بۆتان سەفیر، خاوەن پرۆژەی خالە لە هەولێر دەڵێت پرۆژەی پەلەوەری دایکانەی خالە، ساڵانە نزیکەی 12 ملیۆن هێلکەی ترووکاندن بەرهەمدەهێنێت، نزیکەی 10 ملیۆن جووجکی یەکڕۆژە بەرهەمدەهێنێت، نزیکەی شەش مانگە ڕامانگرتووە، هۆکاری ڕاگرتنیشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ڕکابەرییان لەگەڵ هێلکەی ترووکاندنی دەرەوە پێناکرێت، نزیکەی 45 کارگوزاریشیان بەوهۆیەوە لە کارەکانیان وەستاون.
لە هەرێمی کوردستان 17 پرۆژەی مریشکی دایکانە هەن کە ئەگەر هەموو توانای کارکردنیان بخەنەگەڕ، دەتوانن ساڵانە 103 ملیۆن و 728 هەزار و 880 هێلکە بەرهەمبهێنن. لەکاتێکدا خواستی ناوخۆ نزیکەی 92 ملیۆن هێلکەیە، 18٪ی زیادەی بەرهەمەکە هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.
هێرش یاسین، بەرپرسی پرۆژەی کاروان لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان تەنیا 10٪ی توانای خۆیان بەگەڕخستووە، دەشڵێت، ئەگەر حکومەت هاوکارییان بکات دەتوانن هێلکەی زیاتر بەرهەمبهێنن ئێستا ساڵانە دوو ملیۆن هێلکەمان هەیە، ئەگەر پرۆژەکانی دیکەش ئیش پێبکەین دەبێتە پێنج ملیۆن هێلکە و هەلی کاریش زیاتر دەبێت بۆ گەنجان.
لەکاتێکدا هێلکەی ترووکاندنی ناوخۆ لەنێوان 27 تاوەکو 30 سەنت دەفرۆشرێت، هێلکەی ئێرانی بە 10 تاوەکو 12 سەنت و هێلکەی تورکی بە 15 تاوەکو 20 سەنت دەهاتە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند پرۆژەکان تووشی پەککەوتن بوون، زۆریان لەکارکەوتوون. بۆئەوەی ئەوانیش پێڕابگەن و بێنەوە سەر کار و دووبارە پرۆژەکان ببوژێتەوە، هەنگاوی یەکەم 10 سەنتمان وەکو باج خستووەتە سەر هێلکەی هاوردە، ئەگەر زانیمان ئەمان دەتوانن دەستەبەری هەرێمی کوردستان بکەن، ئەوا هەنگاوی دووەم هاوردەی هێلکە بە یەکجاری ڕادەگرین.
بە زیادکردنی باجی 10 سەنتی بۆ هاوردەکردنی هێلکە، تاڕاددەیەک نرخی هێلکەی ترووکاندنی هاوردەکراو و ناوخۆ لێک نزیکدەبنەوە و دەکرێت ببێتە هاندانێک بۆ وەگەڕخستنەوەی پرۆژە داخراوەکان.[1]