هاکان کاراچای، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا بە ئاژانسی فەرمیی تورکیا (AA)ی ڕاگەیاند، بەهۆی کۆرۆناوە لە یەکی ئاداری 2020 ماوەیەک بازرگانیی لەگەڵ عێراق ڕاگیرا، بەڵام دوای ماوەیەک جوڵەی بازرگانیی ئەم دوو وڵاتە دەستیپێکردەوە.
کاراچای دەڵێت تورکیا لە دەروازە سنوورییەکانی خابوور و ئیبراهیم خەلیل چەند مانگێک لەمەوبەر هەنگاوی پێویستی ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە و گوتی: چاوەڕێی ئەوە بووین لەلایەن حکومەتی هەرێم ڕەوشەکە ئاسایی بکرێتەوە. به و هەنگاوەی لەم پێناوەدا دەنرێن لانیکەم گواستنەوەی کاڵا و پێداویستییە بازرگانییەکان ئاسایی دەبێتەوە.
کۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هاتنی شۆفێرانی بارهەڵگری تورکیا لە خابوورەوە بۆ ئیبراهیم خەلیل گوتی: حکومەتی هەرێم لە سەرەتای مانگی ئابەوە ڕایگەیاند، ڕێگەدەدەن بە شۆفێرانی بارهەڵگر کە خەڵکی تورکیان دوای پشکنینی کۆرۆنا بۆیان هەیە بێنە ناو خاکی عێراق و بارەکانیان دابنێن. بەڵام بە چەند هۆکارێک ئەمە دواکەوت. دووبارە لە 19ی ئابەوە بڕیار بۆ جێبەجێکردنی درا. لەم چوارچێوەیەدا لە شەوی ڕابردووەوە دوای پشکنین، ڕێگە بە شۆفێرانی بارهەڵگری تورکیا دەدرێت بێنە ناو خاکی عێراق و کاڵا و پێداویستییەکانیان دابنێن.
هاتنی شوفێرانی تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان، ناڕەزایی شوفێرانی هەرێمی کوردستانب لێکەوتەوە و شەوی 19ی ئاب لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گردبوونەوە.
هاکان کاراچای دەڵێت: حکومەتی هەرێم مەرجی ئەنجامدانی پشکنینی داناوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، کاتێک بیرمان لە قەبارەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان کردەوە لە دەروازەی سنووری خابوور-ئیبراهیم خەلیل، بۆمان دەرکەوت کە پێویستمان بە ناوەندێکی پشکنینی کۆرۆنایە کە پشکنینەکان بەشێوەیەکی خێرا بکرێن، چاودێری دروستکردنی ناوەندێکی لەم شێوەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانمان کرد، ئێمەش سەردانی ناوەندەکەمان کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری شێوازی کارکردنی ناوەندەکە بووین.
کاراچای داوا لە شۆفێرانی تورکیا دەکات گرنگی بە پاکوخاوێنی و بەکارهێنانی دەمامک و دەستکێش بدەن، هەروەها نەچنە نێو قەرەباڵغی. بە زووترین کات بارەکانیان دابنێن و بگەڕێنەوە.
لە سەرەتای مانگی ئاداردا بەهۆی پەتای کۆڕۆنا بازرگانی پەکی کەوتبوو، کاراچای دەڵێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بازرگانی بێبەرکەوتن (گۆڕینی شۆفێری بارهەڵگر لەسەر سنوور) بووژانەوەی بەخۆیەوە بینی.
هاکان کاراچای ئاشکرای کرد: دوای دەستپێکردنی بازرگانی بێبەرکەوتن، جارێکی دیکە بازرگانی بووژایەوە و ئێستاش قەبارەی بازرگانی نزیکبووەتەوە لە ئاستی پێش کۆرۆنا. ڕۆژانە 1350-1400 بارهەڵگر دێنە ناو عێراق. هیواخوازین ئەم میکانیزمە نوێیە نەبێتە هۆی هیچ کێشە و ئاستەنگێک و ژمارەی بارهەڵگرەکان زیاتربکرێت.
کۆنسوlی تورکیا لە هەولێر، قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراقی ئاشکرا کرد و گوتی: سەرەڕای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و ژمارەیەکی زۆر بەربەست، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بازرگانیی تورکیا لەگەڵ عێراق گەیشتووەتە چوار ملیار و 800 ملیۆن دۆلار.[1]