لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک له و بارەیەوە نیەتی قسەکانی ئه و دایکە ئەنفالە بۆ ڕای گشتی و توێژی گەنجان ڕوون دەکاتەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتەکانی ئه و دایکە عالیەیان بە دیوێکی نەرێنی لێکدابووەوە و جەختیش دەکاتەوە، نازانم بۆچی گەنجانی تازەپێگەیشتوو دەیانەوێت هەموو شتێک ڕەش و پێچەوانە لێکبدەنەوە؟.
پارێزگاری دهۆک لە پۆستەکەیدا دەپرسێت: نازانم بۆچی ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنج و لاوی تازەپێگەیشتوو دەیانەوێت هەموو شتێک ڕەش و پێچەوانە لێکدانەوەی بۆ بکەن؟!.
دەشڵێت: عالیە ڕەشید چیچۆ، خاونی 8 ئەنفالکراوی گوندی سپیندارێیە، گوێم لێبوو کاتێک مستەفا کازمی بە ئافرەتێکی خاوەن ئەنفالکراو گوتی: ئێمە خەڵکی گوندی سیتهینە، گوتی من سیتەم بینیوە و منیش لە کوردستان بووم، دەسبەجێ دایکە عالییە پێی گوت: ڕۆڵە ئەمانەتی تۆ کوردستان، یانیش مادام تۆ نانی کوردت خواردووە و لە سەردەمی شۆڕش تۆیان لە کوردستان حەواندووەتەوە، ئەمانەتی تۆ کوردستان.
عەلی تەتەر لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: ئاخاوتنێکی لۆژیکی (مەنتقی) و لە شوێنی خۆیدا بوو. باش نییە یاری بە دڵسۆزی و قوربانیدانی ئافرەتیکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بکرێت.
هەروەها نووسیویەتی: حکومەتی بەغدا هەڵمەتی ئەنفالی لە کوردستان ئەنجامدابوو، گوندەکانیان سووتاندبوو، خەڵکی زیندەبەچاڵ دەکرد، ئەوان مووچە و بودجەیان بڕیوه، هەر ئەوانن پارەی جووتیاران نانێرن و جووتیاری سلێمانی داوا دەکات بچێتەوە ژێر سێبەری دادپەروەریی ئه و حکومەتەی کە ئامادە نییە پارەی ڕەنج و ماندووبوونی یاخۆد بەرهەمی گەنمەکەی پێ بدات.
پارێزگاری دهۆک جەختیشی کردووەتەوە، ئەوانەی داوای دادپەروەری لە بەغدا دەکەن، فەرموون تەنیا ڕۆژێک بۆ سەفرە یان گەشتکردن سەردانی بەغدا یان مووسڵ بکەن، یانیش ئامادە بن خێزانەکانتان بەتەنیا بۆ ماوەی یەک هەفتە لە شارێکی عێراقی بژین.
عەلی تەتەر نووسیویەتی: ئه و گەنجانەی دەسەڵاتی ناوەندی بەغدایان نەبینیوە، بچوون پرسیار لە دایکە ئەنفالکراوێک یان بەساڵاچوویەک بکەن، ئینجا خۆزگە بە حکومەتی ناوەندی عێراق بخوازن.
ئاماژەی بەوەشداوە، وەزیر و کاربەدەستانی عێراق دوێنێ بەمنیان گوت: خۆزگەمان بە ئێوە، به بەراورد لەگەڵ شارەکانمان، ئێرە هەر دەڵێن ئەوروپایە.
عەلی تەتەر ڕووی قسەکانی لە گەنجان کرد و داوای لێکردن: گەنجەکان، قەدر و بەهای وڵاتی خۆتان بزانن و پەلە بکەن لە خۆشترکردنی ژیانی خۆتان و پێشخستنی وڵاتەکەتان، ڕەشبین نەبن بەرامبەر ئه و کوردستانەی ڕووبارێک خوێنی لەپێناو ڕژاوە. پشتیوانی ڕاستی و دادپەروەری یاسایی بن. کێ لەئێمە هەڵە و ناڕاست بێت پشتیوانی لێ مەکەن. بەڕاست بڵێن: ڕاست و بە هەڵەش بڵێن: هەڵە. ئەم وڵاتە موڵکی هەمووانە، ئێمە دەتوانین لە هزری خۆماندا بیکەین بەبەهشت، یانیش لەبەر چاوی خۆمان ڕەشکەین و بیکەین بە جەهەنەم، ئەگەر حکومەتەکانی دەوروبەر لە حکومەتەکەی ئێمە باشتر بن، بۆچی بە دەیان هەزار خەڵکی ئه و وڵاتانەی دراوسێی وەک سووریا، ئێران و تورکیا لە کوردستان دەژین؟ بۆچی بە دەیان هەزار عێراقی لە کوردستان دەژین؟ وێڕای ئەوەی کە لە کارمەندی سادەوە تا وەزیریشیان لەگەڵدایە؟.[1]