ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:-
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961 شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەڵگیرسا کە بووە شۆڕشێکی سەرتاسەری و خەڵکی کوردستانی بە هەموو نەتەوە و ئایین وپێکهاتە جیاوازەکانەوە، لە #زاخۆ#وە تا خانەقین لە ژێر سەرکردایەتی ڕێبەری نیشتمانیی مستەفا بارزانی نەمر کۆکردەوە.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، لە کاتێکدا دەستی پێکرد، تەمی نائومێدی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو، دوژمنانی گەلی کوردستان هەموو هەوڵێکیان دەدا بۆ لەناوبردنی کولتوور و ناسنامەی گەلی کوردستان و بێبەشکردنی لە هەموو مافە بنەڕەتییەکانی ژیان. سەرەنجام تێکڕای خەڵکی کوردستان بوونە پشتیوانیی شۆڕش و بە ئیرادە و خۆڕاگریی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی، زۆر دەستکەوتی مەزن بەدیهاتن، کە گرنگترینیان کۆکردنەوەی کوردستان بوو لە ژێر یەک ئاڵا و یەک سەرکردایەتیدا. بێگومان یەکێک لە دەسکەوتە مێژووییەکانیش ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 بوو، کاتێک ڕژێمی بەعس ناچار بوو دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت.
ئەمڕۆ کە یادی ئەو شۆڕشە مەزنەی کوردستان دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت. بۆیە زۆر پێویستە هەمیشە گیانی خۆڕاگری و لە خۆبردوویی و بەها باڵاکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولمان لەبەرچاوبن و هاندەری زیاترمان بن، بۆ یەکڕیزی و تەبایی و پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان.
بەرز و پیرۆز بێت یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی شۆڕشی ئەیلول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنم
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
11ی ئەیلولی 2020