لە ڕاگەیێندراوێکی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئاماژە بەوە کراوە، هێزێکی پێشمەرگە ویستوویەتی بچنە نێو کامپێکمان لە گارە، بۆیە ئەوانیش دوو مینیان تەقاندووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە هێزەکەی پێشمەرگە و دەشڵێت، شەڕیان نەکردووە و چەکیان بەکارنەهێناوە.
#هەپەگە# لە ڕاگەیێندراوەکەیدا ئەو هێزەی پێشمەرگەی بە هێزێکی #پارتی دیموکراتی کوردستان# ناوبردووە و دەڵێت، ویستوویانە بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بچنە ناو کامپێکیان لە گارە، بۆیە ئەوانیش دوو مینیان تەقاندووەتەوە بۆ وەستاندنی هێزەکەی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ 4ی تشرینی دووەمی 2020 لە شارەدێی چەمانکێی شارۆچکەی #ئامێدی#، بە گوتەی سوپاسالاری هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی تێپەڕبوونی هێزێکی زێرەڤانی بە ناوچەکە، بۆمبێکی چێندراو بە هەمەرێکدا تەقێندراوەتەوە و دواتریش گەریلاکانی #پەکەکە# تەقەیان لە پێشمەرگە کردووە. هەپەگە لە ڕاگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، شەڕمان نەکردووە و چەکمان بەکارنەهێناوە.
هەر لەو ڕاگەیێندراوەی هەپەگەدا هاتووە ئێمە بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلی کوردستان نامانەوێت شەڕ ڕووبدات و ئەمەش بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕادەگەیێنین.