لە ساڵی (1957) لە پارێزگای #هەڵەبجە#ی شەهید، لە خێزانێکی ئاین پەروەر و زانست خواز و نیشتیمان دۆست و ناسراو لەدایک بووە، سەرەتا لای باوکی خوێندوویەتی، پاشان خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (ئیسلامی سەرەتای)خوێندووە، قۆناغی ئامادەیی لە (دواناوەندی دیراساتی ئیسلامی) تەواو کردوە، دواتر (پەیمانگای ئیسلامی هەڵەبجە)، پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕوو لە شاری بەغداد دەکات، لە 1980-06-20 بەکالۆریۆس بە پلەی زۆر باشە بەدەست دەهێنێت، لە ساڵی 1983 لە قوتابخانەی ماوەتی کوڕان بە مامۆستا دادەمەزرێت، وە ژیان دەگوازێتەوە ماوەت و #سلێمانی#، دواتر لەبەر قبوڵ نەکردنی بە بوون بە بەعسی، لە ساڵی 1984 لەسەر میلاکی پەروەردە گوازرایەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی تاقیگەی بیناسازی سلێمانی، مامۆستا ناسح یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی کوردستان، هەر بەهۆی پەرۆشی بۆ کاری ئیسلامی و سیاسی، واز لە فەرمانبەرێتی دەهێنێت و دەست دەکات بە کاری سیاسی، خاوەنی ڕەخنەو پێشنیار و چارەسەری گرفتەکان بوە، هەروەها کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی و خاکی بوە، لەناو هاوڕێ و ناسراوەکانیدا ناسراو بوە بە پیاوی بوێر و ئەرکە سەختەکان، لەهەمان کاتدا بانگخوازێکی سەرکەوتو بوە لە کوردستان بە گشتی و سلێمانی و هەڵەبجە بەتایبەت، لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ڕۆڵێکی دیاری هەبوە، بەهۆی پەرۆشی و حەزی زۆری بۆ خوێندن لە ساڵی 2004، دوبارە دەستی کردۆتەوە بە خوێندن و بوە خوێندکاری ماستەر لە الأمام الأعظم، دەیویست لەژێر ناونیشانی (دەوڵەتی دەستوری ئیسلامیدا) ماستەرەکەی بەدەست بهێنێت، لەژێر سەرپەرشتی پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی، بەڵام لە کۆتاییەکانی خوێندندا مەرگ مەودای نەدا، لە یەکەم هەڵبژاردنی دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسدا، بە ئەندام پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا، وە ئەندامی لیژنەی ئابوری پەرلەمانی عێراق بوو، لە پەرلەمانیشدا هەر لە خەمی خەڵکی کوردستان و هەڵەبجەدا بوو، وەک وەفایەک بۆ شاری هەڵەبجە دوو ڕۆژ پێش وەفاتی لە 2005-08-08، داواکاریەکانی هەڵەبجەی لە دووتوێی یاداشتێکی 10 پەڕەیی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، بۆ ئاوەدان کردنەوەی هەڵەبجە لە هەموو ڕویەکەوە، لە 2005-08-10 کۆچی دوایی کردو ماڵئاوای کرد.[1]