مەترسیی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە بواری ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستانی ئێران
ڕوو لە بیروڕای گشتی، ڕێکخراوەکانی دادکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندنە گشتییەکان
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، وەکوو ڕێکخراوێکی مافی مرۆیی، کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک لە هەواڵنێران و پارێزەرانی بیاڤی مافی مرۆیی، زەنگی مەترسی لە بواری ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی لە کوردستانی ئێران دەرهێنا. ئەو زەنگە مەترسییە لەسەر ئەساسی زانیارییەکان کە لەو بوارەدا هەیە، بەو واتایە کە دەوڵەت بە شێوەی جیدی و سیستماتیک داسەپان، پشتڕاستکردنەوە و جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام لەهەمبەر زیندانییانی سیاسیی کورد لە بەرنامەی کاری خویدا قەرار داوە.
هەڵسەنگاندنی زانیارییە بەدەستهاتووەکان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو، لەو بوارەدا کە بڵاو کراوەتەوە، ڕەوتی بەرزبوونەوەی داسەپاندن، پشتڕاستکردنەوە و جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد لە مانگەکانی ڕابردوودا و هەروەها ئامادە و بڵاوکردنەوەی هاوکاتی بەرنامەگەلێک لەو بوارەدا، لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی نیشانەی جیددییەت لە سیستماتیک بوونی ئەو ڕەوتەیە کە دەتوانێت باسی لە ئیرادەی دەوڵەت بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی سەرکوتی سیاسی لە کوردستان بێت.
لە دوایین نموونە لەو بوارەدا، ڕاپۆرتەکان باس لە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی #شنۆ#، لەلایەن لقی 19ی دیوانی باڵای وڵاتە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی 2ی دادگای ئینقلابی #ورمێ#، بە تۆمەتی بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کراوە و ئەو حوکمەش لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیەش ئەوەشی خستەڕوو: دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکە لە دیوانی باڵای وڵات، بۆ دادگای شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو زیندانییە ڕەوانە کراوەتەوە.
ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ دووەمین جار لەلایەن لقی 2ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ئێعدام مەحکووم کراوە و ڕۆژی شەممە 28ی بەفرانباری ساڵی 98، بانگهێشتی بەشی مەدەدکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و حوکمەکەیان پێڕاگەیەندرابوو.
حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ساڵی 97 لە دیوانی باڵای وڵات پێشێل کراوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێ کرابوو.
بەدواداچوونی دووبارە بۆ دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی 2ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی شێخلو بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران جارێکی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، 12ی خەزەڵوەری ساڵی 96، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو.
ئەو زیندانییە سیاسییە، پاش برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و بەبێ تەواوکردنی دەوا و دەرمانەکەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ گوازرایەوە و بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لێپرسینەوە و ئازار و ئەشکەنجە درابوو.
پێشتریش لەو پەیوەندییەدا و لە ڕۆژی چوارشەممە 15ی گەلاوێژ، حوکمی لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری #سنە#، لە لقی 27ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم پشتڕاست کرابووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی بەغی بە ئێعدام مەحکووم کراوە و دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمەی پشتڕاست کردووەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری کامیاران کراوە.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، هەروەها جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام بە شیوەی جیددیتر لەهەمبەر زیندانییانی سیاسیی کورد جێبەجێ کراوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە 24ی پووشپەڕ، حوکمی ئێعدامی دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە خەڵکی #مەهاباد#، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کران.حوکمی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە ئامادەبوونی بنەماڵەی 13 کەس لە کوژراوەکانی تەقینەوەی بومب لە مانگی خەرمانانی ساڵی 89، جێبەجێ کراوە.
ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە 23ی پووشپەڕ، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە بەندی 1_2ی زیندانی ورمێ بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوون.
لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە لە حاڵێکدا بووە کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دەبێ دەستبەجێ بەرنامەی جێبەجێکردنی ئێعدامی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە ڕابگرن.
دەبێ ئەوەش بخرێتەڕوو کە ڕۆژی دووشەممە 22ی بانەمەڕ، حوکمی لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە شاری شنۆ جێبەجێ کرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا
2ی خەرمانانی ساڵی 99
#23-08-2020#