هەردێیەوە سەر تەندوربانەکەی نەنە حەڵە
بەرەبابی حەمەشینی حسێنی حێمڕ لە شارەدێی تەقتەقی سەر بەشارۆچکەی کۆیەی شاری هەولێر، پیرەژنێکی خانەدانیان هەبووە، ناوی(حەلیمە) بووە، ئه و حەلیمە دوو ئیدیۆمی لەدوای خۆی جێهشتووە لەناو هاونشیانی ڕەسەن و دەوروبەری تەقتەق، یەکەمیان: پێشینان دەگێڕنەوە شوێنی ئەمڕۆی تەقتەق زووتر لای گردی عروزە بووە و بەهۆی لاڤاوێکی بەهارەوە ئاو گوندەکەی ڕاماڵیووە و ئه و حەلیمەیەی لەگەڵ خۆی بردووە و لە نزیک فەرمانگەی(هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق) لە کەلەبەرێک گیرساوەتەوە، ئەوکات پێیان وتووە(کەندڕی نەنە حەلۆمە)ئەمڕۆ دەوترێت(لێژی زراعە)، ئەوە لەلایەک لەلایەکیتریشەوه، دوای ئەوەی پوور(حەلیمە) ڕزگاری بووە لەلاڤاوەکە، تەقتەقی نوێ لاپاڵی(شاخی قەلان) بونیاتنراوە، نەنە حەڵۆمە تەندوربانێکی دروستکردووە ونانی کردووە خەڵکی ئاوایی ئەوەی بەلایدا گوزەری بکردبوایە کولێرەیەکی پێداوە، هەموو خەڵکی ئاوایی و لایدە نمەکی ئه و کولێرەیان دەکرد، هەر کەس لە تەقتەق دوور دەکەوتەوە یان ماڵی دەڕۆیشت بیری ئه و کولێرەیەی دەکرد و دەیانگۆت(ئەوەی کولێرەی نەنە حەلۆمەی خواردبێت هەر دێتەوە) ئەوە بووە بەئیدیۆم و هاوشێوەی هەر بەڕبەی تەقتەقە دەوترێت(هەردێیەوە سەر تەندوربانەکەی نەنە حەڵە) یان(ئەوەی کولێرەی نەنە حەلۆمەی خواردبێت هەر دێتەوە تەقتەقی) واتە نمەکی هەر شتێک یان سود و کەڵکت لە کەسێک یان جێگایەک یان شوێنێک وەرگرتبێت هەر چاوی لە دوویەتی.[1]