رتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە بە بۆنەی یەکی ئەیلول ڕۆژی جیهانی ئاشتی، بەیانی بانگەوازی بۆ ئاشتی بڵاو کردەوە.
بەیانەکە لە لایەنی پەروین بولدان و میتحات سانجار هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپەوە لە پەرلەمانی تورکیا لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرا کرا. پەرلەمانتارانیش بەشداریان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەدا کرد.
سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکە هاوسەرۆکانی هەدەپە بە بۆنەی یەکی ئەیلول ڕۆژی جیهانی ئاشتی، پیرۆزیاییان ئاڕاستەی گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کرد.
لە پشت هەموو کێشەکانەوە، سیاسەتی شەڕ بوونی هەیە
لە بەیانەکەدا تیشک خرایە سەر سیاسەتی شەڕ و ئاڵۆزیەکان لە لیبیا، سوریا، عێراق، ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی و ئیجە و ئاماژە بەوە کرا کە بەو سیاسەتەی شەڕ و دروستکردنی ئاڵۆزی، وڵات بەرەو دواڕۆژێکی نادیار دەچیت.
هەدەپە تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەم سیاسەتە بە کەڵکی کۆمەڵگا و وڵات و تەنانەت دەسەڵاتداریش نایەت.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا تیشک خرایە سەر بە بنەماگرتنی سیاسەتەکانی شەڕ و جەختیش کرایەوە کە تاقینەکردنەوەی سیاسەتی ئاشتی، هەڵەیەکی گەورەیە و بەم شێوەیە باسی لێوە کرا:ئێمە هەموومان پێویستیمان بە ئاشتی و دیالۆگ و دانوستان هەیە، نەک شەڕ و جەنگ. وەکو ئەو خاکەی تینووی ئاوە، بە هەمان شێوە وڵاتی ئێمەش پێویستی بە سیاسەتی ئاشتی هەیە.
'چارەسەرنەکردن، قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە'
هەدەپە ڕاشیگەیاند، ئەم ئاستەی پرسی کورد، ئیدی چارەسەری دەسەپێنێت، بانگەوازیشیان لە کەسانی دیمۆکرات و ئەو کەسایەتیانەی بیر لە دواڕۆژی ئەم وڵاتە دەکەنەوە، کرد کە نابێت ئەم ڕاستیە نادیدە بگرن و وتیان: ئەم بارودۆخە وەکو ئەوەی ڕووداوێک پیشان دەدەن، کێشەکە ئیدی سنوورەکانی وڵاتی تێپەڕاندووە، بووە بە پرسێکی هەرێمی و جیهانی. تا ئەو کاتەی سیاسەتی چارەسەرنەکردن بەردوام بێت، تا ئەو کاتەی داینامۆی شەڕ زیندوو بێت، تورکیا تا ماوە لە ڕووی سیاسی و ئابوریەوە بەستراو دەبێت بە هێزە نێودەوڵەتیەکانەوە و پێویستی پێیان دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە کێشەکە لە بنەڕەتدا کێشەی خۆمانە و دەبێت ئەم کێشەیە لە ناو ئەم وڵاتەدا چارەسەر بکرێت.
بۆیە ئێمە لە پەرلەمانی تورکیاوە جارێکی تر بانگەوازی ئاڕاستەی ئەو هێزانە دەکەین کە لایەنگری چارەسەرین و پێیان دەڵێین: لەم ڕووەوە هەموومان بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە. هیچ کەسێک ناتوانێت لە چارەسەری ڕابکات. ئێمە لە قۆناغێکی وەهاداین کە ئیدی چەقۆ گەیشتووەتە ئێسقان. ئیدی چارەسەریەکی دیمۆکراتیک و ئاشتیانە خۆی دەسەپێنێت.
لە چوارچێوەی بەیانەکەدا بە مەبەستی چارەسەری 4 خاڵ دەستنیشان کراون.
لە خاڵی یەکەمدا، هەدەپە بانگەوازیەکی ئاڕاستەی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە و ئەقلی دەوڵەت کرد کە واز لە هەڵوێست و سیاسەتی شەڕ و چارەسەرنەکردن بهێنن. لەم چوارچێوەیەدا باس لەوە کرا کە، تورکیا ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بکات و کۆتایی بە شەڕ بهێنێت، ئەوا لە ناوچەکە دەبێتە خاوەنی پیرۆزمەندیەکانی دیمۆکراتیک و مۆدێلێکی بەهێز. بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژە بە دانوستانەکانی دۆلماباخچە کرا و جەختیش کرایەوە کە ئەو قۆناغە بۆ چارەسەری کێشەی کورد تا ئێستاش لەجێی خۆیدایە.
هەدەپە هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆڵی عەبدولا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بۆ چارەسەری و بەدیهێنانی ئاشتی و دیمۆکراسی و جەختیش کرایەوە کە دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری سەر ئۆجالان بهێنرێت.
بانگەوازیەک بۆ لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ڕای گشتی
هەدەپە لە چوارچیوەی خاڵی دووهەمی بەیانەکەدا، تیشکی خستە سەر ئەوەی بۆ چارەسەری کێشەکە، بەرپرسیارێتیەکی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و کۆمەڵاگا، چونکە پرسی کورد، پرسێکی ژیانیە و نابێت لە چنگی دەسەڵاتدا بهێڵرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا باس لەوە کرا کە، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەبێت داواکاریەکانی گەلی کورد بۆ بەدیهاتنی ماف و ئازادیان، وەکو بەشێک لە ئامانجی بەیەکەوە ژیانکردن و یەکسانی و دیمۆکراسیبوونی تورکیا تەماشا بکەن.
لە چوارچێوەی خاڵی سێهەمیشدا باس لەوە کرا:ئەم کێشەیە نابێت تەنها وەکو کێشەی کورد و هەدەپە تەماشا بکرێت. هەدەپە لە چوارچێوەی چارەسەری کێشەی کورددا، لایەنگری ماف و ئازادیە. بۆ بەدیهێنانی ئازادی و مافی گەلی کورد، پێویستە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای تورکیا، ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینن. ئێمەش وەکو هەدەپە ڕۆڵمان بۆ دیالۆگ و دانوستانە. ئێمە ئامادەین کار لە گەڵ هەموو کەسێکدا بکەین کە هەوڵ بۆ چارەسەریەکی ئاشتیانە و دیمۆکراتیکدا دەدات.
'لایەنەکانی کێشەکە دەبێت بە شێوەیەکی فیداکارانە بجوڵێنەوە'
لە چوارچێوەی خاڵی چوارەمیشدا باس لەوە کرا کە بۆ کێشەی کورد، لە دەرەوەی ڕێبازی چەکداری و شەڕ، ئیدی هەڵبژاردەی دیالۆگ و دانوستان خۆی دەسەپێنێت. هەدەپە تیشکی خستە سەر ئەوەش کە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت هەموو لایەنەکان، بیر لە دواڕۆژی تورکیا بکەنەوە و بە فیداکارانە هەنگاو بنێن.
لە کۆتایی بەیانەکەشدا باس لەوە کرا: پارتەکەمان بڕوایەکی تەواوی بە سیاسەتی خۆی بۆ چارەسەری و دیمۆکراسی و ئاشتی، ڕێنوێنیەکانی ژیانی یەکسان، سووربوونی گەل بۆ ئاشتی و هێزی تێکۆشان و بڕیارداریی خۆی، هەیە.
هەدەپە لە بارەی چارەسەریی ئاشتیانە و دیمۆکراتیکەوە، ئامادەیە بەرپرسیارێتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئاشتی تەنها وەستاندنی شەڕ نیە، مەبەست لە ئاشتی ئەوەیە کە پلانێکی هاوبەش بۆ بێدەنگکردنی چەک، دابنرێت و بۆ چارەسەریی پرسی 100 ساڵەی کورد، هەنگاوی هاوبەش بنرێن. ئەگەر هەموومان بە یەکەوە بۆ ئاشتی تێنەکۆشین، ئەوا هیچ کات ناتوانین ئاشتی، دیمۆکراسی و ئازادی بەدی بهێنین. لە بارەی کاروانی هاوبەشماندا، ئێمە هیچ کات واز لە سووربوونمان ناهێنین. ئێمە پڕ بە دڵ بڕوامان بەوە هەیە کە بەیەکەوە دەتوانین سەرکەوین.[1]