنە دەنەخشێنن، بۆیە ماوەیەکی باش خۆی و دە پازدە خوێندکاری دی، لە (دائیرەی ئەمنی کۆیە) لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، دواتر بە پەیماننامە ئازاد دەکرێن.
لە قۆناغی چوارەمی کۆلێجی ئاداب، لە زانکۆی بەغدا، لەسەر هەڵوێستیی ڕامیاریی شەهید شەهریاری برای، بە خاو و خێزانەوە، بۆ بیابانی خوارووی ڕۆژاوای ئێراق، لەگەڵ (60) خێزانی دی، دەگوێزرێنەوە.
لەخولی دووەمی ساڵی 1982 ئەزموونی کۆتایی بۆ دوا قۆناغی کۆلێج، هیی دوو کۆرس و ڕۆژانە دوو تاقیکردنەوەی پێدەکرا، بەپلەی (زۆرباش) زانکۆ تەواو دەکات.
یەکەم دامەزراندنی لە 28-11-1982لە شارەدێی (دیانا) بووە، ماوەی چوارساڵ لەوێ ماوەتەوە، لەبەر وردیی و دڵسۆزیی لە کارەکانی کراوە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەر بۆ کاروباری خوێندکاران.
ساڵی 1986 وەک یاریدەدەری بەڕێوەبەر، بۆ شارەدێی (#دیبەگە#) گوێزراوەتەوە و دووساڵ لەوێ ماوەتەوە.
دوای هەڵگرتن و تێکدانی گوندەکانی کوردستان، بۆ ماوەی ساڵێک بۆ شارەدێی (خەبات) دەگوێزرێتەوە.
ساڵی 1989 بۆ ئامادەیی #هەولێر# دەگوێزرێتەوە، دوومانگ لەوێ دەبێت، لەبەر دووریی ڕێگاکە، بۆ خوێندنگەی شارستان، لە گەڕەگی نەورۆز دەگوێزرێتەوە بە مەرجێک وانەی عەرەبی بڵێتەوە، بەناچاری قبووڵی دەکات.
ساڵی 1996، لەبەر هەڵوێستی ڕامیاری، لە دوای یەک بۆ چەند خوێندنگەیەکی هەولێر دەگوێزرێتەوە0
لە ماوەی شازدە ساڵی دەوامکردنی لەبەر ئەوەی کۆی سەرجەم نمرکانی بۆ دوو ساڵی کۆتایی لە زانکۆ (83 0/0)بوو، بەردەوام هەوڵی درێژەدانی بە خوێندن داوە لە خوێندنی باڵا، خەونی لەپێشینەی بووە، بۆیە داوای گواستنەوەی ڕاژەکەی خۆی بۆ شاری (کۆیە) دەکات.
ساڵی 2004، ڕاژەکەی بۆ پەروەردەی کۆیە دەگوێزرێتەوە بۆ خوێندنگەی مەهاباد.
دواتر لە (زانکۆی کۆیە) لە ماستەر وەردەگیرێت لە بواری ئەدەبی کوردی 10-09-2006 بڕوانامەی ماستەر دەربارەی (ژیان و بەرهەمی مەلا عاسی) وەردەگرێت، بڕوانامەی دکتۆرا، لە بواری گێڕانەوە لە (کۆچیرۆکی چیرۆکنووسیی #گەرمیان#ی ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل) وەردەگرێت
بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە زانکۆی کۆیە دەبێتە مامۆستا.
ساڵی 2013، بۆ پەڕڵەمانی کوردستان لەسەرلیستی بزووتنەوەی گۆڕان خۆی کاندید دەکرێت و لە هەڵبژاردنی 21-09-2013 دەنگ دەهێنێت و ماوەی پێنج ساڵ وەک ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان دەستبەکار دەبێت.
خاوەنی چەندین نووسینی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەو ئەدەب و زمانە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی وەک: سەرقەڵەم و زمان و زانکۆ پرێس و چاودێر بڵاوکردووەتەوە. پەرتووکێکی چاپکراوی بەناوی (گێڕانەوە لە کۆ چیرۆکی ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل) هەیە.
ڕۆژانە نووسینەکانی لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکاتەوە
ئێستا خانەنشینە و نیشتەجێی شاری هەولێرە.[1]