#سەباح عەلی جاف#
د.فازڵ مەهدی بەیات لە ساڵی 1946 لەشار #کەرکووک# لەدایک بووە، له نەتەوەی تورکمانە، لە ساڵی خوێندنی 1969-1970 توانیویەتی بەشی مێژوو – لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی بەغداد تەواو بکات، بڕوانامەی دکتۆرای لەساڵی 1975 لەم بوارەدا لە زانکۆی ئەنقەرە لە تورکیا بەدەستهێناوە لە مێژووی ئیسلامیدا (هەردوو قوناغی ماستەر و دکتۆرای پێکەوە خوێندووە)، نامەی ماستەرەکەی به زمانی تورکی بووە له ژێر ناونیشانی (تورکەکانی عیراق له سەردەمی سەلجوقیدا)، لەساڵی 1978 بۆ تە پرۆفیسۆری یاریدەدەر و لە ساڵی 1989 بۆتە پرۆفیسۆر، له ساڵی 2012 ەوە خانەنشین بووە وەک مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی بەغداد، خۆشبەختانە تا ئێستا لە ژیاندا ماوە و بەکاری زانستی بەتایبەت ئەرشیفییەوە سەرقاڵە.
سەرەتای کارە زانستیەکانی فازڵ بەیات لە نیسانی 1974 لە گۆڤاری (المورد)(1) دا دەستپێدەکات ئەویش وەرگێڕانی بابەتێکە لەژێر ناوی (العلوم الاسلامیە عندە العرب) بە پێنووسی توێژەری تورک (محەمەد فواد کۆپرلی)، له ژێر ناوی د.فازڵدا نوسراوە وەزارەتی ڕاگەیاندن (الاعلام) لە بەغداد، وەک دەردەکەوێت ڕەنگە له و دەمەدا کاری له و وەزارەتە کردبێت، لە ساڵی 1975دا جارێکی تر لەهەمان گۆڤاردا بابەتێکی تر لە ژێر ناونیشانی (المخطوطات العربیة فی مکتبە طوپ قاپی سرابی باستانبول)دا بڵاودەکاتەوە، ئەم بابەتەیشی وەک بەشی یەکەم خۆی لە وەرگێڕان و ئامادەکردندا دەبینێتەوە، بەم بابەتە د.فازڵ توانی دەرگا لەسەر کارکردن لەبواری مێژووی ئەرشیفیدا بکاتەوە بەتایبەت ئه و بابەتانەی پەیوەندیدار بوونە بەعیراق و ووڵاتە عەرەبیەکان، بەم شێوەیە سەرەتایەکی گرنگ لە ژیانی ئەرشیفی و زانستی دەستپێبکات وخۆی بۆ کاری ئەرشیفی تەرخان دەکات.
هەر لەگۆڤاری (المورد)دا دکتۆر فازڵ لەماوەی نێوان ساڵی 1974-1994 دا نزیکەی (13) بابەتی جۆربەجۆی بڵاوکردوەتەوە، وەک وتمان یەکەمین کاری له و گۆڤارەدا خۆی لە وەرگێڕاندا دەبینێتەوە پاشان بابەت گەلی تری بەدوادا هاتووە کە خۆی لە ئامادەکردن و لێکۆڵینەوەدا دەبینێتەوە، لێرەدا دەکرێت ئاماژە بە بەشێک لەکارەکانی بکەین لە گۆڤاری (المورد) دا بۆ نمونە، بە پێنج بەش بابەتی (المخطوطات العربیة فی مکتبة طوپ قاپی سرابی باستانبول)دا ئامادەکردووە و وەری گێڕاوە، لەژێر ناوی (السالنامات العثمانیة واهمیتها لتاریخ العراق) دا ئەم بابەتی نوسیوە و لەژێر ناوەکەشیدا نوسراوە لە کۆلێجی زمان لە زانکۆی بەغدا، ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بەبایەخە و چەندین ئاماژەی گرنگی مێژووی تێدایە لەوانە لەپاشکۆیەکدا وەسفی بەغدا لە ساڵنامەی بەغدادا خراوەتەڕوو، لەدوو ژمارەی جیاوازدا لەساڵی 1994 کارێکی نایاب تری دکتۆر فازڵ لە گۆڤاری ناوبراودا خراوەتەڕوو ئەویش باس لە ڕەوشی خوێندەواری دەکات لە عێراقی سەردەمی عوسمانیدا بەناونیشانی (التعلیم فی العراق فی العهد العثمانی)، لەم توێژینەوەدا چەندین ئاماژەی نوێی سەبارەت بەخوێندن لەعێراق تێدایە بەتایبەت لەسەر ناوچەکانی کوردستان وەک #هەولێر# و کەرکووک و #سلێمانی# و صەلاحیە (#کفری#) و #خانەقین# و مەندەلی ئه و زانیارییانە بۆ توێژەرانی بواری مێژوو سودی دەبێت.
د.فازڵ بەیات پسپۆڕی لە زۆر بواردا هەیە وبابەت گەلی مێژووی جێگەی بایەخی ئەون لەوانە: مێژووی تورک و دەوڵەتی عوسمانی، مێژووی عەرەب لە سەردەمی عوسمانیەکاندا، ئەرشیفی عوسمانی و زارەوەکانی عوسمانی، به و جۆرە دەردەکەوێت ئەم شارەزا ئەکادیمیە بەشی زۆری ژیانی خۆی بۆدەوڵەتی عوسمانی و مێژوو و ئەرشیفەکەی تەرخان کردووە، کارە ئەکادیمیەکانی له و ڕووە شاهیدی بۆ دەدەن، زانینی زمانی تورکی وەک زمانی دایک لەم ڕووە یارمەتیدەرێکی باشی بووە و توانیویەتی سودی لێوەربگرێت و زۆر بابەت بۆ زمانی عەرەبی وەربگێڕێت یاخود لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکات، توانیویەتی خوێندنەوەی وورد بۆ بەڵگەنامە ئەرشیفی عوسمانی بکات، هاوکات توانای لەخوێندنەوە و بەراوردکردنی ئه و خەتانەدا هەیە کە بەڵگەنامەکانی پێنوسراوەتەوە وەک خەتی (سیاقە و دیوانی)، به و شێوەیە دەردەکەوێت له ڕێگەی زمانەکەیەوە دەتوانێت خوێندنەوەی وورد بۆ دەقەکان بکات و کاری زانستیان لەسەر بکات، بۆ گەشەپێدان بە بوارەکەی و گەیاندنی زانیارییەکانی د.فازڵ بەیات بەشداری دەیان کۆڕ و کۆبونەوە و کۆنفرانس و کاری ڕۆشنبیری و زانستی لەناوخۆی عێراق و دەرەوە کردووە.
بەرهەمە بڵاوکراوەکانی د.فازڵ بەیات لەبواری جۆراوجۆردان، سەدان وتاری هەمەجۆری لەگۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بە هەردوو زمانی عەرەبی و تورکی بڵاوکردوەتەوە، لە بواری بەڵگەنامە (ئەرشیف)ی عوسمانیدا دەستێکی باڵای هەیە و لەم ڕووە توانیویەتی ئەسپی خۆی بەباشی تاوبدات بەتایبەت مێژووی عەرەب لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، ئەمە جگە لەچەندین بەرهەمی زمان و ئەدەبی، لەبواری ئەکادیمیشدا بەهەمان شێوە خاوەن چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی ئاست بەرزە و توانیویەتی لەگۆڤارە زانستیەکاندا بەتایبەت گۆڤاری زانستی زانکۆکان و زانکۆی بەغداد بڵاوبکاتەوە، توێژینەوە زانستیەکانی و کارەکانی تری بەیات دواتر خۆیان لە کتێبی سەربەخۆدا چاپکراوە، ئەمە جگە لەوەی سەرپەرشتیار و ئەندامی چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرا بووە، چەندین جار خەڵات کراوە لەلایەن دەزگا و ناوەندە ئەکادیمیەکانەوە، له ساڵی 2015 خەڵاتکرا لەلایەن ناوەندی شێخ حەمد بۆ وەرگێران لە بەرامبەر وەرگێڕانی شاکارەکەی (نیشتمانی عەرەبی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا) لەتورکیەوە بۆعەرەبی. د. فازل خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوەی مێژوویی و 15 لە بەرهەمەکانی چاپکراوە.
لەکۆتایدا دەکرێت ئاماژە بەوە بکرێت لە دنیای ڕۆشنبیری کوردیدا زۆر بە کەمی یان نەبوو لەسەرئەم ئەکادیمست و نوسەرە نوسراوە و نامۆیە بەدنیای ئێمە بەتایبەت خوێندکاران و خەمخۆرانی مێژوو لەکوردستان، بریا د. فازڵ بەیات لەسەر کوردستانیش بەلایەنە جۆربەجۆرەکانیەوە نوسینی ووردی دەبوو بەتایبەت لایەنی مێژووی و ئەرشیفی عوسمانی به ئومێدم ڕۆشنبیران و خەمخۆرانی مێژووی کوردستان بەهاوبەشی کار لەگەڵ ئەم ئەکادیمستە بکەن بەتایبەت ئەوانەی لەم ڕووە کاریان لەسەر کوردستان لەئەرشیفی عوسمانیدا کردووە وئاگادارن لەم ڕووە بەتایبەت بەڕێز د.خەلیل عەلی موراد بەدڵنیاوە دەتوانێت لەم ڕووە کاری باش لەگەڵ فازڵ بەیات بکەن لەسەر کورد و کوردستان لەئەرشیفی عوسمانیدا بە ڕوئیا و زانینی نوێی.[1]
پەراوێز
1-(گۆڤاری (المورد) :گۆڤارێکی کلتوری وەرزييە – لەلايەن وەزارەتی ڕۆشنبيری و ڕاگەياندن کۆماری عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارە يەک و دووی پێکەوە لە ساڵی 1971 لە بەغدا چاپکراوە، سەرنوسەری ئەم گۆڤارە شەفيق کەماليە، شەفيق کەمالی ئه و دەمە وەزيری ڕاگەياندن بووە.
سەرچاوەکان :
1- فاضل مهدی بیات، مجلە المورد، نیسان 1974.
2-فاضل مهدی بیات، مجلە المورد، 1975.
3-فاضل مهدی بیات، مجلە المورد، صیف 1976