دوا بەدوای کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی 5/ 9/ 2020 فراکسیۆنی گۆڕان بە ئامادەبونی تێکرای ئەندامەکانی لە شاری بەغدا کۆبوەوە و تیایدا ئەم خاڵانەی خوارەوە ئاراستەی ڕایگشتیی و جەماوەری گۆڕانخوازی کوردستان دەکات :
یەک: جەخت لەسەر ناوەرۆکی ڕاگەیەندراوی پێشوی فراکسێۆن لە 8/20 دەکەینەوە و دوپاتی دەکەینەوە کە کابینەیەی (نۆ)ی حکومەتی هەرێم شکستی خواردوە و ئەجێنداکانی دژی خەڵک و فەرمانبەران و ئازادیخوازانە و دەبێ گۆڕان لێی بکشێتەوە.
سەبارەت بەو قسانەیش کە بەناوی ڕێکخەری گشتیی لەناو جڤات و بە نارەسمیی بڵاوکراونەتەوە و گوایە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئێمەی کردوە، دەمانەوێ بە ڕونی ڕایبگەیەنین کە ئیمە ئەگەرچی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکین و بە دامەزراندن پۆستمان وەرنەگرتوە، بەڵام هەمومان ئامادەین دەستبەجێ دەستلەکاربکێشینەوە ئەگەر بڕیار بەدەستانی ئێستای گۆڕان بڕیار بدەن لە حکومەتی هەرێم بکشێنەوە و ڕێکخەر و خانە جێگەکانیان بۆ خەڵکی شایستە چۆڵبکەن، هیچ کام لە ئێمەش چاومان لە هیچ پۆستێکی حزبیی و حکومی و پەرلەمانی نیە و وەک گۆڕانخوازێکی ئاسایی دەمێنینەوە، بەڵام لە هەر پێگە و جێگەیەکدا بین داکۆکی سەرسەخت لەو فکر و بنەما سەرەتاییانە دەکەین کە گۆڕانمان بۆ دامەزراند.
دو: نیگەرانین لەو ئاستە نزمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نوێنەری فراکسێۆنی گۆڕان کە لە کۆبونەوەی جڤاتدا کراوە و، جێگەی هەڵوەستەی جدیمانە لەبری لێپرسینەوە لە تیمی گۆڕان لە حکومەت بەتایبەت لە پرسی لێبرینی موچەی فەرمانبەران کە سیستمێکی زۆرەملێی نایاساییە و سەپێنراوە، بەڵام لە بری ئەوە پەلامارێکی ئاست نزمی فراکسێۆنەکەی ئێمە دراوە کە سەرسەختانە داکۆکی لە ماف و موچە و ژیانی هاوڵاتیان لە هەرێم و بەغدا دەکات و ڕاستگۆیانە بەرگری لە پرەنسیپەکانی گۆڕان دەکات.
سێ: ئێمە بە هەستکردن بە نیگەرانیی خەڵک داوامان کردوە کە گۆڕان لە حکومەت بکشێتەوە، ئەمەشمان بە بەیاننامە و ڕوبەڕوش لە کۆبونەوەی جڤات دوپاتکردۆتەوە، بەڵام بێ هیچ دەنگدان و ڕاپرسی و ڕێزگرتنێک لەو داوایە، وتەبێژی گۆڕان مانەوەی گۆڕانی لە حکومەت ڕاگەیاند و شیوازی مامەڵەکەشیان لەگەڵ نوێنەری فراکسێۆن دەرخەری داخستنی دەرگای گفتوگۆیە لەسەر ئەو بابەتە لە لایەن ئەوانەوە و ئەمەش وایکرد کە پەیوەندیەکانمان لەگەڵیاندا هەڵپەسێردرێت.
چوار: فراکسێۆنی گۆڕان لە کۆبونەوەکەیدا جەختی لە چەند پرسێک کردەوە کە چالاکانە کاریان لەسەر دەکات وەک پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی 2020 و 2021 و، یاسا هەستیارەکانی وەک هەڵبژاردن و دادگای فیدراڵی.
هەروەک فراکسێۆن بە دواداچونی تەواو دەکات بۆ پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەکانی جوتیاران و هەمو ئەو مافەدەستوریانەی کە هەرێم هەیەتی.
دەمانەوێ ڕونبێ کاری لە پێشینەی ئێمە ئەوەیە داکۆکی لە خەڵک و دەنگدەری خۆمان بکەین لە سەر ئاستی عێراق، بەڵام لە هەمانکاتیشدا لە هەرێم شەر لەسەر گەیشتنی ئەو ماف و شایستانە بە هاوڵاتیان دەکەین و لە بەغدا و #هەولێر# چاوپۆشی لە هیچ گەندەڵی و بەفیرۆدانێک ناکەین.
فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
#07-09-2020#