لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2020دا زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندیان بە هێڵی گەرمەوە کردووە، لێپرسراوی هێڵی گەرمی 119 لە پارێزگای #سلێمانی#ش ئاشکرایدەکات کە زۆربەی ئەو کەسانەی پەیوەندیان بە هێڵی گەرمەوە کردووە، کێشەی هەڕەشە و خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیان هەبووە و قوربانیەکانیش زۆربەیان ژنن.
توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، یەکێکە لە پرسە بەردەوامەکانی کۆمەڵگا لە هەرێمی کوردستان، هێڵی گەرم وەک یەکێک لە ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژییە لە ساڵی 2018وە کراوەتەوە و هێڵەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، بەهاوکاری ڕێکخراوی UNFPAی ئەنجامدراوە و لە هەموو شارو شارۆچکەکانی هەرێم کاری پێدەکرێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا پێنج هەزار و 198 کەس لە هەرێمی کوردستان پەیوەندیان بە هێڵی گەرمەوە کردووە، بەشێکی زۆری پەیوەندییەکانیش بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بووە، کە پەیوەندیەکەران داوای ڕێنماییان کردووە، بەجۆرێک 60٪ی پەیوەندییەکان بۆ داواکردنی ڕێنماییەکان لە بارەی کێشەکانیانەوە بووە، لە 10٪ی ئەو پەیوەندییانەی کە هەیە کێشەکانیان هیشتا چارەسەر نەکراوە، 30٪ کێشەی ئەوانەی پەیوەندییان کردووە چارەسەرکراون.
بەپێی وتەی جوتیار ناسر، لێپرسراوی هێڵی گەرمی 119 لە پارێزگای سلێمانی زۆرینەی ئەو کەسانەی کە پەیوەندیان بە هێڵی گەرمەوە کردووە، کێشەی هەڕەشە و خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیان هەبووە، زۆرینەی قوربانیانی ئەو کێشانەش ژنان، کە زۆربەیان گەنج و تازە پێگەیشتوون.
دەربارەی کێشەکانیش دەڵێت: بەشێکی ئەو کێشانە ئەوەیە دوو کەس لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکتر دەناسن، دواتر وێنە گۆڕینەوە دەبێت، پاشان ڕەگەزی بەرامبەر داوا لە ژنەکە دەکات پارەی پێبدات، یاخود ئەگەر کاری نەشیاوی لەگەڵ نەکات ئەوا وێنەکانی بڵاودەکاتەوە، بۆیە زۆرینەی جار ژنان دەبنە قوربانی خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتی و ئامێرە پەیوەندییەکان.
لە کاتی کێشەیەکی بەو جۆرەشدا زۆربەی جار کەسەکان دەیانەوێت بە نهێنی کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت، لەناو بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەشێکی تایبەت بەو کێشانە هەیە بە ناوی “تی-مۆبایل”، کە کەسەکە دەیەوێت کێشەکەی نهێنی بێت.
لێپرسراوی هێڵی گەرمی 119 لە پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوە شکرد، ئەوان لەو بەشەدا فۆڕمێکی تایبەت بۆ کەسەکە و کێشەکەی پڕدەکەنەوە و سەرجەم زانیارییەکانی لێوەردەگیرێت، ئەگەر چی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کەسی زۆر شارەزا لە بواری تەکنەلۆژیا و ئایتی نییە، بەڵام لەلایەن پۆلیس، ئاسایش، دژەتیرۆ هاوکاری دەکرێین.
دەکرێت تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئامێرە تەکنەلۆژییەکان ببنە هۆکاری زیاتری هۆشیاری دەربارەی توندوتیژییەکان و سوود بە کۆمەڵگا بگەیەنن، بەڵام وەک کاروان حەمە فەرەج، دەرووناس باسی دەکات تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بوونەتە ئاسانکار و یەکێک لە ئامرازەکانی توندوتیژییەکان کە ئەنجامدەدرێ.
بەپێی وتەی ئەو دەروونناسە، هۆکارەکانی توندوتیژی زۆرن، بەڵام سێ هۆکاری سەرەکی پاڵنەر هەیە، بۆماوەیی، ژینگەی پەروەردەیی و بیرکردنەوە و ویستی ئەو کەسە بۆ ئەنجامدانی ئەو توندوتیژی و تاوانە، هەروەها لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر قەیران و نەخۆشیەکدا توندوتیژییەکان بەرزتر دەبنەوە، بەپێی توێژینەوە جیهانییەکانیش لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا 300٪ توندوتیژییەکان لە جیهاندا زیادیانکردووە.
هەروەها باس لەوەش دەکات کە بەهۆی خراپی گوزەران، دەستەبەتاڵی گەنجەکان، دۆخی هاوڵاتیان و شکستخواردنی پەروەردەی خێزانەکان تاکەکان تووشی پەشێویەکی زۆری دەروونی بوون، باش ئامادەنەکراون بۆ دۆخێکی سەخت، یاخود خۆی بە گرنگ نازانێت، دەیەوێت بەوە خۆی دەربخات کەبەرامبەر بە کچێک بڵێت وێنەکەت بڵاو دەکەمەوە و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وەک ئامرازێک بەکاربهێنێت، دەیەوێت بەوە خۆی دەربخات، کەواتە کەسەکە لە دەرووندا تەواو نییە.
کاروان حەمە فەرەج، ئەوەش دەخاتە ڕوو کە چەندین کێشەمان هەیە بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کار گەیشتووەتە ئەوەی کەسەکە خۆی کوشتووە، ناوی زڕێندراوە، کاری سێکسی ئەنجامداوە، بەرپرسیارێتی یەکەمیشی بۆ چارەسەکردنی دۆخی گەنجان و کەمبوونەوەی توندوتیژی، خستە ئەستۆی خێزانەکان، دواتریش ناوەندە پەروەردەیی و فێرکردنەکان، لە پاشاندا ڕێکخراو و گرووپەکانی مافی مرۆڤ و گەشەپێدانی مرۆیی، تا هەستی بەرپرسیارێتی لەناو گەنجەکاندا دروستبکەن.
لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان، هێڵی گەرم و چەندین ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان هەن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی ژنان، بەڵام هێشتا لە هەرێمدا ساڵانە سەدان ژن بەهۆی توندووتیژییەکانەوە دەبنە قوربانی و دەکوژرێن یان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە. [1]