30ی مانگی ئابی هەموو ساڵێک ڕۆژی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنکراوانە، کە بەپێی لیژنەی نێودەوڵەتی کاروباری بێسەروشوێنەکان، ژمارەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێوان 250 هەزار بۆ یەک ملیۆن بێسەروشوێنکراوە، جیاوازی زۆریی نێوان ئەو دوو ژمارە بەڵگەی نەبوونی ئامارێکی وردە لەسەر ژمارەی کەسانی بێسەروشوێنکراو بەدرێژایی زیاتر لە 40 ساڵ لە عێراق.
ئەنەس عەزاوی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند: بێسەروشوێنکراوانی عێراق بریتین لە بێسەروشوێنکراوانی جەنگی عێراق و ئێران، شاڵاوەکانی ئەنفال، ڕاپەڕینی 1991، هەروەها ڕووداوەکانی دوای 2003 و بێسەروشوێنکراوانی خۆپێشاندانەکان.
ئاشکراکردنی چارەنووسی کوردانی ئێزدی بێسەروشوێنکراو لەلایەن #داعش#ەوە لە عێراق بەجیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ، کە تاوەکو ئێستا 181 گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق دۆزراونەتەوە و هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.
عەزاوی دەڵێت: کێشەی سەرەکی لە عێراق بریتییە لە نەبوونی تۆمارێکی ناوەندی بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی تایبەت بە بێسەروشوێنکراوان.
هاوکات لیژنەی نێودەوڵەتی کاروباری بێسەروشوێنەکان ڕایگەیاند، نەبوونی ئاماری ورد و تۆمارێکی ناوەندیی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری تایبەت بە بێسەروشوێنەکان و کەسوکاریان لە عێراق، هۆکاری دواکەوتنی ئاشکراکردنی چارەنووسیانە، بۆیە پرسی ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو بێسەروشوێنانە لە عێراق زۆرخراپە، لە کاتێکدا عێراق زۆرترین ژمارەی کەسانی بێسەروشوێنی هەیە لە ئاستی هەموو جیهان.
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دەیان هەزار بێسەروشوێنکراو لە هەرێمی کوردستان هەن کە زۆربەیان قوربانیانی ئەنفالن. سەدان گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی هەن کە هەڵنەدراونەتەوە.
وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ڕێگەی ڕێکخراوی خاچی سوور، یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق هەوڵی ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان دەدات.
وەزارەتی شەهیدان بانکی زانیاری تایبەت بە قوربانیانی ئەنفالی هەیە بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو بێسەروشوێنکراوانەو لە هەوڵدایە لە تۆماری لیژنەی نێودەوڵەتی کاروباری بێسەروشوێنەکان بەشداربێ.
بەشێکی زۆری بێسەروشوێنکراوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بریتین لە قوربانیانی کوردی شاڵاوەکانی ئەنفال و کوردانی ئێزدی بێسەروشوێنکراو لە ساڵی 2014 لە لایەن چەکدارانی داعشەوە، کە لە کۆی 6417 ڕفێندراویان تاوەکو ئێستا 3530 ڕفێندراویان ڕزگارکراون و ئەوانی دیکە هێشتا چارەنووسیان نادیارە.[1]