دەقی بەیاننامەکە:
بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە یادی (59) یەمین ساڵیاد ی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا
جەماوەری خۆشەویست و خۆڕاگری کوردستان
تێکۆشەرە دێرینەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول..
59 ساڵ لەمەوبەر، وەک بەرپەرچدانەوەیەک بەرامبەر دیکتاتۆریەت و پێشیلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە، گەلی کوردستان و پارتە تێکۆشەرەکەتان (پارتی دیموکراتی کوردستان)، بەڕێبەرایەتی (مستەفا بارزانی) مەشخەڵی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی هەڵکرد و، کاریزما و خۆشەویستیی (مستەفا بارزانی) و بەرنامەی دروست و فرەڕەهەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بوونە هەوێنی شۆڕشێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرتاسەریی، کە جوگرافیای کوردستانی لە #زاخۆ#ەوە تا خانەقین پێکەوە گرێدا و، لەنێو ئەم جوگرافیایەشدا هەموو نەتەوە و ئایین و ئایدیا جیاوازەکانی لەیەک سەنگەردا کۆکردەوە و ئیرادەیەکی ئەتۆی گیانفیدایی و قوربانیدانیشی بۆ ڕەتکردنەوەی زۆڵم و زۆرداری چێ کرد، کە چەندین جار دیکتاتۆرەکانی بە چۆکدا هێنا و ئاکام لە ئاداری ساڵی (1970)، حکومەتی عێراقی ناچار کرد بێتە سەر مێزی دانوستاندن و سەرەنجام ڕێککەوتنی میژوویی 11ی ئاداری لێکەوتەوە.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەرچەرخانێکی تازەی لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا دروستکرد و دۆزی ڕەوای گەلەکەمانی لە ئاستی لۆکاڵەوە بۆ ئاستە نێودەوڵەتییەکان گواستەوە و لەماوەیەکی زۆر کورتدا نەبەردییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرنجی میدیاکانی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و بە دەیان ڕۆژنامەنووسی ناسراوی جیهانی هێنایە کوردستان و ئەوەبوو لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانییان ئامادە دەکرد و ڕەوایی سیاسیی دۆزی گەلی کوردستانیان بە ڕای گشتی و نێوەندە نێودەوڵەتییەکان و هەموو جیهان گەیاند.
ئەیلوول تەنیا شۆڕشێکی چەکداری نەبوو، بەڵکو شۆڕشێکی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی ڕوئیافراوانی ژیانبین بوو، کە متمانە و بڕوابەخۆبوونی بۆ هاونیشتمانیانی کوردستان دروستکردەوه و ئەو ڕاستیەیشی سەلماندەوە، کە گەلی کوردستان لەبەردەم هیچ دیکتاتۆر و زۆرداریکدا چۆک دانادات، ئەم پەیامە شۆڕشگێڕا نەیەشی لە دروشمەکەیدا : (کوردستان یان نەمان) چڕکردەوە، کە بۆ ئەوکات و ئێستا و ئاییندەیش پڕە لە مانا و مەغزای قووڵی پەروەردەی نیشتیمانی و دەکرێ نەوە دوای نەوە لێیەوە فێربن، کە کوردستان گرنگترینە.
هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان
پەند و وانەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول زۆرن، گرنگترینیان: سووربوون لەسەر مافەکان، بڕوابەخۆبوون، دیموکراسییەت، پێکەوژیان و کۆکردنەوەی جیاوازییەکان، ڕۆشنبیری، مەدەنییەت و ڕێزگرتن لە یاسا، کە لێرەدا و لەم بۆنە پڕمانایەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە به و ڕاستییە مێژووییە بکەین، کاتێک (سەرۆک مسعود بارزانی) لەدوای ڕاپەرینی بەهاری 1991 و لە کاتی کشانەوەی دامودەزگاکان لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە، لە شاری کۆیە داوای لەبەرەی کوردستانی کرد زەمینەسازیی بکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و کار بکەن لە پێناو دامەزراندنی (دەوڵەتی یاسا) دا، کە بێگومان ئەمە بەشێکە لە بەرهەمداریی نێو وانە بەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوول، کە (سەرۆک #مەسعود بارزانی#) بەوپەڕیی ڕۆشنییەوە بە هەموو جیهانی ڕاگەیاند و ئاکام بوو بە بنەمایەکی پتەوی ژیانی دیموکراسی لە کوردستاندا.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا، کە یادی پڕ شکۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە، جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئه و ڕاستییە دەکەینەوە، کە ئه و ئامانجانەی شۆڕشی ئەیلوولی لە پێناودا هەڵگیرسا، تا ئێستا بەشێک لەو ئامانجانە نەهاتوونەتە دی، بۆیە گەلی کوردستان و #پارتی دیموکراتی کوردستان# شێلگێرانە، بەهەمان ئیرادەی شۆڕشی ئەیلوول، لێ بە تێگەیشتنێکی هاوچەرخانەوە، پەرە بە خەباتی سیاسی، حوکمڕانی، دیپلۆماسی و مەدەنی دەدات و لەو پێناوەشدا پاڵپشتی جەماوەر و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی هێزە سیاسیەکانی کوردستان بە کلیلی سەرکەوتن دەزانێت .
هاونیشتیمانیانی ئازیزی کوردستان
لە (59)یەمین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا و لە پێناو کوردستانێکی بەهێز و ئارام و ئاوەداندا، گرنگە هەموومان: گەل، پەرلەمان، حکومەت، لایەنە سیاسییەکان، میدیا و ئۆرگانەکانیتری کۆمەڵگەی مەدەنی جەخت لەسەر تەبایی سیاسی، یەکڕیزیی نیشتیمانی و سەروەریی یاسا بکەینەوە و ڕۆڵی چارەسەر بگێرێن، تایبەت چارەسەری ئەو گرفتانەی، کە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانەوە، هەمدیس پێخەمەت چاکسازی و هێنانەدی ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ تەواوی گەلی کوردستان یەکدەست بین و پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.
لە یادی ماناداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا:
سڵاو لە گەلی کوردستان و جیاوازییەکانی.
سڵاو لە گیانی ڕابەری نەتەوەکەمان (مستەفا بارزانیی نەمر).
سڵاو لە گیانی سەرکردەی ڕۆژە سەختەکان (ئیدریس بارزانی).
سڵاو لە گیانی بەرزهەڵکشاوی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و تێکرای شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان و خانەوادە سەربەرزەکانیان.
سڵاو لە پێشمەرگە دێرینەکانی شۆڕشی ئەیلوول و تەواوی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.
سڵاو لە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پێشڕەویی شۆڕشی ئەیلوولی کرد و ئەمڕۆیش بە پاڵپشتی کادیر و ئەندام و لایەنگرە خۆڕاگر و سەربەرزەکانی و خەڵکی بە ئەمەکی کوردستان، لە هەموو ڕۆژ سوورترە لە خەبات بۆ وەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان