زیا پترۆس، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە 7 مانگی سەرەتای ساڵی 2020دا 103 کەس خۆیان کوشتووە، کە زۆربەی خۆکوشتنەکان لە سنووری پارێزگای #سلێمانی# بووە و کەمترینیشی لە سنووری پارێزگای #هەڵەبجە# بووە.
بەپێی ئاماری دەستەی مافی مرۆڤ لە سەرەتای کانوونی دووەمی ئەمساڵ، تاوەکو کۆتایی تەممووزی ئەمساڵ 39 کەس لە سنووری پارێزگای #هەولێر#، 40 کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 15 کەس لە سنووری #دهۆک#، یەک کەس لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، چوار کەس لە سنووری ئیدارەی #گەرمیان# و چوار کەسیش لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین خۆیان کوشتووە.
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ڕێگریکردنە لە خۆکوشتن، لە ساڵی 2003ەوە ساڵانە لەم ڕۆژەدا لە چەندین وڵات چالاکی جۆراوجۆر بۆ ئەو مەبەستە دەکرێن. تەندروستی جیهانیش دەڵێت، لە هەر 40 چرکەیەکدا کەسێک خۆی دەکوژێت.
تەندروستی جیهانی پێشبینیدەکات ساڵانە 800 هەزار کەس خۆیان بکوژن کە زیاترن لەوانەی بە شێرپەنجەی مەمک یان بەهۆی جەنگەوە دەمرن.
بەگوتەی تەندروستی جیهانی، هەرچەندە ڕێژەی خۆکوشتن لەنێوان ساڵانی 2010 تاوەکو 2016 تاڕادەیەک کەمیکردووە، بەڵام بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان ژمارەی ئەوانەی بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە کەمی نەکردووە.[1]