دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەرە
پێویستە گەنجان لەدژی زۆڵم و زۆرداری ڕژێمی داگیرکەری ئێران ڕاپەڕن
هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان کەسانێک کە لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکەری ئێران و زوڵم ڕاوەستاون، بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەقینەی زوڵم و زۆری داگیرکەران بوونەتەوە. ئەوە مافی هەر کەسێکە کە بە بیر و هزری خۆی لە دژی هێرشی داگیرکەری و زوڵم و زۆری ڕاوەستێت، لەبەر ئەوەی کاتێک مرۆڤ لە دایک دەبێت مافی دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازادی هەیە، بەڵام، ئەو بیر و ژیانە ئازادە لە لایەن ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێرانەوە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرش، سەرکوت و ئەشکەنجە بووەتەوە و تاکەکان دەکوژرێن و لە سێدارە دەدرێن. ڕژێمی دژە مرۆڤی ئێران خوازیارە بە ئەشکەنجە، کوشتن و لە سێدارەدان، دەنگی ئازادی گەنجان کپ بکات؛ تا سەرجەم کردەوەکانی ڕژێم پەسەند بکەن و بەو شێوەیە باس و گفتگۆ لە بیرورای ئازادی خۆیان نەکەن. ڕژێمی ئێران بە سیاسەتی لەسێدارەدان دەیەوێت سەرجەم کۆمەڵگا بکاتە کۆیلەی خۆی. لە لایەکەوە گەنجان لەسێدارە دەدات، لە لایەکەوە قۆڵبەست یان دەکات و دەیانخاتە گرتووخانەکان و لە لایەکیتریشەوە دەنگی ناڕەزایەتی سەر شەقام کپ دەکات. تا ڕۆژی ئەمڕۆمان بە هەزاران مرۆڤ بە دەستی ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە لە سێدارە دراون. سیستەمی سێدارە سیستەمێکی دژە مرۆڤایەتی و دژی گەنجانە. ئەو سیستەمە لەبنەڕەتدا سەرکوتی گەلانی ناڕازی کردووەتە ئامانج. شکۆ و بەهای مرۆڤ لەلایەن ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە هیچ بایەخێکی نییە و بە ئاسانی گیانی مرۆڤەکان دەکێشێت. لەبەردەوامی هەمان سیاسەتدا نەوید ئەفکاری بەدەستی دەوڵەتی گەنج کوژ و ژنکوژی ئێران لەسێدارە درا؛ نەوید ئەفکاری گەنجێک بوو کە لەبەرامبەر زوڵم و زۆری ڕژێمی داگیرکەری ئێران بێ دەنگ نەبووە و سیاسەتی ئەو ڕژێمەی پەسەند نەکردووە و لەبەرامبەر بەو سیاسەتانەی ئێران بەشداری کارای لەخۆپیشاندانەکانی مانگی گەلاوێژی 2 ساڵ لەوە پێش دا کردووە و لە بەرامبەر زهنیەتی فاشیزم و دیکتاتۆرییەتی ئێران دەنگی ناڕازی خۆی بەرز کردووە. لە مێژوودا زۆر کەس بۆ ئەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی بپارێزن لەبەرامبەر دوژمنی مرۆڤایەتی تێکۆشانیان کردووە و تەنانەت لەو پێناوەدا گیانیان بەخت کردووە. لە مامۆستا فەرزاد و شیرین عەلەمهولی وهاوڕێیانیان هەتا نەوید ئەفکاری، نە یەکمین کەسانێک بوون کە لە سێدارە دراون و بە پێ ئەو زهنیەتی حاکمی دەسەڵاتدارانی ئێران دوایین کەسیش نابن. بەڵام، ڕژێمی داگیرکەری ئێران پێویستە بە باشی ئەوە بزانێت کە گەلی ئازادیخواز هەر لەکاتی حکومەتی ڕەزاشا تا دوای شۆڕشێ 1357یش هەرگیز بە سێدارەدان نەترساون و دەستیان لە تێکۆشان بەرنەداوە و بە لەسێدارەدانی نەوید ئەفکاریش هەرگیز دەست لە تێکۆشان بەرنادەن. ئەمڕۆکە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا هێرش لەسەر ژنان، گەنجان و کۆمەڵگاکان دەکرێت؛ بۆیە گەنجان و ژنان بە هەموو هێزیانەوە لەپێناو پاراستنی ئیرادەی ئازادیان هەڵمەتی تێکۆشان بۆ ئازادی لەدژی ئەو ڕژێم پەرە پێ بدەن.
بانگەوازی لە سەرجەم گەنجان دەکەین کە ئیدی لە بەرامبەر بەو سیستەمە بێ دەنگ نەمێنن، چون بێ دەنگ بوون دوور لە گەوهەری گەنجانە، واتا گەنجان، زوڵم، گوشار و کۆیلەتی پەسەند ناکەن. لەم سۆنگەشەوە پێکهاتەکانی وەک، گەلانی فارس، عەڕەب، بەلوچ، ئازەر، ئەرمەن و کورد پێویستە ئەو زوڵم و زۆردارییە پەسەند نەکەن و بە هەر شێوەیەک ئاستی تێکۆشان بەهێزتر و بەرفراوانتر بکەن؛ چونکە گەنج پێشەنگی کۆمەڵگا، پێشەنگی ژیانی ئازاد و ویژدانی مرۆڤایەتییە.
وەکوو کەجەرە هێرش گەلێک کە لەسەر کۆمەڵگا بەتایبەتی ژنان و گەنجان دەکرێت، پەسەند ناکەین و ئاستی تێکۆشانمان لەدژی داگیرکەری بەهێزتر و بەرفراوانتر دەکەین. دەست پێکردنی کەمپەینی کات، کاتی گریلایەتییە، خاوەندارێتی کردن لە فەلسەفەی گەریلایەتی، گەشانەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی و ژیانی ئازادە. گەریلایەتی زوڵم، چەوساندنەوە و دوورخستن لە ویژدانی مرۆڤایەتی پەسەند ناکات. گەریلایەتی لەبەرامبەر سێدارە، کوشتن و هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووک دا دەوەستێتەوە. گەریلا، پارێزەری دادپەروەری و دیموکراسییە. گەریلا فەلسەفەی ژیانی ئازادە. بۆیە دەبێ سەرجەم گەنجانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر ئەو زوڵم و زۆردارییە بێ دەنگ نەمێنن و دەنگی ئازادییان بەرز بکەنەوە و لەبەرامبەر سیستەمی فاشیستی ئێران ڕاپەڕن و ڕوو لە ڕیزەکانی گریلای ئازادی کوردستان بکەن. چون بە فەلسەفەی گەریلابوونەوە دەتوانن تۆڵەی نەوید ئەفکاری و بە هەزاران گەنجیتر لەرژێمی داگیرکەری ئێران و سیاسەتی پەت و سێدارەی ڕژێم بستێنینەوە. گەنجان لە کوێ دەبێ با ببێ، لە کۆڵانەکان، لە مەکتەبان، لەسەر کار و شەقامەکان دا پێویستە لە دژی سێدارەدانی نەوید ئەفکاری و بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی خۆپێشاندان بکەن و ناڕەزایەتی نیشان بدەن. ئێستاکە لە هەر شوێنێک گەنجان لەبەرامبەر ئەو سیستەمە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، ئەو خۆڕاگریانە سڵاو دەکەین و داوای پەرەپێدانی و بەردەوامی خۆپێشاندانەکان دەکەین. پێویستە گەنجان هیچ ئاستەنگییەک لەبەرامبەر تێکۆشانیان نەبینن و ڕاپەڕن. ئەوەی کە لە دژی فاشیزم و سێدارە ڕاوەستێت گەنجانن و ئەوەیکە سێدارە و سیستەمی سێدارە هەڵبوەشێنێت خۆڕاگری گەنجانە.[1]