بەگوێرەی ئەو وێنانەی کە دەست تۆڕەکەمان کەوتوە، لە کاتی سەردانی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان، سەرۆک وەزیران و کوڕەکەی ڕەفتارێکی ناتەندروستیان نواندوە.
وەکو لە وێنەیەدا دەردەکەوێ کە لێرە بڵاومانکردوەتەوە، #مەسرور بارزانی# و کوڕەکەی دەبینرێن کە پێشوازی لە پاپای ڤاتیکان دەکەن. ئەوەی جێگای شۆک و سەرسوڕمانە ئەوەیە کە نە سەرۆک وەزیران و نە کوڕەکەیشی دەمامک و دەستکێشیان بەکارنەهێناوە.
لەمانەش خراپتر، هەم مەسرور بارزانی وهەم کوڕەکەی زۆر لە پاپا نزیکبونەوتەوە بەجۆرێک کە هەناسەیان تێکەڵاوی یەکتر بوە.
ئەم ڕەفتارە ناتەندروستە لە کاتێکدایە کە سەرۆک وەزیران بە بەردەوامی ئامۆژگاری خەڵک دەکات کە گوایە خۆپارێزی بکەن. مەسرور بارزانی لە چەندین بۆنەدا داوای کردوە کە قەڕەباڵەغی دروستنەکرێ و دەمامک بەکاربهێنرێ. بەڵام وەکو لە وێنەکەدا دیارە، خۆی پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان نەبوە و جۆرێک لە ناکۆکی لە نێوان گوفتار و ڕەفتاریدا هەیە.
ئەم هەڵسوکەوتەی مەسرور بارزانی جگە لەوەی لە ڕووی تەندروستیەوە نەشیاوە، هاوکات جێگای گومانیشە. گومانەکان لەوەوە سەرچاودەگرن کە جۆرێک بێمنەتی بە ڕەفتارەکەی سەرۆک وەزیرانەوە دیارە. ئەم جۆرە بێمنەتیە لە بەرامبەر مەترسی کۆرۆنا کە ئێستا لە کوردستاندا لە هەڵکشاندایە جێگای گومان و پرسیاریشە.
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ سەرۆک وەزیران و کوڕەکەی پێش هەمو خەڵک ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە بۆیە ئاواهی بێمنەتن و بەبێ دەمامک و دەستکێش و ڕاگرتنی دوری لە خەڵکی دیکە نزیکدەنبەوە و تەوقە دەکەن!!؟
ئێمە داوا لە سەرۆک وەزیران دەکەین کە داوای لێبوردن بکات لە بەرامبەر پابەندنەبونی خۆی و کورەکەی بە ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە. هاوکات داوایشی لێ دەکەین کە ڕوونکردنەوە بڵاوکاتەوە لەسەر ئەوەی ئایا خۆی یا خێزانەکەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە یا نا؟
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
#09-03-2021#