#کارۆ کاوە مەحمود#
کاتژمێر یەکی دوای نیوەشەوە، لەسەر تاک قەنەفەکەی ماڵەوە دانیشتووم و بیردەکەمەوە. لە عەسرێکی درەنگەوە تا کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ هاوڕێکانم لەگەڕان و پیاسەبووین، فکرێکم لای ئەوان و فکرێکی دیکەم لای (.....)بوو.
تاک لایەنە، ماوەیەکی زۆرە لە خەیاڵی خۆمدا خەریکی بونیادنانی خەون و ژیانی داهاتووم لەگەڵیدا، لەپشت نیگای هاوڕێیەتیمان دڵ و هەستم شتی دیکەم پێدەڵێن، لە قوڵایی ناخمەوە کڵپە و پشکۆ بۆ ساردی و خۆدوورخستنەوەکانی ئه و هەڵدەستێت.
لە دەرفەتێکدا، جوامێری هاوڕێم لە ئەوان جیاکردەوە، ڕەسمێکی (.....)م پیشانی جوامێر-دا و پێم گوت:
- دەمەوێت سبەی بچمە لای و ڕووبەڕوو هەموو قسەیەکی دڵمی بۆ بکەم.
-تۆ تەواوی؟!
-(بەدڵ گرانیەوە) بۆ تەواو نیم کاکە جوامێر؟
-لەبەرئەوە تەواونیت چونکە ئەگەر ئەمە بهێنی، ئەبێت مانگی 30 وەرەقەی بۆ سەرفبکەیت ئەگینا بەدیارتەوە دانانیشێت، ئەمە نانی تۆ نیە کاکە، لێی گەڕێ تا دەگات بە خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی، ئەمانە بەس بۆ یادی لەدایکبوونی هاوڕێیەکیان چەند وەرەقەیەکت لێ داوادەکەن تۆش باسی هەستی خۆتم بۆ ئەکەی؟، ئەمانە بە پارە بێدەنگ ئەکرێن نەوەک خۆشەویستی و ماڵی ئاسوودە، تڕحێو خۆ خەریکە منیش گێل ئەکەیت، ئەمانە چوزانن خۆشەویستی و بەدیاردانیشتنەوە چیه.
جوامێری هاوڕێم کوڕێکی زیرەک و تێگەیشتووە، باش لەم یارییانەی ژیان تێدەگات، دەزانێت سەرەنجامی ئەم هەست و خۆشەویستیەی منیش کە بۆ (......)م هەیە، بریتیە لە دروستبوونی برین و درز لەسەر ڕۆح و دەروونم.
سەیرە ئەزانی، لە هەستی من گەڕێن بەس نە عەشق، نە مەلا، نە دین و شەرع، نە کولتوور، نە کۆمەڵگا و دابونەریتەکانی، نە زیرەکی و کەرامەتی تاک، نە قسەی ڕیشسپی و پیاوچاکان، نە لێکتێگەیشتن، نە ڕێزگرتنی یەکدی، نە قبوڵکردنی یەکدی وەکو خۆت، هیچیان ناتوانن ببنە بنەمای پێکەوە ژیانی ڕاستەقینەی (من)ەکان لەگەڵ (.......)کان، تا ئه و دەمەی کە دەتوانی مانگی 30 وەرەقەی بۆ سەرفبکەیت. [1]