رونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
هاونیشتمانیانی بەڕێز،
هەڵسوڕاو و دەنگدەر و پشتیوانانی #بزووتنەوەی گۆڕان#
ماوەیەکە لێرەو لەوێ، هەندێک لایەن و کەس و ماڵپەڕ، لەچوارچێوەی شەڕی دەرونی دژ بە بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازان، پڕوپاگەندەو درۆی ژەهراوی بڵاودەکەنەوە، کە گوایە بزوتنەوەی گۆڕان کۆمپانیای بازرگانی هەیە و لە دەروازەکان کار ئەکات. ئەو لایەنانە، کەخۆیان ڕۆژانە سەرقاڵی بەدەستهێنانی نایاساییانەی داهاتن لە دەروازەکان، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کارە دزێوەو دزیکردن لە داهاتی گشتی و قوتی هاونیشتمانیان، لەرێگەی ئۆرگانەکانیان وەیا ئەو کەسانەی خزاونەتە نێو بازنەی بەرژەوەندیەکانیان، دەیانەوێت بزوتنەوەی گۆڕان وەک خۆیان وێنا بکەن. دیارە ئەمە نەیەکەم جار و نە دواجار ئەبێت بۆ خۆڵکردنە چاوی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان ئەم جۆرە پڕوپاگەندانانە ئەکرێن. بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی ئەزانێت ئەم ڕاستیانە بۆ هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان بخاتە ڕوو:
یەکەم: بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کۆمپانیایەکی بازرگانی نیە.
دوەم: بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کارێکی بازرگانی لەدەروازەکان و دەرەوەی دەروازەکان ناکات.
سێیەم: بزوتنەوەی گۆڕان بەئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەزانێت، هەموو ئیجرائاتێکی یاسایی و ئسوڵی پێویست بگرێتە بەر بۆ کۆتایی هێنان بەو کارە نایاسایی و دزی کردنە لە مەرزەکان و قۆرخکاری بازاڕ و برەودان بە کۆمپانیای حزبی.
چوارەم: دروشمی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستاو لە ئایندەشدا، دوور خستنەوەی دەستی حزبە لە بازرگانی و قۆرخکاری وکۆنترۆڵ کردنی بازاڕ لەلایەن کەرتی حزبی و کەسایەتیە بەرپرسەکانی حزبەوە. بۆ ئەو ئامانجە خەباتمان کردوەو بەردەوام ئەبین.
دواجار داوا لە هەمو کەس و لایەنێک ئەکەین، گەر هەر جۆرە زانیاری و دۆکۆمێنتێکی لایە لەسەر بونی کاری بازرگانی بەناوی گۆڕانەوە، پێشکەشی ڕای گشتی و لایەنی پەیوەندیداری بکەن. بەپێچەوانەوە، قسە فڕێدان بەمەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەتهەڵبەستن، بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستیەکان و ون بونی کەیسەکە و تەڕ و وشک پێکەوە سوتاندن، ناچارمان ئەکات پەنا بۆ ڕێکاری یاسایی ببەین.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان
#29-08-2020#