بەپێی ڕووپێوییەک، لە هەرێمی کوردستان تەمەنی مامناوەند بۆ هاوسەرگیری لەنێو کچاندا 20.7 ساڵە، بەڵام لەنێو کوڕاندا 24.5 ساڵە. لەنێو پارێزگاکانیشدا، کوڕان و کچان لە پارێزگای سلێمانی درەنگتر لە هەر پارێزگایەکی دیکە هاوسەرگیری دەکەن، تەمەنی مامناوەند بۆ کوڕان و کچان لەو پارێزگایە بەدوای یەکدا 24.8 و 20.9 ساڵە.
رووپێوییەکە لەلایەن نووسینگەی فەرمانگەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی دانیشتووانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە مانگی ئابی 2017 بۆ مانگی ئایاری 2018 ئەنجامدراوە، تێیدا پرسیار لە 13 هەزار و 200 خێزان کراوە لە هەرسێ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی. هاوکات پرسیاریشی لە 400 خێزانی نێو هەشت کامپی هەرێمی کوردستان کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕووپێوییەکە، ئەو ڕووپێوییە گەورەترین ڕووپێوییە کە لە ساڵی 1987ەوە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان کرابێت.
سەبارەت بە تەمەنی هاوسەرگیری، لە ڕووپێوییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە تەمەنی 18-24 ساڵ، 31٪ کچان هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام هاوتا کوڕەکانیان لە هەمان تەمەن، تەنیا 11٪یان هاوسەرگیرییان کردووە. هەروەها 6٪ کچان لە تەمەنی نێوان 15 بۆ 17 ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە، بەجۆرێک 32٪یان لەو تەمەنەدا منداڵیان بووە.
رێژەی ڕەگەز لەنێوان نێر و مێ یەکسانە، واتە بۆ هەر 100 کچێک 100 کوڕە، بەجۆرێک لە تەمەنەکانی نێوان 0 بۆ 29 ساڵ کوڕان زیاترن وەکو لە کچان و کەمێک لە سەرووی 100ەوەیە، بەڵام دواتر ڕێژەی نێر کەمتر دەبێتەوە، بەشێکی لەبەرئەوەی ڕێژەی مردن لەنێو ڕەگەزی نێر زیاترە.
سەبارەت بە پێکهاتەی خێزان، بۆ هەر 10 خێزان، نزیکەی نۆ خێزانیان لەلایەن پیاوێکەوە بەڕێوەدەبرێت، واتە 10% خێزانەکان لەلایەن ژنێکەوە بەڕێوەدەبرێت، بەتایبەت ئەو خێزانانەی کە بەخێوکەری پیاو گیانی لەدەستداوە. ئەو خێزانانەی کە بێوەژنێک بەڕێوەیاندەبات، بەپێی ڕووپێوییەکە، ئاستی خوێندنیان نزمە و خێزانەکانیشیان بچووکتر و هەژارترن وەک لەو خێزانانەی کە پیاوێک بەڕێوەیاندەبات.
لەبارەی منداڵبوونەوە، تەنیا 5٪ ژنان کە هاوسەرگیرییان کردووە، منداڵیان نەبووە؛ هەروەها تەنیا 5٪ لە تەمەنی 49 ساڵیدا بە سەڵتی ماونەتەوە. ڕێژەی مامناوەندی منداڵبوون بۆ هەر خێزانێکیش لە هەرێمی کوردستان 4.4 منداڵە.
پارێزگای سلێمانی کە خاوەنی زۆرترین ژمارەی دانیشتووانە لە هەرێمی کوردستان، کەمترین ڕێژەی لەدایکبوونی منداڵی هەیە کە 4.1 منداڵە، بەڵام ژنان لە دهۆک زۆرترین منداڵیان هەیە کە 4.9 منداڵە. ئەو ژنانەی کە تەمەنیان سەروو 55 ساڵە لەنێوان 7.3 بۆ 9 منداڵیان بووە.
رووپێوییەکە دەریدەخات کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئاستی خوێندن و منداڵبووندا هەیە، ئەو ژنانەی هیچ بڕوانامەیەکی خوێندنیان نییە 3.3 منداڵیان بووە، ئەو ژنانەی خاوەنی بڕوانامەی سەرەتایی یان بنەڕەتین 3.2 منداڵیان بووە. ئەو ژنانەش کە خاوەنی بڕوانامەی دواناوەندی و سەرووترن 2.5 منداڵیان بووە.[1]