خاڵس بەگێ سپکیی، 1899-1977، شۆڕشگێرێکی سەرهەڵدان و شۆڕشی ئاگری و سیاسەتمەدارێکی کوردی باکووری کوردستان بووە.
ساڵی 1899 لە (دووتاخ)ی سەر بە ئەرەزروم لە باکووری کوردستان لەدایک دەبێ. کوری یەکێ لەسەرکردەکانی (سوارەی حەمیدیە)، کە سەرۆکی خێڵی سپکی بووە. ساڵی 1927یەکێ بووە لە پێشمەرگە و سەرکردەکانی سەرهەڵدانی ئاگری، لەپاڵ #ئیحسان نوری پاشا#و #فەرزەند بەگ#دا. (دەوڵەتی تورک وەک تۆڵە سەندنەوە لێی، پاشناوەی ئۆزتورکیان لێنابوو، واتە تورکی باش). پاش تێکشکاندنی سەرهەڵدانی ئاگری، بە هاوکاری ئێران و بەریتانیا و سۆڤییەت، خاڵس بەگ بەدیل دەگیرێ، بەڵام لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ(تەرابزۆن) دەتوانێ خۆی ڕزگار بکات و پاشان ڕووبکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای(لێبوردنێکی گشتی، لە لایەن تورکیاوە) دەگەڕێتەوە و تێکەڵ بە کاری سیاسی دەبێ و بۆ سێ جار وەک ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی (حیزبی دیموکرات) هەڵدەبژێردێت، کە دژ بە پارتەکەی کەمال ئەتاتورک بووە. دوای کودەتاکەی ساڵی 1960، دەگیرێ و حوکمی 10 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێ، گوایە دژ بە دەستوری تورکیا کاری کردووە. لەکاتی دادگایی کردنەکەیدا بە زمانی کوردی قسەی دەکرد، بۆیە بە ناچاری وەرگێڕیان بۆ هێنا. خاڵس بەگ مرۆڤێکی
وڵاتپارێزی زیرەک و شارەزا و ڕووخۆش بوو، هەردەم هەوڵی دەدا پۆست و پلەکەی بەکار بهێنێ بۆ خزمەتکردنی میلەتی خۆی. ساڵی 1977، لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات.